بە کردنەوەی ڕێگایەک کار بۆ زیاتر لە ٢٠٠ کەس گەڕایەوە

بە كردنەوەی ڕێگای سەرەکیی نێوان كەركوك- هەولێر، زۆرێک لە دووکانی سەر شەقامەکە کرانەوە و کار گەڕایەوە بۆ زیاتر لە ٢٠٠ کەس، کە بە هۆی داخستنی ڕێگاكەوە بێ كار بووبوون.


لەسەر ڕێگای كەركوك- هەولێر زیاتر لە ٢٠٠سوێنی کار هەن، كە بریتین لە دوكانی فیتەریی و چێشتخانەوە دوكانی ئاسایی، دوای داخستنی ڕێگاكە، بەهۆی تەقاندنەوەی پردی پردێ-وە لە ١٨/ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧، خاوەن و کرێکارەکان  بێ كار بوون، ئێستاش لەگەڵ كردنەوە ڕێگاكە كار دەگەڕێتەوە بۆ ژمارەیەکی زۆر لەو کەسانە.

دوای ڕێککەوتنی حکومەتی هەرێم و عێراق، ڕۆژی ١٩/ئاب-ی ئەمساڵ، ڕێگاکە کرایەوە و دووکاندارەکانیش وردە وردە دەست بە کردنەوەی دووکانەکانیان دەکەن، کە لە ئێستادا زیاتر لە ١٠٠ دووکان کراونەتەوە.

محەمەد هەڵۆ، هاوڵاتیەكی ڕۆژئاوای كوردستانە و لەسەر ئەو ڕێگایە کاری فیتەریی دەکات،  بەهۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێل بەو ڕێگایەدا تێدەپەڕن، شۆفێرەکان بۆ چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلەکانیان سەردانیان دەکەن.

سەبارەت بە کارەکانیان لە ئێستادا بە بەروارد بە ڕابردوو، محەمەد، بە ڕۆژنیوزی وت:"بە بەراورد بە پێش ١٦ی ئۆكتۆبەر كارمان باش نییە، بەڵام ئێستا دەتوانم بڵێم ٦٠٪ كارەكانمان گەڕانەوەوەتەوە دۆخی ئاسایی خۆی".

هەروەها، هێمن وەهاب، خاوەن دووکان، بۆ ڕۆژنیوز ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە ئێستا گەشتیاری زۆر لەو ڕێگایەوە ڕوو لە شارەكانی هەرێم ، بۆ ئەو مەبەستەش بۆ كڕینی پێداویستیی سەردانی ئەوان دەکەن، بۆیە دووکانەکانیان کردووەتەوە.

کردنەوەی ڕێگاکە و دووکانەکان تەنیا بۆ کرێکار و خاوەن کار سودمەند نییە، بەڵکو ئاسانکاریی بۆ گەشتیاران و هاتووچۆکەران-یش دەکات، سامر یونس، هاوڵاتییەكی عەرەب و شوفێری ئۆتۆمبێلی بارەهەڵگرەوە و لەو بارەوەیەوە بۆ رۆژنیوز دەڵێت: من ئێستا تایەی ئۆتۆمبێلەكەم كێشەی تیایە، لێرە لامداوە تا تایەی ئۆتۆمبێلەكەم چاك دەكەنەوە نان لە چێشتخانە دەخۆم و پێداویستەكانیشم دەكڕم، بۆیە کردنەوەی ڕێگاکە ئاساکنکاریی بۆ هەموومان کردووە.

جێگای وەبیرهێنانەوەیە، ڕۆژی ١٨ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو، لەکاتی ڕووبەڕووبوونەوەی حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەکان و هێزی پێشمەرگە لە سنووری شارەدێی پردێ، پردی پردێ تەقێندرایەوە، کە دواتر حکومەتی عێراق ڕایگەیاند، لەلایەن پێشمەرگەوە تەقێندراوەتەوە، بەو هۆیەوە ڕێگای هاتووچۆی كەركوك و شارەكانی باشور و ناوەڕاستی عێراق بۆ هەولێر داخرا.

لەدوای تەقاندنەوەی پردەکەوە هاتووچۆکردن لەو ڕێگایەوە ڕاگیرا و هاوڵاتیان لە شارەدێی تەقتەق-ی سەربە شارۆچکەی کۆیەوە هاتووچۆیان دەکرد، ئەوەش کاتێکی زۆرتری دەویست و قەرەباڵغیی زۆریشی دروستکردبوو، تا سەر ئەنجام هەردوولا رێککەوتن لەسەر چاککردنەوەی و عێراق خەرجی چاککردنەوەکەی لە ئەستۆ گرت.

ش.ف/س