تا ئێستا ٢٥ ملیۆن کەس بەهۆی کۆرۆناوە کارەکانیان لەدەستداوە

نەتەوەیەکگرتووەکان ئاشکرایکرد، ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ ڕێژەی بێکاری بەشێوەیەکی بەربڵاو لە جیهاندا زیادکردووە بەشێوەیەک ٢٥ ملیۆن کەس بەهۆی کۆرۆناوە کارەکانیان لەدەستداوە، زیانە ماددیەکانیش تا کۆتایی ئەمساڵ بە سێ ترلیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێن.


بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان کە ئەمڕۆ بڵاویکردووەتەوە، ٢٥ ملیۆن کەس لە سەرانسەری جیهاندا لە کارەکانیان دابڕاون یان لەدەستیانداوە، ئەوەش وایکردووە کاریگەریی لەسەر داهاتی ژیانی ڕۆژانەیان دروست ببێت.

ڕێکخراوەکە هۆشداریی ئەوەی داوە کە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، قەیرانی دارایی جیهانی بەرپا کردووە و کاریگەریی لەسەر بازاڕی کار دروستکردووە.

هەروەها دەڵێت، ڤایرۆسەکە قەیرانی تەندروستی بۆ خەڵک دروست نەکردووە، بەڵکو قەیرانی بازاڕی کار و قەیرانی ئابووری دروستکردووە و ڕێژەیەکی زۆر بەتاڵەو بێکاری بەرپا کردووە.

بەپێی پێشبینیەکانی ڕێکخراوەکە، ڤایرۆسەکە هەر بەوەندە خەڵکەوە ناوەستێت، بەڵکو دەبێتە هۆی بێکاربوونی پێنج ملیۆن و ٣٠٠ هەزار کەسی دیکەش، هەروەها دەڵێت قەیرانەکە لە خراپترین دۆخدایەو زەرەرمەندی یەکەم کرێکارانن.

ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوەشدەکات، بەراورد بە قەیرانی دارایی ساڵی ٢٠٠٨ ڕێژەی بێکاریی ٢٢ ملیۆن کەس زیادیکردووە، لەگەڵ ئەوەشدا کرێی کار و کاتژمێری کارکردن کەمبووەتەوە.

نەتەوەیە یەکگرتووەکان ڕاشیگەیاندووە، قەبارەی زیانەکانی ئەم ڤایرۆسە بە ٨٦٠ ملیار بۆ سێ ترلیۆن و ٤٠٠ ملیار دۆلار مەزەندە بکرێت تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠.

د.ع