تمەن لە هەڵدێری دابەزیندایە

چەند مانگێک پێش ئێستا لە کاتێکدا بەهای دۆلار بۆ یەکەم جار گەیشتە پێنج هەزار تمەن، هاوڵاتیانی ئێران نوکتەیان دروستدەکرد، کە بەیانییەکی هەڵدەستن لە خەو و دەبینن دۆلار بووە بە ١٥ هەزار تمەن، ئەم بەیانییە ئەو کابوسەی هاوڵاتیانی ئێران هاتەدی.


لە کاتێکدا کە تمەن دوێنێ و پێرێ ڕیکۆردی داکشانی شکاندبوو, پێدەچوو لەوە زیاتر دانەبەزێت، ئەمڕۆ بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو دیسانەوە دابەزی و هەر دۆلارێک تا ١٥ هەزار تمەن مامەڵەی پێکرا.

سەرنجڕاکێشە کە بەپێی داکشانی بەهای تمەن، نرخی هەندێک لە کاڵا سەرەکییەکان لە بازاڕەکانی ئێراندا، بەتایبەتی ئەوانەی وا لە دەرەوە هاوردە دەکرێن بەرزدەبێتەوە، یان ئەوەی هیچ دەست ناکەون.

هەروەها مەترسی هەیە، کە کۆمپانیاکانی هاوردەکردنی کاڵا لە دەرەوە کاڵاکانیان لە کۆگاکاندا ڕاگرن و نەیخەنە بازاڕەوە، بەو شێوەیە مەترسیی کاڵا دەست نەکەوتنیش دێتە سەر ڕێگای ژیانی خەڵکی ئێران.

لە دۆخێکی وەهادا نیگەرانکەرتر لە هەموو کێشەکان، کێشەی بەرزبوونەوەی بەهای دەرمانی چارەسەرییە، کە ئەوەش گیانی چەندین ملیۆن نەخۆشی خستووەتە مەترسیی جدییەوە، لەبەرامبەردا دەسەڵاتی ئەو وڵاتەش هیچ باکێکی نییە.

س.ح