ته‌رمی كچه‌كه‌ی قازی محه‌مه‌د لە کەلار بەخاک سپێردرا

لەسەر وەسیەتی خۆی، تەرمی مریەم قازی محەمەد لە گۆڕستانی کەلاری کۆن و لەتەنیشت گڵکۆی هاوسەرەکەیەوە بەخاک سپێردرا.


دوای ئەوەی ئەمرۆ لەڕێگای فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانییەوە تەرمەکەی لە وڵاتی ئوردنەوە گەڕێندرایەوە بۆ هەرێمی کوردستان، لە گۆڕستانی کەلاری کۆن لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، تەرمی مریەم قازی محەمەد لەتەنیشت گڵکۆی هاوسەرکەی'سەردار جاف'ەوە بەخاک سپێردرا.

مریەم-ی کچی پێشەوا قازی محەمەد نزیکەی ١٥ ڕۆژ پێش ئێستا بەهۆی نەخۆشییەوە لە نەخۆشخانەیەکی وڵاتی ئوردن کۆچی دوایی کرد و لەسەر وەسێتی خۆی لەتەنیشت گڵکۆی هاوسەرەکەیەوە ئەسپەردەی خاک کرا.

بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەدەغەکردنی مەراسییم و پرسە لە هەرێمی کوردستان، هیچ مەراسیمێک بۆ ناشتنی تەرمی مریەم قازی محەمەد بەڕێوەنەچوو، تەنیا ژمارەیەکی کەم لە کەسوکاری خۆی و سەردار جافی هاوسەری ئامادەبوون.

حسێن جاف، یەکێک لە کەسە نزیکەکانی سەردار جاف بە ڕۆژنیوزی وت: کەسوکاری کۆچکردوو، دوای ناشتنی تەرمەکە گەڕانەوە شاری هەولێر و بڕیارە دوای ئاسایی بوونەوەی دۆخەکە و نەمانی مەترسیی کۆرۆنا، لە هەولێر پرسەی بۆ دابنێین.

ش.ف