تورکیا هاوردەکردنی نەوتی ئێرانی ڕاگرتووە

دەوڵەتی تورک ڕایگەیاندووە پێچەوانەی خواستی خۆی و بۆ ڕێزلێنان لە سیاسەتی گەمارۆی نەوتی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە، نزیکەی مانگێکە هاوردەکردنی نەوتی ئێرانی ڕاگرتووە.


لەکاتێکدا دەوڵەتی ئێران سەرەڕای ئاڵۆزییەکانی لەگەڵ ئەمریکا، لە بواری ئابوورییش بە تایبەت فرۆشتنی نەوت تووشی قەیران بووە، فرانس پرێس دوێنێ لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرایکردووە، کە دەوڵەتی تورک لە دەستپێکی ئەم مانگەوە هاوردەکردنی نەوتی ئێرانی ڕاگرتووە.

بەپێی ڕاپۆرتەکە کاربەدەستانی تورک ڕایانگەیاندووە: لەگەڵ ئەوەی هاوڕای گەمارۆکانی ئەمریکا بۆسەر ئێران نیین، بەپێچەوانەی خواستی خۆمان و بۆ ڕێزلێنان لە سیاسەتەکانی گەمارۆی نەوتی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە لە دەستپێکی ئەم مانگەوە هاوردە کردنی نەوتی ئێرانمان ڕاگرتووە.

تورکیا یەکێک لە کڕیارە سەرەکییەکانی نەوتی ئێران و یەکێک لەو هەشت وڵاتە بوو، کە بۆ ماوەی شەش مانگ لێخۆشبوونی لە ئەمریکا وەرگرت بۆ هاوردەکردنی نەوتی ئێران، سەرەڕای هەموو هەوڵەکانی تورکیا بۆ وەرگرتنی دووبارەی ئەو لێخۆشبوونە، بەڵام ئەمریکا مانگێک لەمەوبەر ئەو لێخۆشبوونەی بۆ هەر هەشت وڵاتەکەی لابرد و درێژی نەکردەوە.

لە ڕۆژانی ڕابردووش هەواڵی ئەوە بڵاو بووەوە کە دەوڵەتی تورک بەندەرەکانی بەڕووی کەشتییە نەوتبەرەکانی ئێرانی داخستووە.

ش.ف