تورکیا چوار مانگە داهاتی نەوتی بۆ هەرێم نەگەڕاندووەتەوە

پەرلەمانتارانی عێراق ئاشکرای دەکەن، تورکیا داهاتی چوار مانگی نەوتی هەرێمی کوردستانی نەگەڕاندووەتەوە و ئەمەش بە هۆکاری دابەشنەکردنی مووچەی دوو مانگی مووچەخۆران ناودەبەن، پەرلەمانتارێکی هەرێمیش دەڵێت، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان وەڵامی پرسیارەکانیان لەوبارەیەوە ناداتەوە.


بەپێی لێدوانی هەریەک لە سەرکەوت شەمسەدین و ئەحمەدی حاجی ڕەشید، ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ماوەی چوار مانگە حکومەتی هەرێمی کوردستان داهاتی نەوتی لە تورکیاوە بۆ نەگەڕاوەتەوە، ڕۆژنیوز لەم بەدواداچوونەدا وردەکاریی زیاتر دەخاتەڕوو.

سەرکەوت شەمسەدین، ڕایگەیاند "تا ئێستا ئاگاداری هۆکاری نەگەڕاندنەوەی ئەو داهاتە نین، چونکە حکومەتی هەرێم ناڕاستگۆ و ناشەفافە و ئێمە ناتوانین هیچ زانیارییەکی دروستی لێوەربگرین، ئەوەی بەدەستمان گەیشتووە باس لەوە دەکەن کە چوار مانگە تورکیا داهاتی نەوتی فرۆشراوی هەرێمی کوردستانی نەناردووە".

بەگوێرەی زانیارییەکانی سەرکەوت شەمسەدین، "بەشێکی پەیوەندی بە مەترسیی تورکیاوە هەیە لەو کەیسەی، کە عێراق لە ژووری بارزگانیی نێودەوڵەتیی لەدژی جوڵاندوویەتی".

بڕیاربوو ڕۆژی ٢٦/٤/٢٠١٩، لە ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی (icc)لە پاریس-ی پایتەختی فەرەنسا، دانیشتنی دادگا لەسەر سکاڵایەکی عێراق دژ بە دەوڵەتی تورکیا ئەنجامبدرایە، کە لە ساڵی ٢٠١٤ دا و لەسەردەمی کابینەکەی نوری مالیکی لەبەرامبەر ڕەوانەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە بەبێ ڕەزامەندیی حکومەتی عێراق تۆماری کردووە، بەڵام دانیشتنەکە بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی، کە پێشتر لە د.غالب محەمەد، پەرلەمانتاری عێراق وەرمانگرتبوو، حکومەتی عێراق داوای ٢٦ ملیار دۆلار قەرەبووی لە دەوڵەتی تورک کردووە، لەبەرامبەر ئەوەی کە بەبێ ڕاوێژکردن بە حکومەتی عێراق، نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردەی بەندەری جەیهان کردووە، ئەگەریش حکومەتی عێراق کەیسەکەی لە دادگا بباتەوە، ئەوا تورکیا پابەند دەکرێت بە بژاردنی ئەو بڕە پارەوە.

بەڵام سەرکەوت شەمسەدین، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ، وتی، کە "بڕی قەرەبووەکە ٢٤ ملیارد دۆلارە و ئاشکراشی کرد، "بەرپرسانی تورکیا ڕاستەوخۆ و بەڕاشکاویی بە عێراقیان وتووە، کە ئەگەر لەو کەیسەدا تورکیا ناچاربکرێت قەرەبووی عێراق بکاتەوە، ئەوا یەک دۆلاری خۆیان نایدەن و هەموو ئەو پارەیە لە داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان دەدەن، بەمەش داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان بەتەواویی دەکەوێتە دەستی تورکیا و یەک دۆلار بۆ هەرێمی کوردستان ناگێڕنەوە".

بەوتەی عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، لەئێستادا هەرێمی کوردستان ڕۆژانە ٤٢٠ هەزار بەرمیل نەوت ڕەوانەی بەندەری جەیهان دەکات و لە فرۆشتنی هەر بەرمیلێک نەوت ٢٣ دۆلاری بۆ دەمێنێتەوە، لەکاتێکدا نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا نزیکەی ٧٠ دۆلارە، بەگوێرەی ئەوەش کۆی داهاتی مانگانەی فرۆشتنی نەوت ٢٨٩ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار دۆلارە، واتا نزیکەی٣٥٠ ملیارد دینار.

بەوپێیە داهاتی چوار مانگی نەوتی هەرێم، کە دەکاتە یەک ملیارد و ١٥٩ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار دۆلار، لەلایەن تورکیاوە بۆ هەرێم نەگەڕاوەتەوە.

نەگەرانەوەی ئەو داهاتە بووەتە هۆی دابەشنەکردنی مووچەی دوو مانگی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، چونکە حکومەتی عێراق مانگانە ٥٢٢ ملیار دینار دەنێرێت بۆ مووچە، لەکاتێکدا حکومەتی هەرێم مانگانە بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران، پێویستی بە زیاتر لە ٨٥٠ ملیار دینار هەیە و لە داهاتی نەوت مووچەی فەرمانبەران تەواو دەکات.

سەرکەوت شەمسەدین، لەو بارەیەوە وتی: عێراق مووچەی چوار مانگی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی ناردووە، بەڵام تا ئێستا حکومەتی هەرێم تەنها دوو مووچەی لێ دابەشکردووە، ئەوەش بەهۆی ئەوەوەیە، کە ئەو پارەیەی کە هەرێمی کوردستان لە داهاتی نەوت بۆ مووچە دابینیدەکات، نەرگەڕاوەتەوە بۆی.

ئایا پەرلەمانی هەرێم ئاگاداری دۆخەکەیە؟

د.شێرکۆ جەودەت، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی لە پەرلەمانی هەرێم، وەک خۆی باسیکرد، لە میدیاکانەوە هەواڵی نەگەڕانەوەی داهاتی نەوتی لە تورکیاوە بۆ هەرێم بیستووە و ڕایگەیاند:"هیچ بەڵگەیەکمان بەدەستەوە نییە، ئەوە پشتڕاست بکاتەوە".

 شێرکۆ جەوت، ڕاشیگەیاند: لەسەر ئەو بابەتە پەیوەندیمان بە وەزارەتەکانی دارایی و سامانە سروشتییەکانەوە کردووە، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان تا ئێستا وەڵامیان نەداوینەتەوە، وەزارەتی دارایی-ش دەڵێن ئێمە مانگانە پارەی مووچەمان بۆ هاتووە و ئاگاداری بابەتێکی لەو شێوەیە نین.

ئایا تورکیا دەتوانێت لە داهاتی نەوتی هەرێم قەرەبووی عێراق بکاتەوە؟

چیا نەجمەدین، خاوەن بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە ئابووریی و ماستەر لە یاسای تایبەت، لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا وتی:"لەڕووی یاساییەوە هەرگیز دەوڵەتێک بۆی نییە داهاتی دەوڵەتێکی دیکە قۆرخ بکات و دەستی بەسەردا بگرێت، بەڵام ئەم پەیوەندییەی کە لە نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان هەبووە، پەیوەندییەکی یاسایی نەبووە و وایکردووە زۆر بە ئاسانیی دەوڵەتی تورکیا بتوانێت نەک هەر داهاتەی نەوت قۆرخ بکات، بەڵکو دەتوانێت فشاریش لە هەرێمی کوردستان بکات بۆ ئەوەی نەوتێکی زیاتریش بنێرێت و داهاتێکی زیاتر بۆ دەوڵەتی تورکیا کۆبکاتەوە".

سەبارەت بە گرتنەبەری ڕێکاری یاسایش لە حاڵەتێکدا ئەگەر هاتوو تورکیا دەست بەسەر داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستاندا بگرێت، چیا نەجمەدین، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، کە هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدایە، ئەگەر بیەوێت بگەڕێتەوە بۆ گرتنەبەری یاسا نێودەوڵەتییەکان، دەبێت بگەڕێتەوە بۆ بەغدا، چونکە تەنها دەوڵەت دەتوانێت کار لەسەر یاسای نێودەوڵەتیی بکات.

ئەو یاساناسە، پێیوانییە، کە هەرێمی کوردستان ئامادەبێت بگەڕێتەوە بۆ عێراق، کە ئەوە لە بەرژەوەندیی گشتیی عێراق و خەڵکی هەرێمی کوردستانیشدایە، "ئەوان کار لەپێناو بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی خۆیان دەکەن".

ش.ف