جموجوڵی بازرگانیی لەنێوان ئێران و هەرێمی کوردستان ڕادەگیرێت

بەبۆنەی پشووی ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزانەوە، لە ئەمشەوەوە جموجوڵی بازرگانیی لە مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ و مەرزی شوشمێ-وە ڕادەگیرێت و هاتووچۆی گەشتیارانیش ئاسایی دەبێت.


بەبۆنەی پشووی جەژنی ڕەمەزانەوە، لە كاتژمێر ١٢:٠٠ ی ئەمشەوەوە، جموجوڵی بازرگانیی لەمەرزی نێودەوڵەتیی باشماخ لە شارۆچکەی پێنجوێن-ی سەر بە پارێزگای سلێمانی و مەرزی شۆشمێ-ی سەر بە شارەدێی بیارە لە پارێزگای هەڵەبجە ڕادەگیرێت.

زانا ڕەحمان، قایمقامی شارۆچكەی پێنجوێن، بەڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: بەمەبەستی دروستنەبوونی قەرەباڵخی لە مەرزی باشماخ و وەك كارئاسانییەك بۆ هاتووچۆی گەشتیاران، بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنی ئێرانی، بڕیارماندا كە لە كاتژمێر ١٢:٠٠ ی ئەمشەوەوە جموجوڵی بازرگانیی لە مەرزەكە ڕابگرین.

ئاماژی بەوەشكرد، ڕاگرتنی جموجوڵی بازرگانیی بۆ ماوەی یەك ڕۆژ بەردەوامدەبێت، بەڵام هاتووچۆی گەشتیاران لە یەكەم ڕۆژی جەژنەوە ئاسایی دەبێت و هەموو ئامادەكارییەكیش كراوە بۆ پێشوازیكردن لە گەشتیاران.

لەلایەکی دیکەشەوە، حەمید بارام، بەڕێوەبەری شارەدێی بیارە-ی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە، بە ڕۆژنیوزی وت: لە ئێوارەی ئەمڕۆوە بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ جموجوڵی بازرگانیی لە مەرزی شۆشمێ‌ لە شارەدێی تەوێڵە ڕادەگیرێت و ڕۆژی سێ‌ شەممە جموجوڵی بازرگانیی ئاسایی دەبێتەوە.

ب.ل/هـ