جموجوڵی بازرگانیی نێوان ئێران و هەرێم ئاساییە

سەرباری دەستپێکردنی گەڕی دووەمی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، جموجوڵی بازرگانیی لە خاڵە سنوورییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان ئاساییە.


بەپێی لێدوانێکی مایک پۆیمپۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و ستیڤن مەنوچین، وەزیری خەزێنەکانی ئەمریکا، کە کۆشکی سپیی بڵاویکردووەتەوە، کاتژمێر ٨:٠٠ی بەیانی ئەمڕۆ،گەڕی دووەمی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆسەر ئێران کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.

بەپێی لێدوانەکە، سزاکان کەرتە هەستیارەکانی ئابووریی ئێران دەکەنە ئامانج، وەکو وزە و هەناردەکردنی دەریایی و کەشتیسازیی و کەرتەکانی دارایی، بەڵام بوارە ژیانییەکانی خۆراک، دەرمان و پێداویستی پزیشکیی ناگرێتەوە.

لەبارەی جموجوڵی بازرگانیی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستانەوە، عەلی تۆفیق، سەرپەرشتیاری مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخان بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، کە جموجوڵی بازرگانیی لە مەرزی پەروێزخانەوە لەگەڵ ئێران ئاساییە و هیچ گرفتێک نییە.

دەربارەی ئەوەی کە هیچ ڕێنماییەکیان بۆ ڕاگرتنی جموجوڵی بازرگانیی پێگەیشتووە، ناوبراو ڕەتیکردەوە و وتی: هیچ شتێکمان بۆ ڕاگرتنی بازرگانیی لەگەڵ ئێران پێنەگەیشتووە، بەدڵنیاییەوە جموجوڵی بازرگانیی ئێران لەگەڵ عێراق و هەرێمیش ئاسایی دەبێت.

هەر لەوبارەیەوە، شاخەوان بەکر، بەڕێوبەری گومرگی مەزری باشماخ، ئەوەی بۆ ڕۆژنیوز خستەڕوو، کە جموجوڵی بازرگانیی لە مەرزەکەوە لەگەڵ ئێران ئاساییە و سانسۆر لەسەر هیچ جۆرە کەلوپەلێکیش نییە.

ئەمریکا دەستی هەشت وڵاتی لە کڕینی نەوتی ئێران و مامەڵەی بازرگانیی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا بە شێوەیەکی کاتیی واڵا کردووە، تا ئەو کاتەی سەرچاوەیەکی دیکە بۆ خۆیان دەدۆزنەوە، تا ئێستا ناوی هەندێک لەو وڵاتانە ئاشکرا کراوە، کە هندیستان، چین، کوریای باشور، ئیتاڵیا و ژاپۆن لەخۆ دەگرێت، پێدەچێت عێراقیش بە یەکێک لەو وڵاتانە هەژمار کرابێت، بەڵام هێشتا بەشێوەیەکی فەرمیی یەکلایی نەکراوەتەوە.

ش.ف