جوتیارانی شارەزوور بەشێك لەبەرهەمەكانیان فڕێدەدەن

لە شارەزوور وەرزی چنینی پاقلە و كولەكەیە، بەشێك لە جوتیارانیش بەهۆی ئەوەی بەرهەمی كولەكەیان پارە ناكات فڕێیدەدەن، جوتیاران داواكارن لەحكومەت ڕێگە لەهاوردەكردنی بەرهەمی دەرەكی بگرێت، بۆ ئەوەی بەرهەمی ناوخۆیی ساغ بێتەوە.


لەگەڵ ئەوەی جوتیارانی هەرێمی کوردستان، لە لایەن حکومەتەوە هیچ هاوکارییەک ناکرێن، ساڵانەش لەگەڵ پێگەیشتنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیان ڕووبەڕووی گرفتی ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان دەبن لە بازاڕدا، ئەوەش بەشێکی بەهۆی ئەوەیە کە ئەو بەرهەمانە لەدەرەوەی هەرێم هاوردەدەکرێن ئەوەش بووەتە هۆی زیانگەیاندن بە جوتیاران.

ناوچەی شارەزوور، لە سنوری پارێزگای سلێمانی دەشتێكی گەورەی بەپیتی كوردستانە، چەندین جۆر بەربوومی تێدا دەكرێت، وەك تەماتە، خەیار، بیبەر، باینجان، پیاز، سیر، كولەكە، دانەوێڵە، پاقلە جۆری ئیسپانی، مۆزی، سۆمەر، كوردی، سوریی تێدا دەكرێت، باشترینیان سورییە پاقلەكەی دوو دەنكی گەورەی تێدایە پاقلەیەكی خۆشە و جوان دەكوڵێت، لەبازاڕیشدا باش دەفرۆشرێت.

فەرەیدون فەتاح، یەکێک لە جوتیارانی دەشتی شارەزوورە و لەسەر کێڵگەکەی سەرقاڵی چنینی پاقلەکەی بوو بۆ ڕۆژنیوز، وتی "ئەم وەرزەی ئێمەی تێداین كاتی چنینی پاقلەیە، پاقلە لەكاتی سەرپەڵەی پایزدا دەچێنرێت، بەهۆی كەرەنتینەشەوە  ئەمساڵ كەمتر پاقلە  لەسنورەكانەوە داخڵی هەرێم بووە، نرخەکەی لەساڵانی ڕابردوو باشترە پارە دەكات كیلۆی لە ٣٠٠ بۆ ٦٠٠ دیناردایە، ئەگەر پارەش نەكات هەموو ساڵێك ئێمە هەر دەیكەین.

وتیشی، دەشتی شارەزوور خاكێكی زۆر بەپیتە، هەر چوار وەرزەكەی ساڵ دەتوانرێت هەموو بەرهەمێكی تێدا بەرهەم بێت، بەشی هەموو عێراق دەكات، بەمەرجێك حكومەت پشتگیری جوتیاران بكات، چونكە گرفتی جوتیاران ئەوەیە زۆربەی كات بەرهەمەكانمان ساغ نابێتەوە لەبازاڕەكاندا و پارە ناكات، لەئێستاشدا پاقلە پێگەیشتوە بەشێكی دەڕوات بۆ ناوچەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق، ئەگەر نەڕوات لەبازاڕەكانی ناوخۆدا ساغ نابێتەوە.

جەلال نامیق، جوتیارێكی دیکەیە و دانیشتووی گوندی مەستەكانی شارەزوورە، هاوشێوەی جوتیارەکەی پێشوو لەسەر کێڵگەکەی سەرقاڵی کۆکردنەوەی بەرهەمەکەی بوو کە كولەكەیە بەڵام نیگەرانە لەوەی کە بەرهەمەکەی لە بازاڕدا پارە ناکات و لەو بارەیەوە، وتی: "لە ئێستادا بەرهەمی كولەكەی ئەمساڵمان پێگەیشتووە، یەكەم بەریەتی كیلۆی ١٠٠ دینار ناکات لەبازاڕدا، بەهۆی ئەوەی لەدەرەوە زۆر هاوردە دەكرێت.

وتیشی: سێ‌ ڕۆژ لەبازاڕدا لەسەر عارەبانە گێڕام پارەی نەكرد نیوەیم فڕێداوە، ئەگەر حكومەتەكەمان حكومەت بێت، لەكاتی پێگەشتنی بەرهەمی ناوخۆدا نایەڵێت بەرهەمی دەرەكی هاوردە بكرێت، بۆ ئەوەی بەرهەمەكانی ئێمە ساغ بێتەوە زیانمان بەرنەكەوێت.

ئەو جوتیارە ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە "زۆربەی شتەكانمان بەقەرزهێناوە وەك سەماد و بۆری و تۆو، بەهۆی ئەوەی پارە ناكات تێچوەكەیمان بۆ دەرناكاتەوە، لەئێستاشدا بەرهەمەكەیمان  لێكردۆتەوە فڕێمان داوە".

سەرباری ئەو گرفتانە ئەو جوتیارە باسی لەوەشكرد، کە "وەزارەتی كشتوكاڵ تائێستا هیچ هاوكارییەكی نەكردوین، وەك یارمەتیمان نادات بەحكومەت بڵێت بەرهەمی دەرەكی هاوردە نەكرێت بۆ ئەوەی بەرهەمی جوتیاران ساغ بێتەوە".

ک.س