جوتیارانی گەرمیان: بەرهەمەکانمان بە حکومەت نافرۆشین

لە سنوری ئیدارەی گەرمیان وەرزی دروێنەکردنی جۆ وگەنم دەستیپێکردووە، جوتیاران لە بەرهەمی ئەمساڵیان ڕازین، بەڵام ئاماژە بەوەدەکەن، "پارەی بەرهەمی سێ ساڵمان لای حکومەتە و متمانەمان نەماوە، بۆیە بەرهەمەکانمان بە حکومەت نافرۆشین و بە ناچاری لە بازاڕدا بە نیوەی نرخ دەیفرۆشین" حکومەتی ناوەندیش وەرگرتنی گەنمی هەرێمی کەم کردوەتەوە.


بەپێی ئامار و زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی گەرمیان، لە سنوری ئیدارەی گەرمیان، ملیۆنێک و چوارسەد هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی هەیە، لەو ڕێژەیە ١١١هەزاری زەوی بەراوە و ئەوەی دیکەی دێمی-یە، لە ئێستادا وەرزی دروێنەکردنی جۆ دەستی پێکردووە و لە هەندێک ناوچەش گەنم، دەستیپێکردووە، ئەمە لە کاتێکدایە، هێشتا پارەی بەرهەمی جوتیارانی ساڵی ٢٠١٤و ٢٠١٥ و ٢٠١٦ لەلای حکومەتی ناوەند ماوە و نەدراوە، لەو بارەیەوە بەشێک لە جوتیارانی گەرمیان و بەڕێوەبەری کشتوکاڵی گەرمیان بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

ئەیوب ئەنوەر، جوتیارێکی گوندی کارێزە لەگەرمیان وتی: ئەمساڵ لە ڕووی ڕێژەی بەرهەمی دانەوێڵەوە، ڕێژەکەی زۆر زۆر و باش بوو، بەڵام بەهۆی باران بارین و تەرزەی زۆرەوە باڵای گوڵەکان شکاون و بۆ دروێنەکردن کەمێک زەحمەتە، هەروەها گژوگیای زیادەی زۆر تێدا سەوزبووە، ئێمە لە بازاڕی ڕەشدا تۆومان تەنی بە ٦٠٠ هەزار کڕیوە، سەرەڕای ئەو هەموو مەینەتی و زەحمەتییەش کە دەیبینین بۆ بەرهەمهێنانی، لە ئێستادا لە بازاڕدا تەنی ٣٠٠ بۆ ٣٥٠هەزار زیاتر ناکات و ناچاریشین بەوشێوەیە بیفرۆشین چونکە متمانەمان بە حکومەت نییە و بەرهەمەکانمانی پێ نافرۆشین، تا ئێستا پارەی سێ ساڵمان لای حکومەتە و پێی نەداوین.

ناسیح کەریم، جوتیارێکی دیکەی سنوری ئیدارەی گەرمیانە و دانیشتووی گوندی فەتاح ئۆمەرە وتی: ساڵی پار بەهۆی بێ بارانی و وشکەساڵییەوە جوتیارانی گەرمیان، زەرەرێکی زۆریانکرد بەشێکیان هیچ بەرهەمێکیان نەبوو ئەوەشی هەیبوو زەرەری لێکرد، لە کرێی گواستنەوەی بۆ شار و تۆم و جوتکردنی و کڕینی کیمیاوی و کرێی دەڕاسە و دروێنەکردنی، بەڵام ئەمساڵ بەپێچەوانەوە بەهۆی تەڕی ساڵەکەیەوە ساڵێکی هات بوو و بەرهەمی جوتیاران زۆر باش بوو، بەڵام بەهۆی بارینی تەرزەوە نزیکی حەوت گوند بەرهەمەکانیان لەناوچوون کە زیاتر جۆ بوو.

ئەو جوتیارە وتیشی: بەشێوەیەکی گشتی کشتوکاڵکردن لە وڵاتی ئێمەدا زۆر زەحمەتە، سەرەڕای ئەو زەحمەتیانەی کە جوتیار دەیبینێت تا هێنانە بەرهەمی دەغڵودانەکەی، ساغبوونەوە نییە لە وڵاتی ئێمەدا، ئێمە ناتوانین چاوەڕێی سایلۆ بکەین و بەرهەمەکانمان بە حکومەت بفرۆشین، بۆیە لە بازاڕدا بە نیوە نرخ بە بازرگانەکان دەیفرۆشین.

کشتوکاڵی گەرمیانیش جەختدەکاتەوە کە بەرهەمی جوتیاران بەراورد بە ساڵانی پێشوو ئەمساڵ باش بووە لەو بارەیەوە، شادییە حسێن، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی گەرمیان بۆ ڕۆژنیوز وتی: ڕەوشی کشتوکاڵ لە گەرمیان بەراورد بە ساڵانیتر لە ئاستێکی زۆر بەرزدایە و زۆر باشە، بەڵام بەراورد بەساڵان ڕێژەی ئەو دانەوێڵەیەی کە حکومەتی عێراق دیاریکردووە لە هەرێمی بکڕێت بۆ ئەمساڵ یەک لەسەر سێی ساڵانی دیکەیە، بۆ ئەم ساڵ بۆ تەواوی هەرێمی کوردستان، بڕی ٣٤٠ هەزار تەنی داناوە، لەو بڕەش گەرمیان تەنها ٢٨هەزار تەنی لێوەردەگیرێت، لە کاتێکدا بەرهەمی جوتیارانی گەرمیان لە نێوان ١٠٠ بۆ ١٥٠ هەزار تەندایە، کە ئەم بڕە بۆ هەرێم و گەرمیانیش بەراورد بە بەرهەمی جوتیاران زۆر کەمە.

وتیشی: ئێمە بۆ ئەو بابەتە چ لە ڕێگای حکومەتی خۆجێی و چ لە ڕێگای پارێزگای سلێمانییەوە هەوڵمانداوە کە ئەو ڕێژەیە بۆ گەرمیان زیادبکرێت چونکە ناوچە دابڕێنراوەکانیشمان بەسەرەوەیە، ئەگەر وابێت زۆربەی بەرهەمەکان ساغ نابنەوە، سەبارەت بەوەرگرتنەوەی پارەی ئەو سێ ساڵەی جوتیارانیش هەوڵی تەواوی بۆ دراوە و جوتیاران لەو کەیسەدا لە دادگا براوەن بەڵام تەمیزکراوەتەوە و ئێمەش چاوەڕێی ئەنجامین.  

ک.س