جوتیاران ڕێگای سەرەكیی سەیدسادق – پێنجوێن دادەخەن

لە بەرامبەر خەرجنەكردنی پارەی گەنم، جوتیارانی سنووری شارۆچكەی سەیدسادق دەستیان بە خۆپیشاندان کرد و ڕێگای سەرەكیی پێنجوێن – سەیدسادق-ییان داخست دەشڵێن:"تا پارەكانمان بۆ خەرج نەكرێت ڕێگاکە ناکەنەوە".


پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەبەردەم سایلۆی سەیدسادق لە نزیك گوندی شانەدەری سەر بە شارۆچكەی سەیدسادق لە پارێزگای سلێمانی، جوتیارانی سنوورەكە دەستیان بە خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی كرد.

ئەو جوتیارانە، هۆكاری ئەو ناڕەزایەتییەی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی، كە دوای هەوڵێكی زۆری خۆیان توانیویانە بەغدا ڕازیی بكەن بە ناردنی پارەی گەنمی جوتیارانی سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان، هەر خۆشیان چوون لیستی ناوەكان و چەكی پارەكانیان هێناوەتەوە بۆ بانکەکانی سلێمانی و بڕیاربوو لەم هەفتەیەدا دابەش بكرێت، بەڵام دابەشی ناکەن.

خۆپیشاندەران، ڕوونیانکردەوە، کە بانکەکان بە فەرمانی عەلی سندی، وەزیری بازرگانیی بەوەکالەت دابەشکردنی پارەی ئەو جوتیارانەی ڕاگرتووە، تا ئەوکاتەی پارەی جوتیارانی هەولێر و دهۆک-یش خەرج دەکرێت، بەڵام ئەوان بەرپرسانی سایلۆكانی هەولێر و دهۆك-یان بە کەمتەرخەم ناوبرد، کە نەیانتوانیوە لیستی ناوی جوتیاران وەک سلێمانی و گەرمیان ئامادە بکەن.

هەرروەها، ڕایانگەیاند، بڕی پارەی جوتیارانی سایلۆی سەیدسادق دەگاتە 12 ملیارد و 500 ملیۆن دینار كە پارەی گەنمی ساڵی 2017-یە، بۆیە هەتا ئەو پارە دابەشنەكرێت ئەوان ڕێگایە بەرنادەن.

تا ئامادەكردنی ئەم هەواڵە هیچ لایەنێكی پەیوەندیدار نەهاتووە بەدەم داواكری ئەو جوتیارانەوە.

ش.ف