جوتیاران گەنمەکانیان بە زەرەر دەدەن بە حکومەت

جوتیارانى شارۆچکەى خورماتوو، بەهۆى ئەوەى زۆر لەسەرەى وەرگرتنى گەنم دا دەمێننەوە بەزەرەر گەنمەکانیان دەدەن بە حکومەت، ئاماژەش بەوە دەکەن بۆ ئەوەى زوو گەنمەکانیان وەربگیریت دەبیت بەرتیل بدەن، بەڕێوبەرى سایلۆکەش بێئاگایى خۆى لە وەرگرتنى بەرتیل لە جوتیاران نیشاندەدات.


بە بڕیارى حکومەتى عێراق، لە شارۆچکەى خورماتووى سەر بە پارێزگاى سەڵاحەدین، بەرهەمى گەنمى ئەمساڵی جوتیاران لە سایلۆی تایبەت بە دانەوێڵە وەردەگیرێت، کە بڕى ٥٦٠ هەزار بۆ هەر تەنێک دیارى کراوە، جوتیارانیش ناڕازین لە خاوى بەڕێوە چوونى وەرگرتنى گەنم لەلایەن حکومەتەوە.

هەر جوتیارێکى خورماتوو بۆ ئەوەى گەنمەکەى لێوەربگیرێت، پێویستە ١٥-٢٠ ڕۆژ لەسەرەدا بمێنێتەوە، بۆ هەر شەوێک مانەوەش خاوەنى ئەو بارهەڵگرەى کەنمەکەى بۆ دەگوازێتەوە بڕى ٥٠ هەزار دینارى لێوەردەگرێت، بەو هۆیەشەوە جوتیارەکە زەرەر دەکات لەو گەنمەى بە حکومەتى دەفرۆشێت.

مەریوان حەمید، کە جوتیارێکى کوردی دانیشتوى سنوری شارۆچکەى خورماتووە بە رۆژنیوزى وت:" زیاتر لە ١٥ ڕۆژە  لە ڕێزدا وەستاوم، لەبەر ئەوەى پارە نادەم بە لیژنەى سەرپەرشتیاری وەرگرتنى گەنم دەبێت لەسەرەدا بمێنمەوە، ئەگەر پارە بدەم بە یەک ڕۆژ بارە گەنمەکەم وەردەگرن".

عەزیز مەجید، جوتیارێکى دیکەی کوردی دانیشتوى شارۆچکەى خورماتووە، بە ڕۆژنیوزى وت:"دواى نزیکەى ٢٠ ڕۆژ لەچاوەڕێ کردن  گەنمەکەمم فرۆشت بە سایلۆکەى خورماتوو، شەوی ٥٠ هەزار دینارم دەدا بەو ئۆتۆمبیلەى بارە گەنمەکەمی تێدابوو، هەروەها هەر تەنێکى دە هەزارم دا بۆ گواستنەوە بۆ سایلۆکە، ئەو هەموو ڕۆژە چاوەڕێم کرد لەبەر ئەوەى بەرتیلم نەدا، ئەگەر ٤٠٠  دۆلارم بە لیژنەى سایلۆکە بدایە، ئەوە زووتر لێییان وەردەگرتم

وتیشی:" بە بڕیاری حکومەتى ناوەند بۆ تەنێک ٥٦٠ هەزار دینار دیاریکراوە، بەڵام لە سایلۆکە بە بیانوى جیاجیا بۆ هەر تەنێک ٥٣٠ هەزار بەجوتیار دەدەن، بە زەرە بەرهەمى ئەمساڵمان فرۆشت و جگە لە ماندوو بون هیچی ترمان بۆ نەمایەوە".

ئەندازیار عەقیل ئەحمەد، بەڕێوبەرى سایلۆى وەرگرتنى گەنم لە خورماتوو، سەبارەت بە گلەیى جوتیاران بە ڕۆژنیوزى وت:" ئێمە ڕۆژەکانى وەرگرتنى گەنممان دابەشکردووە، بۆ هەردوو شارۆچکەى خورماتوو و داقوق، هەر شارۆچکەیان سێ ڕۆژى بۆ دیارى کراوە لە هەفتەیەکدا و بۆ شارەدێی ئامرلی ـ ش یەک ڕۆژ".

وتیشی:" لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتى کشتوکاڵی ئەو دوو شارۆچکەیە قسەمانکردووە، بە پێی پلانێک هەر ڕۆژێک سەد سەیارەى بار کراو وەر دەگرین، بەڵام بەداخەوە جوتیارانى خورماتوو پابەندى بڕیارەکە نابن و بونەتە هۆی ئاڵۆز و دروستبوونى کێشە بۆیە خۆشیان درەنگ بارەکانیان وەدەگیرێت".

عەقیل ئەحمەد، بێئاگایى خۆى دەربڕیی لە وەرگرتنى بەرتیل لە جوتیاران لەلایەن کارمەندانى سایلۆکەوە و بەڵێنى دا کە بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە بکات.

 

ش.ف