جووتیارانی که‌رکوک: ئه‌مساڵ خراپترین ساڵی به‌رهه‌مهێنانه‌

جووتیارانی سنوری که‌رکوک باس له‌وه‌ ده‌که‌ن، که‌ ئه‌مساڵ خراپترین ساڵی به‌رهه‌مهێنان بووه‌، هۆکاری ئه‌وه‌ش ده‌گێڕنه‌وه‌ بۆ نه‌بارینی باران له‌ کاتی خۆیدا، ئه‌وان ڕه‌خنه‌ش له‌ حکومه‌ت ده‌گرن، که‌ وه‌ک پێویست هاوکاریان ناکات.


له‌ ئێستادا وه‌رزی دروێنه‌ی گه‌نم و جۆ له‌ سنوری که‌رکوک ده‌ستیپێکردوه‌، به‌ڵام جووتیاران دڵخۆش نیین، ئه‌وه‌ش به‌هۆی خراپی به‌رهه‌می ئه‌مساڵیانه‌وه‌، ئه‌وان له‌لایه‌کی دیکه‌شه‌وه‌ بوونه‌ته‌ قوربانیی له‌نێوان هه‌ردوو حکومه‌تی هه‌رێم و به‌غدا.

هادی محه‌مه‌د، جوتیاری شاره‌دێی شوان له‌ سنوری پارێزگای که‌رکوک، بۆ ڕۆژنیوز وتی: به‌روبوومی ئه‌مساڵی گه‌نم و جۆ زۆر خراپه‌، له‌ دورێنه‌وه‌ جۆ که‌مترین سودمان بینیوه‌، به‌ جۆرێک به‌ چاندنی یه‌ک ته‌ن جۆ هه‌ر یه‌ک ته‌ن جۆمان ده‌ستکه‌وتووه‌، ئه‌مه‌ش که‌مترین ڕێژه‌ی به‌ده‌ستهاتووی به‌رهه‌مه‌کانمانه‌، ئه‌مساڵ خراپترین ساڵی به‌رهه‌مه‌کانمانه‌، هۆکاره‌که‌شی بۆ که‌می ڕێژه‌ی باران بارین ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ له‌ وه‌رزی زستاندا و له‌ کاتی خۆیدا.

وتیشی: سه‌ره‌ڕای ماندوبوون و زیانه‌کانمان، حکومه‌ت هیچ هاوکاریه‌کمان ناکات، ساڵانه‌ بڕی چوار بۆ پێنج هه‌زار لیتر گاز به‌کاردێنین، به‌ڵام حکومه‌ت ته‌نها ٤٠٠ لیتر گازمان پێده‌دات، له‌ کاتی ڕاده‌ستکردنی گه‌نم و جۆش به‌ سایلۆی که‌رکوک، ئه‌وه‌نده‌ ماندوومان ده‌که‌ن، په‌شیمان ده‌بینه‌وه‌ له‌ فرۆشتنی به‌ حکومه‌ت، به‌و هۆیه‌وه‌ ناچارین له‌ بازاڕی ڕه‌ش به‌رهه‌مانمان بفرۆشین، بۆ نمونه‌ من خۆم پاره‌ی گه‌نمی ساڵی ٢٠١٥ و ٢٠١٦ و ٢٠١٧م ماوه‌ی مانگێکه‌ وه‌گرتووه‌.

حسێن بایز، جوتیارێکی دیکه‌ی سنوری که‌رکوک، بۆ ڕۆژنیوز قسه‌ی کرد: ئێمه‌ له‌ دوو لایه‌نه‌وه‌ زه‌ره‌رمه‌ند بووین، له‌لایه‌ک نه‌بارینی باران و له‌لایه‌کی دیکه‌شه‌وه‌ هاوکارینه‌کردنی حکومه‌ت، به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌ مانگی سێ-دا که‌مترین ڕێژه‌ی باران باری، به‌ به‌راورد به‌ ساڵانی ڕابردوو خراپترین ساڵه‌ بۆ به‌رهه‌مه‌کانمان.

باسی له‌وه‌ش کرد: ئه‌و پاره‌یه‌ی که‌ له‌ چاندنی گه‌نم و جۆ خه‌رجم کردووه‌، ئه‌مساڵ ده‌ستم بکه‌وێته‌وه‌ ئه‌وا خۆم به‌ سوندمه‌ند ده‌زانم.

مه‌ردان عه‌بدولڕه‌حمان، سه‌رۆکی لقی که‌رکوکی سه‌ندیکای جوتیارانی کوردستان، له‌سه‌ر کێشه‌کانی جوتیارانی که‌رکوک به‌ ڕۆژنیوزی ڕاگه‌یاند:" جوتیارانی که‌رکوک له‌نێوان حکومه‌تی هه‌رێم و به‌غدا بوونه‌ به‌ قوربانیی، هه‌ردوو حکومه‌ت سه‌ره‌ڕای نه‌دانی ده‌رمان و که‌لوپه‌ل بۆ جوتیاران، مافه‌کانیان ده‌خۆن، ساڵی پار ده‌رمان له‌ لایه‌ن به‌غداوه‌ بۆ گه‌نمی جوتیاران هات، به‌ڵام له‌ لایه‌ن چه‌ند کاربه‌ده‌ستێکه‌وه‌ ده‌ستی به‌سه‌ردا گیرا و دواتر به‌ جوتیارانیان فرۆشته‌وه‌".

ئه‌وه‌شی وت: حکومه‌ت نه‌ک هاوکار نابێت، به‌ڵکو بۆته‌ بارگرانی بۆ جوتیارانی سنوری که‌رکوک، پێویسته‌ ساڵانه‌ گاز بدرێت به‌ جوتیاران بۆ ئه‌وه‌ی به‌رهه‌می ده‌غڵودان بدورنه‌وه‌، نه‌ک ئه‌وه‌ی نه‌کردووه‌، به‌ڵکو کرێی کارکردنی ده‌ڕاسه‌ی به‌ شێوه‌یه‌کی زۆر گران داناوه‌.

 

ک.ک/س.م