جەودەت: هیچ بیانوویەک بۆ هەڵنەوەشاندنەوەی پاشەکەوت نەماوە

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ بیانوویەکی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پاشەکەوتی مووچە نەماوە، ئەوەش دەخاتەڕوو، کە لەگەڵ دەستبەکاربوونی پەرلەمانی هەرێم، یەکەم کاریان بۆ هەڵوەشاندنەوەی پاشەکەوت دەبێت.


ڕۆژی ٢٣ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، یاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٩ی پەسەندکرد، ڕۆژی ٤ی شوبات-یش بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق واژۆی لەسەر یاساکە کرد.

بەپێی بڕگەی ١٠ لە یاسای بودجە، حکومەتی عێراق مانگانە ٦٤٧ ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەران، پێشمەرگە و چاودێریی کۆمەڵایەتیی دەنێرێت، لەو بڕەش ٤٥٤ ملیاری بۆ مووچەی فەرمانبەران، ٦٨ ملیاری بۆ مووچەی پێشمەرگە و ١٢٥ ملیار دیناریش بۆ مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتیی.

شێرکۆ جەودەت، سەرۆک فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی لە پەرلەمانی هەرێم، بەپێویستی دەزانێت، کە لەدوای پەسەندکردنی یاسای بودجەوە، حکومەتی هەرێم کار بۆ هەڵوەشاندنەوەی پاشەکەوتی مووچە بکات، "چونکە لە پرۆژە یاسای بودجەدا بڕێکی گونجاو بۆ مووچە دیارییکراوە، بۆیە حکومەتی هەرێم ناتوانێت دەستکاریی ئەو پارە بکات".

شێرکۆ جەودەت، جەختیش دەکاتەوە، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ بیانوویەکی نییە بۆ هەڵنەوەشاندنەوەی پاشەکەوتی مووچە و بۆ ڕۆژنیوز وتیشی: بە پەسەندکردنی یاسای چاکسازیی کە مووچە و خانەنشینی نایاسایی نەمێنێت، ١٠٠ ملیار دینار دەگێڕێتەوە بۆ حکومەت، بەوەش ز ۆر بە ئاسانی ئەو بڕەی کە لە بەغداوە دێت، دەتوانێت مووچەی فەرمانبەران بەتەواویی دابین بکات.

هەفتەی ڕابردوو ڕۆژنیوز لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرایکرد، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە ٣٠ ملیار دۆلار قەزدارە، بەڵام شێرکۆ جەودەت گومانی هەیە کە قەرزی حکومەتی هەرێم لەو ڕێژەیەش زیاتربێت و دەڵێت: حکومەتی هەرێم نەیتوانیوە کۆنترۆڵی قەرزەکانی بکات، لانیکەم ڕێژەکەی بۆ پەرلەمان ئاشکرابکات، بۆیە ئێمە دڵنیاین کە قەرزەکانی هەرێم زۆر زیاترە.

دەربارەی ئەوەی، کە دانەوەی ئەو قەرزانە تاچەند کاریگەریی لەسەر هەڵنەوەشاندنەوەی پاشەکەوتی مووچە دەبێت، شێرکۆ جەودەت دەڵێت: هیچ پەیوەندییەکی بە پاشەکەوتی مووچەوە نییە و حکومەتی هەرێم پێشتریش دەیتوانی پاشەکەوت هەڵوەشێنێتەوە.

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو جەختیشیکردەوە، کە یەکەم کاریان لە خولی نوێی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، کارکردن دەبێت بۆ دەرکردنی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پاشەکەوتی مووچە، دەشڵێت: لەناو هۆڵی پەرلەمانەوە تاوەکو شەقام، هەموو ڕێکارە یاساییەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەی پاشەکەوتی مووچە دەگرینەبەر.

ش.ف