حکومەتی هەرێم بڕیاریدا دەستکاریی مووچە نەکات

ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ بڕیاریدا، کە بەرنامەی ئەنجومەنی وەزیران دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی حکومەت و دەستکاریینەکردنیەتی.


ئەمڕۆ، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەشداربوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت کۆبووەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەکە، "سەرۆکی حکومەت جەختی لەوە کردەوە، کە سەڕەڕای کەمبوونەوەی ڕێژەیەکی زۆری داهاتەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام حکومەت هەموو هەوڵی خۆی دەدات بۆ ئەوەی کەمترین زیان بە هاووڵاتییان بگات و کاری  ئێستای حکومەتی هەرێم پاراستنی تەندروستی هاوڵاتییان و دابینکردنی خۆراک و دەرمان و مووچەیە".

هەروەها، سەرۆکی حکومەت ڕایگەیاندووە:"زیاتر جەخت لە گرنگییدان بە  کەرتی کشتوکاڵ دەکەینەوە و  لەمبارەیەوە پشتیوانیی لە هەوڵەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو دەکەین".

هەر بەپێی ئەو ڕاگەیەندراوە"ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ بڕیاریدا کە بەرنامەی ئەنجومەنی وەزیران دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی حکومەت و دەستکاری نەکردنیەتی، هەروەها ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریاندا نیوەی مووچە و دەرماڵەی دوومانگی خۆیان ببەخشن بە گەنجینەی حکومەت بۆ ئەوەی بە سەر خەڵکانی کەمدەرامەت دابەش بکرێت".  

هەروەها، "سەرۆکی حکومەت لیژنەیەکی یاسایی لە ئەنجومەنی وەزیران راسپارد بۆ ئەوەی میکانیزمی یاسایی بدۆزنەوە بۆ کەمکردنەوەی بارگرانیی لە سەر شانی خەڵکی کاسبکار وکرێچی کە بەهۆی رێکارەکانی خۆپارێزیی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا زیانیان بەرکەوتووە".

ئەوەش هاتووە"ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە نابێت خوێندنی ئەمساڵی قوتابیان بەفیڕۆبچێت و رەزامەندیدا لەسەر پێشنیاری فەراهەمکردنی خوێندن و فێربوون بەشێوازیی پاڵپشتیکار لەڕێگای پرۆژەی خوێندنی ئەلیکترۆنی بۆ قوتابیان و خوێندکاران و بەردەوام بوونی پیادەکردنی شێوازی ئۆنلاین یان ئەلیکترۆنی لە ناوەندەکانی خوێندنی ناحکومی وەک شێوازی پاڵپشتیکار تاوەکو سەرجەم پێداویستی تەکنیکی وکارگێڕیی وقانونییەکانی خوێندنی ئۆنلاین لە هەرێمی کوردستان دابین دەکرێت".

 

ش.ف