حکومەتی هەرێم لە بارەی دەستپێکردنەوەی دەوام و لێخۆشبوون لە کرێکان بڕیاریدا

حکومەتی هەرێم لە بارەی دەستپێکردنەوەی دەوام و لێخۆشبوون لە کرێی موڵکەکان و ئاو و کارەبا و پێشینەکان و تاپۆکردنی بەشێک لە موڵکەکان و بڕینی موچەی هەندێک توێژ بڕیاریدا.


دوێنێ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆبوەوە، ناوەڕۆکی بڕیارەکانی کۆبوونەوەکەی دوێنێی ئەنجومەنی وەزیران ئەمڕۆ بڵاوکرایەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا حکومەتی هەرێم پلانی ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی پەسەند کرد و چەند بڕیارێکیشی لە بارەی کەمکردنەوەی خەرجی و زیادکردنی داهات و جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیی دەرکرد.

بەگوێرەی ناوەرۆکی بڕیارەکان، بڕیار دراوە دەســـتبەجێ دەست بکرێت بە جێبەجێکردنی سەرجەم بڕگەکانی یاســـای چـــاکسازیی و وەزارەتە پەیوەنـدیدارەکانیش ڕاسـپێردراون بە وەرگـرتنی ڕێکاریی پێویست بە ئاراستەی زامنکردنی مافی مووچەخۆری شایستە.

هەروەها بڕیار دراوە بە کەمکردنەوەی مووچە و دەڕماڵەی خاوەن وەزیفە باڵاکان و پلە تایبەتەکان لە هەر سێ سەرۆکایەتیەکەی هەرێم و ئەنجومەنی دادوەریی و ئەنجومەنی پارێزگا و خەرجکردنی تەنیا مووچەی بنەڕەتی بۆ ئەو پلە تایبەتانە و لەسەر وەزارەتی دارایی پیویستە لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا لە چوارچێوەی یاسای چاکسازیی چارەنووسی وەزیفیان یەکلایی بکاتەوە.

بەگوێرەی بڕیارەکانی کۆبوونەوەکە پێویستە وەزارەتی دارایی مووچە تەنیا بۆ ئەو کەسانە خەرج بکات کە تۆمارن لە داتا بەیسی تۆماری بایۆمەتری و بە فیعلی لە خزمەتی وەزیفیدان.

هەروەها بودجەی تەشغیلی بۆ نزمترین ئاست کەمدەکرێتەوە و تەنیا بوارە سەرەکییەکانی خەرجی دەگرێتەوە.

لەبارەی زیادکردنی داهاتیشەوە حکومەتی هەرێم دەڵێت، سەرجەم ئەو لێخۆشبوونانەی کە دراون لە ڕەسمی گومرگ و باج هەڵدوەوەشێنرێنەوە دەروازە سنوورییەکان بەمەبەستی ڕێگری لەهەر کارێکی نایاسایی کۆنترۆڵ دەکەن، کۆمپانیا ناوخۆییەکانی تایبەت بە بواری نەوت و گاز، سکیوریتی و ئینتەرنێت و نیشتەجێبوون بە پێدانی باج ناچار دەکەن.

هەروەها باج لەسەر هاوردەکردن و پاڵاوتنی بەرهەمە نەوتییەکان دەسەپێنن، زەوی ئەو پرۆژانەش وەردەگیرێنەوە کە پرۆژەکانیان جێبەجێ نەکردووە، قەرزە بازرگانییەکانیش وەردەگیرێنەوە، دەست بە کۆکردنەوەی کرێی بەشداربووانی کارەبا دەکرێت.

ئەمەش دەقی ناوەرۆکی کۆبوونەوەکەیە:

لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی دۆخی دارایی ئێستای هەرێمی کوردستان و ڕوشوێنەکانی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی کراوە کە بەشێکە لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

لە تەوەرێکی تـــــری کۆبـــــوونەوەکەدا، جێـگـری سەرۆکی ئەنـــــجـومەنی وەزیـران دەرئەنـــــجـامی کۆبـــوونەوەکانی شـــانـــدی حکومەتی هەرێم لە بەغـــدا بە سەرۆکایەتی جێگری سەرۆک وەزیران خسـتەڕوو تـایبەت بە بـابەتی شـایستە داراییەکان و دۆسێی نەوت و گـاز. ئەنـجومەنی وەزیران وێڕای دەسـتخۆشی لە شـانـدەکە و بەرزنـرخـانـدنی هەوڵەکانیان، پێشنیارەکانی شـانـدەکەی پەسەنـد کرد بۆ بەردەوامیدان بە کۆبـوونەوەکان لە پێناوی چـارەسەرکردنی کێشەکان و دابینکردنی مـاف و مـووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان. سەبـــارەت بە پـــرۆسەی چـــاکسازی ، ئەنـــجومەنی وەزیران جەختی کردەوە لەسەر دەســـتبەجێ جێبەجێکردنی سەرجەم بڕگەکانی یاســـای چـــاکسازیی بە پێی ئەو پـــلانەی لە لایەن لیژنەی بـــاڵای چـاکسازیی پەسەنـدکرا و وەزارەتە پەیوەنـدیدارەکانیش ڕاسـپێردران بە وەرگـرتنی ڕێکاریی پێویست بە ئاراستەی زامنکردنی مافی مووچەخۆری شایستە.

ئەنجومەنی وەزیران ئەم بڕیارانەی دەرکرد:

- کەمکردنەوەی خەرجییەکان:

لە دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، سەبارەت بە کەمکردنەوەی خەرجییەکان، ئەنجومەنی وەزیران ئەم بڕیارانەی خوارەوەیدا:

١. کەمکردنەوەی مووچە و دەڕماڵەی خاوەن وەزیفە باڵاکان و پلە تایبەتەکان لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێم و سەرۆکایەتی و ئەندامانی پەرلەمان و ئەنجومەنی دادوەریی و ئەنجومەنی پارێزگا لە بوارەکانی خزمەتی شارستانی و سەربازیی و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و ئاسایشی گشتی و ئەنجومەنی ئاسایش و ئەوانەی بەو پلانە خانەنشین بوون یان خانەنشین دەبن.

٢. خەرجکردنی تەنیا مووچەی بنەڕەتی بۆ ئەو پلە تایبەتانەی کە لە بەڕێوەبەری گشتی بەرەو سەرەوەن و سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکان لە پارێزگار و قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیە کە معومن و پێویستە لەسەر وەزارەتی دارایی و ئابووری لە ماوەی ٣٠ ڕۆژ لە چوارچێوەی یاسای چاکسازیی چارەنووسی وەزیفیان یەکلایی بکاتەوە.

٣. پێویستە وەزارەتی دارایی وئابووری مووچە تەنیا بۆ ئەو کەسانە خەرج بکات کە تۆمارن لە داتابەیسی تۆماری بایۆمەتری و بە فیعلی لە خزمەتی وەزیفیدان، هەروەها بڕینی مووچەی ئەو کەسانەی کە بە فیعلی خزمەتی وەزیفی ناکەن.

٤. کەمکردنەوەی بودجەی تەشغیلی بۆ نزمترین ئاست بە جۆرێک تەنیا بوارە سەرەکییەکانی خەرجی بگرێتەوە وەکو بواری دابینکردنی دەرمان و پێداویستی پزیشکی و تاقیگەیی و خواردنی نەخۆشخانە و زیندانییەکان و خانەی بەساڵاچووان و نەوجەوانان ومنداڵان و شێڵتەرەکانی ژنان وپاکردنەوەی شار و شارۆچکەکان و نەخۆشخانەکان و پێداویستیەکانی ئاو و کرێی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و چاکردنەوەی ڕێگاوبانەکان.

٥. پەیڕەوکردنی سیستمی نوێی ئۆنلاین بۆ خەرجکردنی بودجەی تەشغیلی لە پێناوی برەودان بە شەفافیەت و کەمکردنەوەی ڕووتین.

٦. ڕاگرتنی خەرجییەکانی بودجەی وەبەرهێنان (پڕۆژەی وەزارەتەکان و پەرەپێدانی پارێزگاکان).

٧. پێداچوونەوە بە نەسریە و پێشینەی وەزارەت و سەرجەم دامەزراوەکانی هەرێم لە لایەن ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی وئابووری بە ئاراستەی کەمکردنەوەی بۆ نزمترین ئاست.

٨. ڕاگرتنی خەرجکردنی راستەوخۆی وەزارەتەکان لەسەر بەشە داهاتی خۆیان.

٩. پێداچوونەوە بە خەرجییەکانی خزمەتگوزاریی بواری نەوت و گاز.

- زیادکردنی داهات:

لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا لە دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە سەبارەت بە زیادکردنی داهات، ئەنجومەنی وەزیران ئەم بڕیارانەی دەرکرد:

١. ڕێکخستنەوەی ئەو خزمەتگوزارییانەی لە لایەن کەرتی تایبەتەوە بە شێوەی گرێبەست لە دەروازە سنوورییەکان پێشکەش دەکرێن بە جۆرێک، دەبێت داهاتی ئەو خزمەتگوزارییانە بۆ بەرژەوەندی گشتی بێت.

٢. هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئەو لێخۆشبوونانەی کە دراون لە ڕەسمی گومرگ و باج کە ناگونجێن لەگەڵ یاسا وڕێنماییەکان.

٣. کۆنتڕۆڵکردنی دەروازە سنوورییەکان بەمەبەستی ڕێگری لەهەر کارێکی نایاسایی کە زیان بە داهاتی گشتی بگەیەنێت.

٤. پابەندکردنی کۆمپانیا ناوخۆییەکانی بواری نەوت وگاز، کۆمپانیاکانی بواری سکیوریتی و کۆمپانیاکانی بواری پەیوەندی و ئینتەرنێت و پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون بە پێدانی باج لە چوارچێوەی یاسا وڕێنماییەکان.

٥. ڕێکخستنەوەی میکانیزم و ئەو لایەنانەی کە ڕسوماتی خزمەتگوزاریی وەزارەتەکان بە شێوەی گرێبەست کۆدەکەنەوە بەجۆرێک کە لە خزمەتی بەرژەوەندی گشتیدا بێت.

٦. سەپاندنی باج لەسەر هاوردەکردن و پاڵاوتنی بەرهەمە نەوتییەکان.

٧. پێویستە لەسەر وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو پۆڵینی سەرجەم ئەو زەوییە کشتوکاڵییانە بکات کە زێدەڕۆییان لەسەر ئەنجام دراوە، سەرەڕای پێداچوونەوەی ئەو زەوییە کشتوکاڵییانەی بە گرێبەست بەکرێدراون لە ڕووی نرخ و شێوازی گرێبەست بۆ ئەوەی وەک سامانێکی نیشتمانیی مامەڵەیان پێوە بکرێت.

٨. هەڵوەشاندنەوەی تەرخانکردنی زەوی بۆ ئەو پڕۆژانەی مۆڵەتی وەبەرهێنانیان پێدراوە بەڵام دەستیان بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان نەکردووە.

٩. هەڵوەشاندنەوەی تەرخانکردنی زەوی کە بە موساتەحە دراون بەڵام دەستیان بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان نەکردووە.

١٠. تاپۆکردنی سەرجەم ئەو زەوییانەی کە بە شێوەی کارت تەرخانکراون بۆ هاوڵاتیان و هەروەها تاپۆکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون لە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان بە ناوی هاوڵاتیان و پێداچوونەوە بە نرخی خزمەتگوزارییی کۆمەڵگەکانی نیشتەجێبوون.

١١. جەردکردنی سەرجەم موڵک و ماڵی حکومەت و سەرجەم دامەزراوەکان لە لایەن وەزارەتە پەیوەندیدارەکانەوە تا وەک سەرچاوەیەک بۆ داهاتی گشتی مامەڵە بکرێت.

١٢. وەرگرتنەوەی قەرزە بازرگانییەکان لە لایەن وەزارەتی دارایی وئابووری لەبەر ڕۆشنایی یاسای چاکسازیی.

١٣. پەسەندکردنی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی دابەشکردنی کارەبا و کۆکردنەوەی کرێی بەشداربووانی کارەبا لە لایەن کەرتی تایبەتەوە لە ژێر سەرپەرشتی و چاودێری حکومەت. ١٤. پەسەندکردنی پڕۆژەی کڕینەوە و بە بازاڕکردنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لە لایەن کەرتی تایبەت لە ژێر سەرپەرشتی و چاودێری حکومەت بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی کەرتی کشتوکاڵ.

١٥. داشکاندنی ڕێژەیەک لەو پێشینانەی حکومەت کە لە لای هاووڵاتیانە (پێشینەی خانووبەرە و پێشینەی هاوسەرگیریی و قەرزی بچووک) بە مەرجێک هاووڵاتیان ئامادە بن تا ڕۆژی ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٠ تەواوی بڕی پێشینەکان بگەڕێننەوە بۆ حکومەت.

-  سـووک کردنی بـاروگـوزەرانی ئەوانەی بەهۆی رێکارەکانی خۆپـارێزی لەکۆرۆنـا زیانمەنـد بوون:

١. لێخۆشبوون لە كرێی كرێچی موڵكەكانی حكومەتی هەرێم بۆ مەبەستی بازرگانی یان پیشەسازی یان كشتوكاڵی یان هەر مەبەستێكی تر، بۆ ئەو ماوەیەی کە نەیتوانیووە بە شێوەی ئاسایی بەكاریبهێنێت بەهۆی داخستن بەپێی ڕێکارەکانی خۆپارێزیی لە کۆرۆنا یان قەدەغەی هاتووچۆ.

٢. بەخشینی هاووڵاتییان لە دواكەوتنی پێبژاردن كە كەوتووەتە ئەستۆیان لە ئەنجامی پابەندنەبوونی یاساییان بەرامبەر بە دامەزراوە فەرمیەکانی حكومەتی هەرێم، ئەگەر وادەی پابەندبوونەكەیان كەوتبێتە ئەو ماوەیەی كە بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆی تێدا دراوە وەک ڕێکاریی خۆپارێزیی.

٣. دواخستنی وەرگرتنەوەی بڕی گوژمەی سەر هاوڵاتییان بۆ بەرژەوەندی دامەزراوەی حكومی و شارەوانییەكان بۆ ماوەی قەدەغەی هاتووچۆ بە بێ ئەژماركردنی هیچ سوود و پێبژاردنێكی دواكەوتن بۆ ئەو ماوەیە.

٤. لەسەر وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی پێویستە ڕێكاری یاسایی پێویست بگرێتە بەر بەرامبەر بە كرێچی موڵكەكانی ئەوقاف لەژێر ڕۆشنایی بڕگەكانی ئەم بڕیارە.

٥. بڕی (١٥٪) لە سەدا پازدە دادەشكێندرێت لەو بڕە پارەیەی كە کرێچی دەیدات لە كرێی ئاو و كارەبا كە دەكەوێتە ئەستۆی قەرزدار پێش دەرچوونی ئەم بڕیارە، ئەم داشكاندنە بەردەوام دەبێت تاكو ١٥-٦-٢٠٢٠.

٦. پێویستە لەسەر فەرمانگەكانی باج ماوەی قەدەغەی هاتووچۆ و ماوەكانی داخستنی شوێنە بازرگانی و پیشەسازی و پیشە تایبەتەكان و هەروەها چالاكییەكانی تر كە دەكەونە ژێر باری باجی داهات، هەژمار نەكەن وەك ماوەی چالاكی بۆ وەدەستهێنانی داهات كەدەكەونە ژێرباری وەرگرتنی باج بە هەموو جۆرەكانییەوە.

- دەستپێکردنەوەی دەوام:

ئەنجومەنی وەزیران سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی دەوامی فەرمی وەزارەت و لایەنەکانی نەبەستراو بە وەزارەت، ئەم بڕیارانەی دەرکرد:

١. دەستپێکردنەوەی دەوامی فەرمی فەرمانبەران تەنیا لە دیوانی وەزارەت و لایەنە نەبەستراوەکان بە وەزارەت لە رێکەوتی ٦-٥-٢٠٢٠ ەوە.

٢. وەزارەت و لایەنە نەبەستراوەکان بە وەزارەت، دەسەڵاتی تەواویان دەبێت بۆ دەستپێکردنەوەی دەوامی فەرمانگەکان و ڕێکخستنی دەوامی فەرمانبەران بە پێی پێویست و بەمەبەستی گەیاندنی خزمەتگوزاری و راییکردنی مامەڵەی هاووڵاتییان لە ١١-٥-٢٠٢٠

٣. فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری لە ئەنجومەنی وەزیران لە گەڵ دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەماهەنگی دەکات بەمەبەستی کارئاسانی لە جێبەجێکردن و ڕاییکردنی مامەڵەی هاووڵاتییان بە شێوەی ئەلیکترۆنی.

٤. هاووڵاتییان لە دوای ١١-٥-٢٠٢٠ دەتوانن سەردانی فەرمانگەکان بکەن بە لە بەرچاوگرتنی رێکارەکانی خۆپارێزی و ڕێنماییە تەندروستییەکان .

- لامەرکەزی ئیداری:

ئەنـــجومەنی وەزیران جەختی کردەوە لەسەر کارکردن بۆ چەســـپانـــدنی لامەرکەزیەتی ئیداریی لە سەرجەم پـارێزگـاکان بە بێ جیاوازی و بەو شێوەیەی لە بەرنـامەی کاری کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمدا هـــاتـــووە بە جۆرێک کە گـــونـــجاو بێت لەگەڵ سیستەمی یاســـایی و کارگێڕی هەرێمی کوردســتان و شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان و دابەشکردنی ئەرک و بەرپــرسیاریەتی بە پێی یاســا، لەژێر چاودێری سەرۆکایەتی حکومەت لەگەڵ پاراستنی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان.

ک.س