حکومەتی هەرێم مووچەخۆران بەبێ دیاریکردنی هیچ وادەیەک دڵنیادەکاتەوە

بەبێ دیارییکردنی هیچ وادەیەک، دووبارە حکومەتی هەرێم دڵنیایی دایەوە فەرمانبەران لەبارەی مووچە پاشەکەوتکراوەکانیان و ڕایگەیاند: هەژمارێکی تایبەتیان بۆ دەکرێتەوە.


درەنگانی شەوی ڕابردوو دوای کۆبوونەوەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیی ئەنجامدا.

لەبارەی پاشەکەوتی مووچەی مووچەخۆرانەوە ئومێد سەباح، وتی: هەژمارێكی تایبەتی بانكی بۆ فەرمانبەران دەكرێتەوە، بۆئەوەی بتوانن لە داهاتوودا ئەو مووچە پاشەکەوتکراوانەیان کە لەلای حکومەتە وەربگرنەوە.

ئومێد سەباح، بەبێ دیاریکردنی هێچ وادەیەک بەڵێنی بە فەرمانبەراندا، کە مووچەکانیان نافەوتێت.

لە پرۆژەیاسای چاکسازیی خانەنشینی فەرمانبەراندا بڕگه‌یەکی تایبه‌ت به‌ دانه‌وه‌ی پاشه‌كه‌وت و كردنه‌وه‌ی هه‌ژماری تایبه‌تی بانكی بۆ فه‌رمانبه‌ران هەیەو دانەوەشی سپێردراوه‌ به‌ قه‌ده‌ر و داهاتوو، لەکاتێکدا فەرمانبەران بە نیازبوون بەمزووانە حکومەت دەست بە پرۆسەی دانەوەی ئەو مووچە پاشەکەوتکراوانە بکات.

بەبیانووی قەیرانی دارایی، لە ساڵی ٢٠١٥ حکومەتی هەرێم بڕیاری پاشەکەوتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی دەرکرد و بەپێی بڕیارەکە بەشێک لە مووچەکەیان بڕدرا.

لە كۆبوونەوەی ژمارە ٥٢ی ئەنجومەنی وەزیران لە ٨ی ئازاری ٢٠١٩ بڕیاردرا بە هەڵگرتنی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران.

تێکڕای ئەو پارەیەی لە مووچەی سێ مانگی ساڵی ٢٠١٥ و تەواوی مانگەکانی ساڵانی ٢٠١٦ و ٢٠١٧ و ٢٠١٨ی فەرمانبەران پاشەکەوتکراوە، دەکاتە ١١ ملیار و ٥٠ ملیۆن دۆلار، لەگەڵ ئەوەشدا تا ئێستا حکومەت مووچەی مانگەکانی ١٠ – ١١ – ١٢ی ساڵی ٢٠١٩ دابەش نەکردووە کە بڕەکەی دوو ملیارو ١٩٩ ملیۆن دۆلارە.

ش.ف