حکومەت ڕەنجی جوتیاران بە هەدەر دەدات

جوتیارانی باشوری کوردستان بەرهەمەکانیان هەرزان فرۆش دەکەن و حکومەتی هەرێم-یش گوێ بۆ ئەو پیشنیارانە ناگرێت، کە بە ئامانجی ساغکردنەوەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان و بوژاندنەوەی ئابووریی ناوخۆ پیشکەشی دەکرێت.   


بە تێپەڕبوون بە شەقامە گشتییەکانی شاری سلێمانییدا دەیان ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری بچووک و گەورە دەبینرێت، کە هەر یەکەو لە کەناری شەقامەکاندا بەرهەمەکانی وەک شوتی، کاڵەک، خەیار، ترۆزی و هەندێک بەرهەمی دیکە دەفرۆشن نرخێکی کەمیان لە سەر دانراوە.

فرۆشیاران لە هەریەک لە گوندەکانی ناوچەی شارباژێڕ و پێنجوێن و گوندەکانی سەرسنوور کە کاری باخداریی و بێستان دەکەن، ڕۆژانە بە سەدان کیلۆ لە کاڵەک و شوتی و میوەکانی دیکە دەکڕن و دەیهێنن بۆ شارو شارۆچکەکان و دەیفرۆشنەوە.

ئەو فرۆشیارانە، ڕۆژانە بە چەندین کاتژمێر لە بەردەم گەرمای تاقەت پڕووکێنی هاویندا لە سەر شەقامەکان دەمێننەوە و لە کۆتاییدا بڕێک پارە قازانج دەکەن، هەرچەندە بڕەکەش کەم بێت پێی ڕازیین، چونکە وەک خۆیان باسی دەکەن بژێوییان لە سەر ئەو کارەیە.

ئالان مستەفا، یەکێک لەو فرۆشیارانەیە و خەڵکی شارباژێڕە، لە گوندی مامەندێ میوە دەهێنێت و لە سلێمانی ساغی دەکاتەوە، باس لەوە دەکات، کە بەرهەمی ناوخۆ زۆر زۆرە، بەڵام گرفتەکە ئەوەیە لە یەک وەرزدا هەمووی پێدەگات و شوێنێکیش نییە بۆ هەڵگرتن و پاراستنیان، تا بتواندرێت لە وەرزەکانی دیکەدا سودیان لێوەربگیردرێت.

ئالان، دەڵێت: زۆرێک لە بەرهەمەکان لە هەموو شوێنێک پێگەییوە، ئێمە سێ کیلۆ یان دوو کیلۆ دەدەین بە هەزار دینار، ئەوەندە بەرهەمە زۆرە گە ئەگەر بە چوار وەرزی بمێنیتەوە ئەوە قازانجی زیاترە و بەرهەمی ناوخۆییمان زیاتر دەبێت.

ئەگەر بەقاڵەکان دوو یان سێ کیلۆ شوتی بدەن بە هەزار دینار، ئەوا جوتیاران کیلۆیەک تەنیا بە ١٠٠ دینار دەفرۆشن ڕاستەوخۆی بە بەقاڵەکان یانیش عەلوەکان، کرێی گواستنەوەی بەرهەمەکانیش لەئەستۆی خۆیانە، بۆیە جوتیاران زۆر نیگەرانن و دەڵێن، نەک قازانج، بەڵکو زۆر جار تووشی زیان دەبن و خەرجیی بەرهەمەکان لە داهاتەکەی زیاترە.

محەمەد ڕەحیم، فرۆشیارێکی دیکەیە و لەوبارەیەوە وتی: لە هەرزان فرۆشتن زیان بۆ جوتیارەکەیە نەک فرۆشیار، بەرهەمەکان زۆرن و لە ناوخۆدا هەمووی بەکار ناهێندرێت، بۆیە ئەگەر هەناردە بکرێن بۆ دەرەوەی وڵات، ئەوا سودمەند دەبین لێی.

ئیسماعیل حسێن، لەجیاتی مارکێتەکان، بەردەوام ڕوو لە فرۆشیارە گەڕۆکەکان دەکات بۆ کڕینی سەوزە و میوە، هۆکارەکەشیی بۆ خۆماڵییبوون و هەرزانیی نرخەکانیان دەگێڕێتەوە و دەڵێت: زۆر جار لەسەر ئەم شەقامانە خەیار و کولەکە فەردەی بە هەزار دینارە.

ئەو هاوڵاتییە، بە پێویستی دەزانیت، کە حکومەت ڕەنجی جوتیاران لەبەرچاو بگرێت و ئامێر و شوێنی تایبەت بە پاراستنی بەرهەمەکانیان دابین بکات.

بەختیار مەلائەحمەد، وتەبێژی یەکێتیی هاوردە و هەناردەکارانی کوردستان، لەبارەی ئەو داخوازییەوە وتی: لە ساڵی ٢٠٠٨ەوە چەندین پێشنیار و پڕۆژەمان پێشکەش بە حکومەت کردووە بۆ دانانی بەڕاد (ساردکەرەوە)، بەڵام هەر وەڵام نەدراوینەتەوە یان نەبوونی بودجەی پێویست هۆکار بووە بۆ دابین نەکردنی بەڕاد.

سەبارەت بە هەناردەکردنی بەرهەمەکان بۆ دەرەوەی وڵات-یش، بەختیار مەلائەحمەد، وتی: وڵاتانی دراوسێ لەم وەرزەدا بەرهەمیان هەیە و پێویستیان بە بەرهەمی ئێمە نییە.

دروستکردنی کارگەی ناوخۆیی بۆ لەقوتونان و دورستکردنی بەرهەمی دیکە لە سەوزە و میوە، ڕێگایەکی دیکەیە بۆ گرنگییدان بە بەرهەمی ناوخۆیی و گەشەپێدانی ئابووریی، بەڵام حکومەتی هەرێم ئەم لایەنەشی بەتەواویی فەرامۆش کراوە و سەرجەمی ئەو بەرهەمانە لە تورکیا و ئێرانەوە هاوردە دەکات.

ش.ف