حەقدەستی ١٣٠ هەزار كرێكار لە ئێران دواكەوتووە

بەپێی دوایین ئامارەكان لە ئێران هەزار و ١٩٣ كارگە، حەقدەستی ١٣٠ هەزار و ٤١٣ كرێكاریان نەداوە.


 
لە كاتێكدا دەوڵەتی ئێران تووشی قەیرانێكی قوڵی ئابوری بووەتەوە و زۆربەی كۆمپانیا و كارگەكانی داخراون، ئەوانەشی كە هێشتا بەردەوامن لە كارەكانیان ناتوانن حەقدەستی كرێكارەكانیان بدەن.
 
بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی "مهر"ی ئێرانی، دوایین ئامارەكان لە دەستپێكی ئەمساڵەوە تا ١٥ی ئەم مانگە دەری دەخەن، هەزار ٢٦٢ كارگە بۆ بەردەوامی كارەكانیان تووشی گرفت بوون. 

لەو ماوەیەدا، هەزار و ١٩٣ كارگەش بەهۆی قەیرانی ئابوری و گرفتەكانیانەوە نەیانتوانیوە حەقدەستی ١٣٠ هەزار و ٤١٣ كرێكاریان بدەن كە لە كارەگەكانیان كار دەكەن. 

بەپێی هەواڵەكە؛ ئامارەكان باس لەوە دەكەن كە كارگەكان لە ٣١ پارێزگای ئێران كێشەیان هەیە بۆ پێدانی حەقدەستی كرێكارەكانیان و زیاترین حەقدەستی دوا كەوتوو هی پارێزگای تارانی پەیتەختی ئێرانە كە لە ٣٠ كارگە حەقدەستی ١٧ هەزار و ٢٧١ كرێكار دوا كەوتووە.  

ڕۆژهەڵاتی كوردستانیش لەو ئامارە بەدەر نییە و بەو پێیە، لە پارێزگای ئورمیە؛ هەشت هەزار و ١٣٤ كرێكار لە ٣٥ كارگە، پارێزگای ئیلام؛ سێ هەزار و ١٨٥ كرێكار لە ٥٠ كارگە، پارێزگای سنە؛ سێ هەزار و ٧٩٧ كرێكار لە ٥٤ كارگە، پارێزگای كرماشان؛ دوو هەزار و ٧٥٥ كرێكار لە ٢٧ كارگە و لە پارێزگای لوڕستان-یش پێنج هەزار و ٩٤٠ كرێكار لە ١٤ كارگە، كرێكاران حەقدەستی چەندین مانگیان وەر نەگرتووە.

د.ح