خانەنشینیی پلەباڵاکان زیادکرا

لیژنەکانی یاسایی و دارایی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، پێداچوونەوەیان بۆ پرۆژە یاسای مووچە و ئیمتیازاتەکان کرد و بەپێی پرۆژە یاساکەش، خانەنشینیی پلەباڵاکان زیاد دەکرێت و پاشەکەوتی مووچەش دەکرێتە ئەژماری بانکیی.


ئەمڕۆ، بە ئامادەبوونی نوێنەرانی زۆربەی فراكسیۆنەكان، لیژنەکانی یاسایی و دارایی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، بۆ پێداچوونەوە بە پرۆژە یاسای چاکسازی لە خانەنشینی، مووچە، دەرماڵە، بەخشین و ئیمتیازاتەکان کۆبوونەوە.

ڕێواس فایەق، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا ڕایگەیاند: پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران دەكرێـە ئەژماری بانكی، بەم پێیەش فەرمانبەران دڵنیادەبن پاشەكەوتیان نافەوتێت.

بەپێی ئەو پرۆژە یاسایەی کە لیژنەکانی دارایی و یاسایی پەرلەمان ئامادەیان کردووە، بڕیاردراوە دەستبەجێ لەگەڵ جێبەجێكردنی یاساكەدا، پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران هەڵبگیرێت و نەمێنێت، بڕیاریشدراوە هیچ خانەنشینییەكی مەدەنی مووچەکەی لە ٤٠٠ هەزار دینار كەمتر نەبێت.

هەر لەوبارەیەوە، عەلی حمەساڵح، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا ڕایگەیاند: ئەو بڕگانەی دەستكاریكراوە پشتیوانی هەموویان دەكەین، بەڵام لەگەڵ خانەنشینی پلە باڵاكان نەبووین بەمشێوەیە کە لە پرۆژە یاساکەدا بڕیاری لەسەر دراوە.

پێش ئەوەی پێداچوونەوە بۆ پرۆژە یاسای چاکسازیی مووچە و ئیمتیازاتەکان بکرێت، بەرتزترین مووچەی خانەنشینی پلەباڵاکان بە ٤ ملیۆن و ٥٧٠ هەزار دینار دیاریکرابوو، بەڵام ئێستا زیادکراوە بۆ ٥ ملیۆن و ٤٠ هەزار دینار.

عەلی حەمەساڵح، ڕاشیگەیاند: ئێمە لەگەڵ ئەوەبووین خانەشینی پلەباڵاكان هاوشێوەی عێراق بێت، بەڵام رێژەی خانەنشینییەكە كەم بكرێتەوە بۆ ٦٠%، ئەگەر تەمەنی لە ٥٠ساڵ و خزمەتی لە ١٥ ساڵ زیاتر بێت، بەلام ئەگەر تەمەن و خزمەتی كەمتر بێت لەم رێژەیە خانەنشینیەكەی دەبێتە بە ٤٠%ی مووچەکەی، لەهەمان كاتدا ئەگەر كەسێك نەیویست خانەنشین بێت دەتوانێ بگەرێتەوە سەر پیشەكەی خۆی.

بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنیوز، بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لەسەر ئەو پرۆژە یاسایە کۆببێتەوە.

ب.ل