خاوەن کافتریا و خواردنگەکان شێوازی کردنەوەی شوێنەکانیان خستەڕوو

خاوەن کافتریا و خواردنگەکانی شاری سلێمانی گردبوونەوە و داوای ڕێگەدان بە کردنەوەی کافتریا و ڕێستۆرانتەکانیان کرد و شێوازی کردنەوەی شوێنەکانیان خستەڕوو.


نیوەڕۆی ئەمڕۆ خاوەن کافتریا و ڕێستۆرانتەکانی شاری سلێمانی لە بەردەم ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی گردبوونەوەیان ئەنجامدا.

لە گردبوونەوەکەدا خاوەن کافتریا و ڕێستۆرانتەکان بەڵێنی پابەندبوون بە ڕێنماییە تەندروستییەکانیاندا، هەروەها کۆمەڵێک ڕێنمایییان وەک پێشنیار ئاراستەی پارێزگای سلێمانی، قائیمقامیەتی سلێمانی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی و ژووری ئۆپەراسیۆنی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کرد.

لە لێدوانیکی ڕۆژنامەنووسیدا داواکاری خاوەن کافتریا و ڕێستۆرانتەکان لەلایەن پێشواز محەمەد، یەکێک لە بەشداربووانی گردبوونەوەکە خوێندرایەوە، کە بریتیبوون لە:

یەکەم، پاراستنی مەودای نێوان کەسەکان، بەجۆرێک نێوانی هەر دوو مێزیک لە دوو مەتر کەمتر نەبێت، هەر مێزێکیش لە دوو تا سی کەس زیاتر دانەنیشێت.

دووەم، مەرج و ڕێکارە تەندروستییەکان ڕەچاوە دەکەین، ئەویش بە بەکارهێنانی ماسک و دەستکێش لەلایەن کۆی ستافی ڕێستۆرانت و کافتریاکانەوە.

سێیەم، بەکارهێنانی قاپ و کەوچکی سەفەری، هەروەها سۆندەی سەفەری بۆ نێرگەلەکان.

لە بەرامبەردا هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا دەربارەی کردنەوەی ڕێستۆرانت و کافتریاکان ڕایگەیاند، هەتا نەتوانن گەرەنتی تەواوی ئەوە وەربگرن لە بەریەککەوتن و تێکەڵاوبوون و بەکارهێنانی ئەو پێداویستی و کاڵایانەی لەو شوێنانە هەن، ناتوانن گەرەنتی کردنەوەی هیچ شوێنێک لەو شوێنانە بدەن.

ک.س