خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکانی هەرێم داوای ڕاگرتنی هێنانی مریشکی تورکی دەکەن

خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکانی هەرێمی کوردستان، دژی هاوردەکردنی مریشکی بەستووی تورکی و ئێرانی و بایەخنەدانی حکومەتی هەرێم لە شاری هەولێڕ گردبوونەوە و داویانکرد، پەرە بە بەرهەمە ناوخۆییەکان بدرێت، ڕاشیانگەیاند: لە ئێستادا ڕێژەیەکی زۆر زیاتر لەوەی بۆ ناوخۆ پێویستە بەرهەم دەهێندرێت.


بەمەبەستی داكۆكیكردن لە پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی كشتوكاڵی، پەلەوەریی و ئاژەڵدارییەکان، ئەمڕۆ لەلایەن كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكانی سلێمانی، هەولێر، دهۆکەوە، لە لەبەردەم پەڕلەمانی كوردستان گردبووەیەک ئەنجام درا، تێیدا نازم عەبدوڵا جێگری سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان لە سلێمانی، هەڵوێستیانی لە ڕاگەیەندراوێک خستەڕوو.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتبوو: بۆ ئەوە گردبووینەتەوە بەرهەمی ناوخۆمان بپارێزین، كە ۱۰۰٪ زیادەو پێویستی ناوخۆ پڕدەكاتەوە، بۆیە داوای ڕاگرتنی هاوردەكردنی مریشكی بەستووی توركی و ئێرانی دەكەین، هەروەها داوای دیاریكردنی نرخ دەكەین بۆ ئەوەی ئێمەش و هاوڵاتیانیش زەرەرمەند نەبین.

هەروەها هاتبوو: پێویستە حكومەتی هەرێم چاودێری بخاتە سەر ئەو پێویستیانەی كە بۆ كێڵگە پەلەوەرییەكان دێت، هەروەها پارێزگاری لە بەرووبوومی ناوخۆ بكات، لە جێگەی ئەوەی ئەو پارەیەی وەك باج لە مریشكی بەستوو وەری دەگرێت، خۆمان ئامادەین ئەو پارەیە بدەین وەك باج، بەڵام بەمەرجێك بازاڕێكمان بۆ بكاتەوە و پارێزگاری لەبەرووبوومی ناوخۆ بكات.

ئاماژە بەوە شكرابوو، کە ئێستا ڕۆژانە چەندین تۆن زیاتر لە پێویستی ناوخۆ پەلەوەر بەرهەم دەهێنێرێت.

لای خۆشییەوە عوسمان عەلی سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ و ئاودێری لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، ڕایگەیاند: ئێمە وەك پەرلەمانی هەرێمی كوردستان و لیژنەی كشتوكاڵ بە هەموو شێوەیەك پاڵپشتی لە داخوازییەكانی چوتیارانی و خاوەن كێڵگە پەرلەوەریەكان دەكەین.

س.ح