خوێندکارانی زانکۆی ڕاپەڕین داوای دەرماڵە دەکەن

خوێندکارانی زانکۆی ڕاپەڕین جارێکی دیکە گردبوونەوە و داوای دەرماڵەکانیان دەکەن.


ئەمڕۆ جارێکی دیکە خوێندکارانی زانکۆی ڕاپەرین، لە بەردەم زانکۆ لە شارۆچکەی ڕانیەی ناوەندی ئیدارەی ڕاپەڕین گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و داوای گەڕانەوەی دەرماڵەکانیان کرد.

لە گردبوونەوەکەدا و لەسەر ناوی خوێندکاران هێدی ئەحمەد ڕاگەیەندراوێکی خوێندەوە، کە تیایدا هاتبوو: ئێمە وەک دەستەی بەرێوەبردنی گروپی 'دەرماڵەی خوێندکاران بگەڕێننەوە' لە زانکۆی ڕاپەرین، خۆشبەختانە تا ئێستا تا رادەیەکی باش پشتگیری و پشتیوانی باشمان لێکراوە، بەڵام ئەو پشتگیرییە و پشتیوانانە پێویستی بە جێبەجێکردنی لایەنی پیوەندیدار هەیە، کە تا چەند داخوازی خوێندکاران جێبەجێ دەکەن.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتبوو: بارودۆخی خوێندکاران لەڕووی داراییەوە باش نییە تائێستا بەهۆی کەم دەرامەتیی و خراپی گوزەرانی باری ژیانیان بەشێک لە خوێندکاران وازیان لە خوێندن هێناوە، پێشمان وایە لە ئێستادا هیچ بیانوویەک نەماوە بۆ نەگەڕاندنەوەی ئەو مافەی خوێندکاران، لێرەوە داواکارین لایەنە پیوەندیدارەکان بە ئەرکی خۆیان هەڵبستن و مافی ڕەوای خوێندکاران بگەڕێننەوە، دواکاریشین لە خوێندکاران ئەو هەڵمەتە خۆڕسکە بە شەخسی نەکەن و نەچێتە خانەی حزبیەوە.

جێگای ئاماژەیە لەگەڵ سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٤، دەرماڵەی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان (٤٠ هەزار بۆ خوێندکارانی ناوشار و ٦٠ هەزار دینار بۆ خوێندکارانی بەشەناوخۆییەکان)بڕدرا و لەجیاتی پێدانی دەرماڵە، چەندەها جۆر باج و ڕسومات لە خویندکاران وەردەگیرێت.

ش.ف