خۆسەپێنەر ماڵ و موڵکی شارەوانیی ڕادەستی دەوڵەت کردووە

خۆسەپێنەری دەوڵەتی ئاکەپە شارەوانیی جزیرەی خستووەتە ژێر قەرزێکی ٢٦٠ ملیۆن لیرەوە، ماڵ و موڵکی شارەوانی، کە بەهاکەیان ملیۆنان لیرە دەبێت ڕادەستی دامودەزگاکانی دەوڵەت کردووە.


لە باکوری کوردستان لەپاش هەڵبژاردنی خۆجێی ٣١ی ئازار، لێکۆڵینەوە لەبارەی تێچوو و خەرجییی قەیومەکان لەسەر شارەوانییەکان دەکرێت، ئەو شارەوانیانەی لە جزیرەی شرناخ بوون و لەلایەن پارتی دیموکراتیکی هەرێمەکانەوە (دەبەپە) بەڕێوە دەبرا، ساڵی ٢٠١٦ بە بڕیاری دەوڵەتی تورک لەلایەن خۆسەپێنەرەکانەوە دەستیان بەسەردا گیرا. ئێستا بەپێی لێکۆڵینەوەکان، پێش ئەوەی خۆسەپێنەر بەسەر شارەوانیی جزیرەدا بسەپێنن، ٣٢ ملیۆن لیرەی تورکی لە خەزێنەی شارەوانیدا بووە، بەڵام لە دوای هاتنی خۆسەپێنەر و دەستبەسەرداگرتنی شارەوانییەکە، قەرزێکی ٢٦٠ ملیۆن لیرەیەی هێناوەتە سەر شارەوانی.

هەروەها ئاشکرابوو، ماڵ و موڵکی شارەوانی کە بەهاکەیان ملیۆنان لیرە دەبێت، بێبەرامبەر و بەبێ پارە ڕادەستی بارەگاکانی دەوڵەت کراون. محەمەد زیریگ هاوسەرۆکی شارەوانیی جزیرە لەوبارەیەوە رایگەیاند: خۆسەپێنەرەکان زیانێکی گەورەیان لە شارەوانی داوە و هەوڵیان بۆ لەناوبردنی داوە.

زیریگ، لەبارەی ئەوەی ماڵ و موڵک و کەلەپول و کەرەستەکانی شارەوانی بەبێ بەرامبەر ڕادەستی دامودەزگاکانی دەوڵەت کراون بە ئاژانسی هەواڵی فورات-ی وت:"بینای شارەوانییەکەمان ڕادەستی قائیمقام کراوە، مرۆڤ چۆن دەتوانێت دامەزراوەیەکیی گەل ڕادەستی خۆی بکات، زۆر نمونەی تری گاڵتەجاڕیی هەیە، بۆ نمونە قەسابخانەیەک کە بۆ خزمەتکردنی گەل دروست کراوە، خۆسەپێنەر ڕادەستی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی نەتەوەیی کردووە، ئێمە تێناگەین بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردە چ پەیوەندییەکی بە قەسابخانەوە هەیە!".

زیریگ باسی لەوەشکرد، ناوچەی جمهوریەت لە جزیر ڕادەستی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایش کراوە و لەو ناوچەیەدا بنکەی سەربازی دروست دەکەن. وتیشی، "بە کورتی خۆسەپێنەر لە دژی دەستووری بنەڕەتی تاوانی ئەنجام داوە. بۆ لەناوبردنی شارەوانی گورزی وەشاندوە و کودەتای ئەنجامداوە".

ش.ف