"خەرجکردنی ٢٠ ملیارد دینارەکەی سلێمانی بەهەدەردانی تێدابووە"

لیژنەی ڕۆشنبیری پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، لە بەدواداچوون بۆ چۆنیەتی خەرجکردنی ٢٠ ملیارد دینارەکەی پایتەختی ڕۆشنبیریی بەردەوامە و ئەندامانی لیژنەکە دەڵێن: بەهەدەردانی پارەی تێدایە و چەند جارێک پارە بۆ یەک بەرهەم خەرج کراوە.


ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان  ئەنجامەكانی بەدوواداچوون بۆ چۆنیەتی خەرجکردنی ئەو ۲۰ ملیار دینارەی خستەڕوو، کە ساڵی ٢٠١٣ بۆ بوژاندنەوەی ژێرخانی ڕۆشنبیریی سلێمانی تەرخان کرابوو.

لوقمان وەردی، سەرۆكی لیژنەی ڕۆشنبیریی و وەرزش و لاوان لە پەرلەمان، لە کۆنگرەکەدا وتی: ئەنجامی بەدواداچوونەکانمان لەگەڵ تێبینییەکانمان ئاڕاستەی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرد و داوامان کرد، دەستەی چاودێریی دارایی و لیژنەی دەسپاكی بەدوواداچوون بۆ ئەو كەیسە بكەن، ئێستاش دەستەی چاودێری دارایی بەدوواداچوون دەكات.

ئاشکراشیکرد، لەو بڕە پارەیە دوو ملیارد دیناری بۆ یانە وەرزشییەکان خەرج کراوە و ڕوونکردنەوەیان لەسەر چۆنیەتی خەرجکردنەکەی وەرگرتووە، هەروەها پێنج ملیۆن دیناری بۆ هاوکاریی پارێزگای هەولێر وەک پایتەختی گەشتیاریی وڵاتانی عەرەبیی خەرج کراوە، بۆ ئەوەش لیژنەیان پێکهێناوە و لەگەڵ بەرپرسانی هەولێر کۆدەبنەوە و داوای ڕوونکردنەوەیان لێدەکەن.

هەر لەو کۆنگرەیەدا، پێشەوا هەورامی جێگری سەرۆكی لیژنە ڕایگەیاند: بەهەدەردانی پارەی تێدایە و پارە بۆ کەسانێک خەرج كراوە، کە كەسەكە ئاگادار نییە، چەند جارێك پارە بۆ بەرهەمێكی هونەریی خەرجكراوەتەوە، بەڵگەشمان هەیە، لەوەی ۱۰ كەس ۲۰ ملیۆن دیناریان بۆ خەرجكراوە هیچ پەیوەندی بە ژێرخانی ڕۆشنبیریەوە نەبووە و پارەش دراوە بە كۆمپانیای بازرگانیی.

ش.ف