خەڵکی سلێمانی بەیەک دەنگ هاواریان بۆ ئازادیی ئۆجالان کرد

ڕێپێوانی شاری سلێمانی بۆ ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد کۆتاییهات و سەدان کەس بەیەک دەنگ هاواریان بۆ ئازادیی ئۆجالان کرد.


ئێوارەی ئەمڕۆ بە دەستپێشخەریی کۆمیتەی ئازادیی بۆ ئۆجالان، لەدژی گەلەکۆمەی نێودەوڵەتیی ١٥ی شوبات، کە ٢١ ساڵ پێش ئێستا دژ بە عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد بەڕێوەچوو، ڕێپێوانێکی جەماوەریی لەشاڕێی سەهۆڵەکەوە بۆ بەردەم باخی گشتیی سلێمانی بەڕێوەچوو.

سەدان کەس لەهاوڵاتیان، نوێنەرانی حزب و لایەنە سیاسییەکان، ژنان، گەنجان چالاکوان و ڕۆشنبیرانی سلێمانی بەشدارییان لەڕێپێوانەکەدا کردبوو.

هاوڵاتیان بەیەک دەنگ هاواریان دەکرد: بژی سەرۆک ئاپۆ، بێ سەرۆک ژیان نابێت، ئازادی بۆ ئۆجالان، ئەی دوژمن باش بزانە ئاپۆ هێڵی سورمانە و بژی بەرخۆدانی ئیمرالییان دەوتەوە.

هەروەها هاوڵاتیان وێنە و پۆستەری عەبدوڵا ئۆجالانیان بەرزکردبووەوە کە دروشمی: ئازادیی بۆ ئۆجالانیان لەسەر نووسیبوون.

لەدوای گەیشتنی ڕێپێوانەکە بە بەردەم باخی گشتیی سلێمانی، بەیاننامەی کۆمیتەی ئازادیی ئۆجالان لەلایەن شۆڕش خدر، ئەندامی کۆمیتەکەوە خوێندرایەوە و تێیدا هاتبوو: گۆشەگیریی سەر ڕێبەر ئاپۆ و هێرشی وەحشیگەرانەی ئەردۆغان بۆ سەر گەلی کورد هەموو سنوورێکی بەزاندووە، چیتر گەلی کورد ئەم ناهەقیی و بەدڕەوشتییانە پەسەند ناکات و پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی لەمڕووەوە بە ئەرکی یاسایی و مرۆیی خۆیان هەڵبستن و هەڵوێستیان هەبێت.

پاشان وتاری کۆمیتەی ژنانی باشوری کوردستان بۆ ئازادیی ئۆجالان لەلایەن ویژدان نوورەدین، ئەندامی کۆمیتەکەوە خوێندرایەوە و تێیدا هاتبوو: وەرن بەیەكەوە تواناكارییەكانمان بكەین بەیەك و كۆتایی بەگۆشەگیریی بهێنین و هەڵمەتی ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ بەڕێوەببەین.، چونكە ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ بەواتای بەرقەراربوونی ئاشتی و دیموكراسی و بەیەكەوە ژیانكردنی گەلان، ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ بەواتای ئازادیی ژنانە و سەركەوتنی ئیرادەی نەتەوەیی و دیموكراتی و سەربەخۆیی هەموو تاكێكە.

هەر لە گردبوونەوەکەدا، لوقمان حەسەن، ئەندامی دەستەی دەستپێشخەریی بۆ یەکێتیی نەتەوەیی وتاری دەستەکەی پێشکەشکرد و تێیدا داوایکرد، هەمووان بەیەکەوە گووشار بکەنە سەر لایەنە سیاسییەکان تا ناوماڵی کورد یەکبخەن وتیشی: چونکە بەبێ یەکێتیی نەتەوەیی ناتوانین زامنی پاراستنی دەستکەوتەکانمان بکەین.

هاوکات مەلا نادر، ئەندامی کۆنگرەی جڤاکی ئیسلامیی وتارێکی پێشکەشکرد و وتی: هیچ شەریعەتێکی ئیسلامیی ڕێگا بە زیندانیکردنی مرۆڤێکی ئازادییخواز و مرۆڤدۆست نادات، بەڵام بەداخەوە لە بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی و وڵاتانی بەناو ئیسلامییدا، بەڕێز ئۆجالان ئێستا گۆشەگیریکراوە، لەکاتێکدا بەپێی شەریعەتی ئیسلام نابێت باڵندەیەکیش زیندانیی بکرێت.

د.ع