خەڵکی هەرێم بە گیرفانی بەتاڵەوە لە ماڵەکانیاندا گەمارۆ دراون

دابەشنەکردنی مووچە بە بیانووی قەدەغەی هاتووچۆوە، توڕەیی خەڵک و ڕەخنەی پسپۆڕانی ئابووری و مامۆستایانی زانکۆی بەدوای خۆدای هێناوە و دەڵێن: لەکاتێکدا خەڵکی بە گیرفانی بەتاڵەوە لەماڵەکانیاندا گەمارۆ دراون، بەڵام حکومەت دەڵێ بە گەیاندن پێداویستیەکانی ڕۆژانەیان بۆ دابین دەکات.


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە ڕەخنەو توڕەیی لەسەر دابەشنەکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەبارێت، بەتایبەت دوای درێژکردنەوەی بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆ.

هەرچەندە حکومەتی هەرێم دەڵێت مووچەی فەرمانبەران ئامادەیە و لەبەر بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆ دابەش ناکرێت، بەڵام ئەم بڕیارە نیگەرانی خەڵک و لایەنەکانی بەدوای خۆیدا هێناوەو داوا دەکرێت هەرچی زووە حکومەت دەست بە دابەشکردنی مووچە بکات تا خەڵکی بتوانن لە ماڵەکانیانەوە داوای پێداویستیەکانیان بکەن بەشێوەی گەیاندن.

ئەمین بەکر، ڕاوێژکاری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەمبارەیەوە، دەڵێت: چارەسەری پێشنیارکراوی حکومەت بۆ دابینکردنی پێداویستیە ژیانییەکان کڕینی کاڵاو پێداویستیەکانە بە دلیڤەری واتە گەیاندن چۆن دەبێت، لەکاتێکدا هاوڵاتیان و موچەخۆران پارەی ئەو کاڵاو پێداویستیانەیان پێنییە، لەکوێ بێنن، کاتێک حکومەت موچەی مانگی ١٢ی ساڵی ڕابردووی هێشتانەداوە.

ئەمین بەکر، کە هاوکات پەرلەمانتاری خوولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە، دەڵێت، "لەکاتێکدا سەرچاوەی داهاتی زۆربەی خەڵکی موچەیە، ئایا حکومەت بۆ ئەمە چ چارەسەرێکی پێیە، خۆ ناکرێت مووچەش بە دلیڤەری بگەیەنێتە دەستی موچەخۆران".

ڕاوێژکارەکەی سەرۆکی پەرلەمان، ڕەخنە لە بێتوانایی و بۆشایی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان دەگرێت کە لەم دۆخەدا دەرکەوتووە و دەڵێت، "لە سێ دەیەی حکومڕانیدا نەتوانراوە سیستمێکی بانکی پێشکەوتوو بۆ حسابی بانکی بۆ موچەخۆران دروستبکرێت تا ڕاستەوخۆ مووچەخۆران پارەکانیان بچێتەسەر حسابەکانیان یان کارتی بانکی و کڕینی ئەلەکترۆنی، پەرە پێبدرێت تاخەڵک بیتوانیایە لەماڵەکەی خۆیەوە پێداویستیەکانی بکڕێت و لەڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا پێویست نەبێت ژیانی خۆی و ماڵ و منداڵی و خەڵکیش بخاتە مەترسییەوە."

 

لای خۆیەوە ئه‌مڕۆ وه‌زیری دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕوونكردنه‌وه‌ی له‌باره‌ی دابه‌شنه‌كردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانه‌وه‌ داو ڕایگەیاند، دابه‌شنه‌كردنی مووچه‌ به‌هۆی قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆوه‌ بووه‌ نەک نەبوونی پارە.

وتیشی، له‌ ئێستادا به ‌دوای ڕێوشوێنێكدا ده‌گه‌ڕێن تا بتوانن ته‌ندروسنی هاوڵاتیان بپارێزن و مووچه‌ش دابه‌ش بكه‌ن.

 

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێم لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاند، لەگەڵ سەرمایەدارو کۆمپانیاکان قسەیان کردووە تا بتوانن هاوکاری پێویست بگەیەننە ئەو ماڵانەی کە لەم دۆخەدا زیانیان بەرکەوتووە و پارەی پێویستیان لە ماڵەوەدا نەماوە بۆ کڕینی پێداویستییەکانیان.

هاوکات بەرپرسانی باڵای حکومەتی هەرێم داوایان لە خاوەن موڵک و کەرتی تایبەت کرد، کرێی ئەم مانگە لە کرێچییەکانیان وەرنەگرن و هاوکاری پێویستیان بکەن.

لەمبارەیەوە دڵشاد مەجید، ڕۆژنامەنوس و شیکەرەوەی ئابووری لە فەیسبووکی خۆی نویسویەتی، "کەی تۆ کرێی تابلۆی ناو و ناونیشان و ئەو ھەموو باجانەت لەسەر دوکاندارو کاسبکاران وەرنەگرت، ئەوکات داوا لە خاوەن موڵکەکان بکە کەیارمەتی کرێچیەکانیان بدەن."

هەروەها دەڵێت، "ئەم حکومەتە بۆ پارەدان تەنیا داوا لە خەڵک دەکات، بەڵام خۆی دینارێ لەسەر ڕوحی کەس دانانێت."

هاوکات دکتۆر محەمەد عەلی، مامۆستای زانکۆ لە فەیسبوکی خۆی ڕەخنەی لە بڕیارەکەی حکومەت و وەزیری دارایی گرتووە و دەڵێت، ئێستا لە هەموو کات زیاتر خەڵک پێویستی بەپارەو خەرجییە، ئەگەر ڕۆژانی ئاسایی هاوڵاتیان بەشی ئەو ڕۆژە یان چەند ڕۆژێک پێویستییەکانی ژیانیان کڕی بێت، ئێستا دەبێت خەمی زیاد لە هەفتەو بگرە مانگیش بخۆن، چونکە لەبەردەم دۆخێکی نادیاردان و دیارنییە تا کەی ئەم دۆخە درێژە دەکێشێت.

لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا پەرلەمانتارانی گۆڕان و یەکێتی لەسەر ئەم پرسە هێرشیانکردەسەر یەکتر، ڕەخنەکانیش زیاتر بە ئاراستەی گۆڕان و وەزیری دارایی بوون کە لەپشکی ئەودایە.

حکومەتی هەرێم جگە لە دابەش نەکردنی موچەی مانگی ١٢ی ساڵی ڕابردوو کە بەبیانووی قەدەغەی هاتووچۆوە ڕایگرتووە، مووچەی دوو مانگی ئەمساڵ و موچەی هەشت مانگی ڕابردوو لەگەڵ موچەی ١٢ مانگی خانەنشینان قەرزدارە.

ک.س