دامەزراندنی کەناڵی ئابوری نێوان ئێران و ئەوروپا ڕاگەیەندرا

کارەکانی دامەزراندنی کەناڵی ئابوری نێوان ئێران و ئەوروپا 'بۆ پشتیوانی لە دانوستانە بازرگانییەکان' لەلایەن وڵاتانی ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیاوە گەیشتە کۆتایی بە فەرمی ڕاگەیەندرا.


دوای چەندین مانگ دانوستان و کێشمەکێش، هەواڵنێری فەرمی فەرەنسا ئەمڕۆ ڕایگەیاند، کە کارەکانی دامەزراندنی کەناڵی ئابوری نێوان ئێران و ئەوروپا 'بۆ پشتیوانی لە دانوستانە بازرگانییەکان' گەیشتە کۆتایی و ئەمڕۆ بە فەرمی دەست بەکارەکانی دەکات.

هەروەها راگەیندراوە، کە نوسینگەی ئەم ناوەندە بازرگانییە کە لەلایەن سێ وڵاتی ئەلمانیا، فەرەنسا و بەریتانیاـوە بەڕێوە دەبرێت، لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا دەبێت..

بڕیارە ئەم ناوەندە بازرگانییە ئاسانکاری بۆ کاروباری دانوستاندنی کاڵا و خزمەتەکان لەگەڵ ئێران بکات، هەروەها ئەم ناوەندە دەبێتە پردێکی پەیوەندی نێوان کەرتی تایبەت و دەوڵەتی ئێران لەگەڵ کۆمپانیا ئەوروپیەکان، بە جۆرێک کە ئێران دەتوانێت لە جیاتی پارەی هەناردە نەوتییەکانی خۆی، کاڵا و خزمەتگوزاریی وەربگرێت لە کاتی پێویستدا.

لەسەر هەمان بابەت ئەمڕۆ حەمید بەعیدی نژاد باڵیوزی ئێران لە بەریتانیا لەسەر تویتەری خۆی ئەو هەواڵەی پشتڕاست کردووەتەوە و نووسیویەتی: "ئەم ناوەندە بە ناوی INSTEX لە پاریس دەبێت و هەرسێ ولاتی ئەوروپیی (ئەڵمانیا، بەریتانیا و فەرەنسا) بەشدارن تێدا و سەرۆکەکەشی کەسێکی ئەڵمانییە".

جێگای ئاماژەیە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێشتر ڕایگەیاندبوو ئەگەر ئەم کەناڵە بۆ دانوستاندنی بازرگانی لەگەڵ ئێران دابمەزرێت، ڕێکخراو یان کۆمپانیە ئەوروپیەکان کە دەستیان لەو کارە دابێت ڕووبەڕووی سزای قورس دەبنەوە، لەلایەکی دیکەوە ئێرانیش هەڕەشەی لە ئەوروپا کردبوو، کە ئەگەر ئەو کەناڵە دانەمەزرێت، ڕێوشوێنیکی دیکە دەگرنەبەر.

س.ح