"دانانی وێستگەی تەکسی قەرەباڵغیی کەمدەکاتەوە"

بەڕێوبەرایەتی گواستنەوەی سلێمانی لەپێناو کەمکردنەوەی قەرەباڵغی و ئاسانکاری بۆ شۆفێران بڕیاری دانانی وێستگەی بۆ تەکسییەکان داوە، لەسەر بڕیارەکەش شۆفێران بۆچوونی جیاوازیان هەیە.


بە پێی وتەی سەرۆکی سەندیکای گواستنەوە- لقی سلێمانی، لەناو شاری سلێمانی زیاتر لە ٢٧ هەزار تەکسی هەیە و بەڕێوبەرایەتی گواستنەوەی ئەو شارەش بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمەڵیک کۆمپانیا لە کەرتی تایبەت، بڕیاریانداوە بە دامەزراندنی چەند وێستگەیەک و دابەشکردنی تەکسییەکان بەسەریاندا.

بەرپرسان دەڵێن، پڕۆژەی ڕێکخستنی تەکسییەکان بە ئامانجی کەمکردنەوەی ترافیک و قەرەباڵغی ناو شار و هەروەها لەپێناو بەرژەوەندی هاوڵاتیان و شۆفێرەکانە، کە لە ئێستادا لە قۆناغی جێبەجێکردندایە.

هاوکات لە پرۆژەکەدا جیاکردنەوەی تەکسی ناوشار و دەرەوەی شار و پێدانی کارت پێیان دیاریکراوە.

جەلال ئەبوبەکر، سەرۆکی سەندیکای گواستنەوە- لقی سلێمانی، دەربارەی سود و زیانی ئەو بڕیارە بە ڕۆژنیوزی وت: ئەگەر بزانین ئەو بڕیارە لە بەرژەوەندی شۆفێراندا نییە ئەوا ڕێگە نادەین کە جێبەجێ بکرێت، بەڵام ئەمە نەک تەنیا قەرەباڵغی کەمدەکاتەوە، بەڵکو شۆفێران لە بری گەڕانی زۆر بە دوای نەفەر و بە فیڕۆدانی سووتەمەنی، لە وێستگەدا کارکردن کارئاسانی زیاتریان بۆ دەکات.

ئەو بەڕێوبەرە تیشکی خستەسەر ئەوەی، کە ئەو پرۆژەیە دەبێتە ڕیگرییەک لەو تەکسییانەی کە ڕۆژانە لە دەرەوە دەچنە ناو شاری سلێمانی و ئاماژەشی بە بوونی زیاتر لە ٢٧ هەزار تەکسی گواستنەوە لەناو شاری سلێمانی کرد.

محەمەد قادر، ماوەی چوار ساڵە کاری شۆفێری تەکسی دەکات و جگە لەوە کارێکی دیکەی نییە، بۆیە ئەو بڕیارە بە هەنگاوێکی باش وەسف دەکات و دەڵێت: بڕیارێکی باشە و کەسانی وەکو ئێمە کە ئیشی یەکەممانە، سوودی لێدەبینین و بە دڵنیاییەوە لە سەدا سەد فەرق دەکات، چونکە کەسانی دیکە هەن مووچەخۆرن و لە هەمانکاتیشدا کاری تەکسیش دەکەن، کە وا دەکات نەفەر کەمتر بێت و ڕۆژانە من ٢٠-٢٥ هەزار پەیدا دەکەم کە ١٠ هەزاری بۆ بەنزین سەرف دەبێت.

بە پێچەوانەوە کارمەند بەکر، کە ١١ ساڵە پێشمەرگەیە و مووچەکەی ٥٠٠ هەزار دەبێت و لە خانووی کرێدایە، دەربارەی ئەم جۆرە بڕیارە و زیانەکانی بۆ ئەوان وتی: ئەمە لە کاتێکدا باشە کە ئێمەی مووچەخۆر مووچەکانمان زیاد بکرێت یان پاشەکەوت لاببرێت، چونکە من بە ٥٠٠ هەزار مووچە و خانووی کرێ، کە ٣٠٠ هەزار دەدەم ئەو پارە بە هیچ جۆرێک بەشم ناکات و ناچارم پەنا بۆ کاری دیکە بەرم.

وتیشی: بۆ ئەو کەسانەی لە خوار ٦٠٠ هەزارەوە مووچە وەردەگرن ناچارییە کاری دووەم بکەن.

ک.ک