دانانی پێنج هەزار كامێرای چاودێریی بۆچوونی جیاوازی بەدوای خۆیداهێناوە

بڕیاری دانانی پێنج هەزار كامێرای چاودێری بە بودجەی زیاتر لە سێ ملیار دینار، لە شەقام و گەڕەكەکانی نێو شاری هەولێر، کاردانەوەی توێژەجیاوازەکانی ئەو شارەی لێدەکەوێتەوە، پێیانوایە لەئێستادا کاری گرنگتر لە دانانی کامێرا هەیە حكومەت گرنگی پێبدات و چارەسەریان بكات، بۆ نمونە ئەو پارەیە لە پرۆژەی وەك ڕێگاو بان خەرج بكارایە.


وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگای بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی هەولێرەوە بڕیاریداوە پێنج هەزار كامێرای چاودێری لە شەقام و گەڕەكەکانی نێو شاری هەولێر بە مەبەستی پاراستنی ئاسایش بە بودجەی زیاتر لە سێ ملیار دینار دابنێت لە ئێستاشدا دەست بە جێبەجێکردنی بڕیارەکە کراوە، ئەوەش کاردانەوەی خەڵک و توێژەجیاوازەکانی ئەو شارەی لێکەوتووە بەشێک پێیانوایە دانانی ئەو کامێرانە بۆ چاودێری کەسانی دەرەوەی حیزبە دەسەڵاتدارەکانە بەشێکی دیکەش دەڵین کاری گرنگتر هەبوو لەبری ئەوە بکرێت.

سەبارەت بە دانانی كامێرای چاودێری عەبدلوەهاب عەلی، هاوڵاتیی شاری هەولێر بۆ ڕۆژنیوز قسەی کرد و وتی: دانانی كامێرا پێویستە و لەهەموو وڵاتێكیش گرنگی پێدەدراوە، بەڵام شتی زۆر لەوە گرنگتر هەیە كە حكومەت گرنگی پێبدات و چارەسەریان بكات بەنمونە دەكرا لەجیاتی ئەم بڕە پارە زۆرە كە لەدانانی كامێرا خەرج دەكرێ لە چاككردنی ڕێگاوبانەكان خەرج بكرابایە، چونكە ڕۆژانە بەهۆی خراپی ڕێگاو بانەكان هاوڵاتیان تووشی ڕووداوی هاتوچۆدەبن و دەبنە قوربانی هەرلەبەر ئەمەشە زۆرینەی ڕێگاكان بەڕێگای مەرگ ناسراون، بۆیە بەڕای من دەبوایە حكومەتی هەرێم  بیری لە پڕۆژەی زۆر گرگتر لەمە كردایەتەوە كە پەیوەندی بە گیان و سەلامەتی هاوڵاتیانەوە هەیە.

هەروەها سەعید عەبدوڵا، ڕۆژنامەنووس، دەڵێت: دانانی پێنج هەزار كامێرای چاودێری لە هەولێر لە كاتێَكدایە كە لە ساڵی ٢٠٠٣وە تاوەكو ئێستا لە هەرێمی كوردستان كێشەی ئەمنی هەیە بەهۆی كێشەی عێراقەوە، بۆیە دەكرا لە جیاتی ئەو پێنج هەزار كامێرایە بڕێكی پارەی ئەو كامێرایانە بۆ خولی كارمەندانی ئەمنی و پۆلیس و تەكنیكی لێكۆڵینەوە و ئەو جۆرە پێویستیانە خەرج بكرێت، چونكە ئەو پارەیەی كە لە كوردستان بە یەكجار بۆ كامێرا خەرج كراوە لە هیچ شوێنێكی دینا نەبووە، بەڵام ڕەنگە بەپێی قۆناغ و پێویستی جیاواز لەوەش زیاتر بووبێت بەڵام بەیەك جار نەبووە ئەو بڕە پارە زۆرە تەرخان بکرێت.

وتیشی: بەگشتی ئەوە پارەیە زۆرە كە خەرج دەكرێت لە ئێستادا چونكە ئێمە پێویستی خزمەتگوزاری و پرۆژەی ئاو و كارەبا و شەقام و نەخۆشخانە و خوێندنگامان هەیە دەكرا لە جیاتی ئەو پارەیە نیوەی پارەكەی بۆ دروستكردنی قوتابخانەی دوو گوند بەكاربێت كە ئێستا نیانە.

 بەپێی زانیارییەكانی ڕۆژنیوز لە ئێستادا پرۆژەكە لە بەشێك لە شەقام و گەڕەكەکانی شاری هەولێر كەتووەتە بواری جێبەجێكردنەوە چاوەڕوان دەكرێت لە داهاتوویەکی نزیكدا تەواوی كامێراكان دابنرێت، كامێراكانیش ڕاستەوخۆ دەبەسترێنەوە بە مانگی دەستكردەوە و دەستەیەكی تایبەتیش دادەنرێت بۆ بەڕێوەبردنی كاروبارەكانی و بە بەردەوامی چاودێری دەكەن هەروەها بڕیارەكەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان سەرجەم پارێزگاكان دەگرێتەوە و لەقۆناغی یەكەمدا لە پارێزگای هەولێرەوە دەستبەجێبەجێکردنی کراوە.

ک.س