دانانی گومرگ لەنێوان کەرکوک و هەرێم نرخی شتومەکی بەرزکردووەتەوە

دانانی خاڵی گومرگ لە نێوان 'كەركوك - سلێمانی و كەركوك- هەولێر'، هاوڵاتیانی کەرکوکی بەتەواویی نیگەران کردووە و باس لەوە دەکەن، کە کەس خاوەندارییان لێناکات و دەشڵێن: زیانەکەی تەنها بۆ هاوڵاتیانە و بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی شتومەک.


لەسەر ڕێكەوتنی حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق، ٢٢ی مانگی  ڕابردوو خاڵی گومرگی لە نێوان كەركوك و شارەكانی دیکه‌ی هەرێم دانرا، ئەوەش دوای كردنەوەی ڕێگای كەركوك  - هەولێر بوو، كە حكومەتی عێراق بە مەرج ئامادەیی پیشاندا بۆ كردنەوەی ڕێگاکه‌، مەرجەكەشی بریتی بوو لە دانانی خاڵی گومرگ.

دانانی خاڵی گومرگ لە نێوان كەركوك و شارەكانی هەرێمی كوردستان، نرخی شتومەك و سەرجەم پێداویستەكانی ڕۆژانەی هاوڵاتیانی کەرکوکی بەرزكردووه‌تەوە، ئەمەش ناڕەزایەتی لای هاوڵاتییان و كاسبكارانی شارەكە دروست كردووە و داوادەکەن، کە دەسەڵاتدارانی هەرێم و بەغدا هاوکارییان بکەن نەک ژیانیان ناخۆشتر بکەن.

دانا عەلی، کە خاوەنی كۆگای فرۆشتنی خواردنی وشكە، بۆ ڕۆژنیوز دواو باسی لەوە کرد، کە دانانی خاڵی گومرگی ڕەوشی بازاڕی بەگشتی تێكداوە و وتی:"ئەو خاڵە گومرگییە وایكردووە كە خەڵكی نەزانن چۆن كار بكەن و چی بكڕن، گلەیی یەكەمەمان لە حكومەتی هەرێمە، چونكە ئەوان بە خاوەنی خۆمان دەزانین، دەبێت بەرگریمان لێبكەن بۆ ئەوەی ئەم دۆخەمان بۆ چاك بكەن، بەڵام بەداخەوە ئەوان تەنها تەماشای كەركوك دەكەن و هیچیتر".

دانا دەڵێت هەموو دوكاندارەكان مانگانە پارەی ئاو و کاره‌با دەدەن بە حكومەت و بە سەرسوڕمانەوە وتی: چۆن دەكرێت لە نێوان دوو شاردا پارەی گومرگیش بدەین!، ئەو كەلوپەلانەی كە هاوردە دەکرێن لەسەر سنور پارەی گومرگی دراوە، ناكرێت لێرەش لە تۆنێك كەلوپەل ١٨٠ دۆلار پارەی گومرگ بدرێت،  بۆیە ناتوانین كەسابەتی خۆمان بكەین و كەلوپەلیش گران بووە بەشێوەیەكی زۆر، وه‌ ڕۆژ به ‌ڕۆژ ژیانی که‌رکوکییه‌کان خراپتر ده‌بێت، که‌سیش نیه‌ به‌رگریمان لێبکات.

هەروەها جەمال عەبدولكه‌ریم کاسبکار و خاوەنی گۆگایەكی دیکەیە و دەڵێت:"خاڵی گومرگی لە نێوان دوو وڵات دەبێت نەك دوو شار، ئەوەی ئێستا بەرامبەر كەركوكییەكان دەكرێت زوڵمێكی گەورەیە، حكومەتی هەرێم و عێراقیش بە چاوی بەرژەوەندییەوە سەیری كەركوك دەكەن".

 لەسەر زیانەکانی ئەو گومرگە جه‌مال وەها قسەیکرد: لەم دۆخەدا تەنها هاوڵاتییان زەره‌رمەندی یەكەمن، چونكە ئه‌گەر كەلوپەل گران بكرێت ئەوا ئێمه‌ش بەگران دەیفرۆشین، هاوڵاتییانیش ناچارن كەلوپەلی ڕۆژانەی خۆیان بكڕن به‌هه‌ر نرخێک بێت.

محێدین كەریم، هاوڵاتییەكی شاری که‌رکوکه‌، ئەویش نیگەرانە لەو خاڵە گومرگییە و پێی وایە، دانانەکەی تەنها زیانی بۆ ئەوانە وەک هاوڵاتی، و ئەوەشی وت "ئەمڕۆ یەك كیلۆ ته‌ماته‌م بە دوو هەزار دینار كڕیووە، باشە ئەوە گریمان كەسی دەوڵەمەند دەتوانێت بیكڕێت، ئەی كەسێكی هەژار و كرێچی چۆن ده‌توانێت".

ئەو هاوڵاتییە ئەوەشی خستەڕوو، کە كەركوك كەس خاوەنداریی لی ناكات و وتیشی: ئەم شارە كە كوردستانییە بۆ كەس ناویرێت بڵێت ئەو دۆخە چیە لە كەركوك دەگوزرەێت، هاوڵاتیانی كەركوك لە نێوان حكومەتی هەرێم عێراقدا تیاماون، ئێمە داوا لە حکومه‌تی هەرێم و عێراقیش دەكەین، هاوكاری خەڵكی كەركوك بكەن نەك ژیانیان ناخۆش بكەن.

س.ح