داهاتووی مووچە نادیارە

جارێکیتر مووچەی فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مەترسیدایە و داهاتووی نادیارە، نزیکەی مانگێک ماوە لەبەردەم بەرپرسانی هەرێم و ناوەند دا بۆ ڕێککەوتن، لەهەموو ئەگەرێکی ڕێکنەکەوتندا هاوڵاتیان بەگشتی و فەرمانبەرانی هەرێم بە تایبەت باجەکەی دەدەن.


هەرچەندە ئەمڕۆ سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گەیشتە هەولێر و دوێنێش سەرۆک کۆماری عێراق لە هەولێر بوو، بەڵام هێشتا داهاتووی نێوان بەغدا و هەولێر نادیارە، هەوڵەکانیش لە نیوان بەرەی سووننەو کورد دایە، ئەگەرچی دەسەڵاتی زۆرینە و باڵادەست لای شیعەی عێراق-ە، بۆیە بە باوەڕی چاودێران باشترین کار بۆ کورد گەڕانەوەیە بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی ناوەندیدا.

وەک ڕاوێژکارانی سەرۆکایەتی کۆمار و پەرلەمانتاران باسی دەکەن، سەردانەکەی دوێنێ-ی د.بەرهەم ساڵح بۆ هەولێر و بینینی هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم، پەیامێکی پێبووە لەسەر ئەوەی کە بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان لە مەترسیدایە و پێویستە هەرچی زوو لەگەڵ ناوەند-دا دانیشتن و ڕێککەوتن بکرێت، بەڵام جگە لە پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ دانووستان بە سەرۆکایەتی خالید شوانی، تا ئێستا هەڵوێستی هەرێم ڕوون نییە.

بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنیوز، لەسەر ناردنی بودجەی هەرێم لەم ماوانەی دووایدا، لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق سێ جار فواد حسێن وەزیری دارایی بانگهێشت کردووە، کە لە پشکی 'پارتی دیموکراتی کوردستان- عێراق' وەزیرە، پێی وتووە نابێت بەو شێوازە بودجەی هەرێم بنێردرێت، لە وەڵامدا وەزیر وتویەتی، "من بەپێی دەستووری عێراق و یاسای بودجەی ٢٠١٩ بودجەم ناردووە، ئێوە یاسایەکە هەموار بکەنەوە لە پەرلەمان با ئێمەش بەو یاسایە کاربکەین".

هەروەها لیژنەی دارایی بەرپرسانی کۆمپانیای سۆمۆیان بانگهێشت کردووە کە نەوتی عێراق هەناردە دەکەن، ئەوانیش لە بەردەم لیژنەکەدا ئەوەیان دووپاتکردووەتەوە، کە هەرێمی کوردستان یەک بەرمیل نەوتی لەڕێگەی ئەوانەوە هەناردە نەکردووە.

بەپێی یاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٩، لەبەرامبەر ناردنی بودجەدا لە بەغداوە، دەبێت ڕۆژانە هەرێم لەڕێگەی سۆمۆوە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکات، لە ئەگەری هەناردە نەکردنیدا، ئەوکاتە مووچە و بودجە نابڕدرێت، بەڵام پارەی ئەو ٢٥٠ هەزار بەرمیلە لە بودجەکە دەبڕدرێت، ئەمەش تا ڕادەیەک باشبووە بۆ هەرێم، بەڵام پێناچێت لە بودجەی ساڵی دهاتوودا '٢٠٢٠' پەرلەمانی عێراق بەم شێوەیە دەنگ لەسەر بودجە بدات.

دەبوو لەم ڕۆژانەدا شاندی هەرێم سەردانی بەغدا بکات بۆ گفتوگۆ، چونکە تەنها نزیکەی مانگێک کات ماوە بۆ ڕێککەوتن پێش دەنگدان لەسەر بودجەی ٢٠٢٠، بەڵام بەهۆی سەفەری بەرپرسانی باڵای عێراقەوە بۆ چین، شاندەکە نەچووە و دیاریش نییە کەی دەچێت.

ئەوەی ڕێککەوتنی قورس کردووە، مەرجەکانی حکومەتی هەرێم و داواکانی ناوەندە، چونکە هەرێم داوا دەکات عێراق ملیاران دۆلاری چەند ساڵی ڕابردووی هەرێم بنێرێت کە بڕیبووی، هەروەها داوا دەکەن کە حکومەتی عێراق قەرزی کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێم بداتەوە، بەغداش بە ئاماژە کردن بۆ ئەوەی نەوت لە ڕێگەی بەغداوە نەنێردراوە داهاتەکەشی نەنێردراوە بۆ بەغدا، ئەوە ئامادەنین پارەی ڕابردوو بۆ هەرێم بنێرن.

یەکێکیتر لە ئاستەنگییەکانی نێوان هەرێم و ناوەند، داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکانە، کە عێراق دەڵێت دەبێت بگەڕێتەوە ناوەند و تا ئێستا وەک ئەوەی ئەوان ویستوویانە نەگەڕاوەتەوە ناوەند، هەرێم پێناچێت بۆ ئەمە ناکۆکیی هەبێت، بەڵام بەگشتی ڕوون نەبووەتەوە.

شێروان میرزا ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی، پێیوایە هێشتا کات ماوە و هەرێم و ناوەند دەتوانن ڕێکبکەون لەسەر بودجەی داهاتووی هەرێم و هەناردەکردنی نەوت.

شێروان میرزا بە ڕۆژنیوزی وت: دەبوو شاندی هەرێم بێنە بەغدا، بەڵام سەفەری سەرۆک وەزیران و بەشێکی وەزیرەکان بۆ چین ئەم سەردانەی دواخستوو، وتیشی: ئومێد هەیە ڕێکبکەون و کێشەکان چارەسەرببن، چونکە هەردوولا خواستی ڕێککەوتنیان هەیە.

دەربارەی بڕینی مووچەی فەرمانبەران، ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی، وتی: ئێمە هەوڵ دەدەین مەسەلەی مووچە و هەناردەی نەوت لەیەک جیابکەینەوە بۆ ئەوەی هاوڵاتیان باجەکەی نەدەن.

لەوەڵامی پرسیاری، ئایا ئەگەر هەرێم و ناوەند نەگەنە ڕێککەوتن بۆ هەناردەی نەوتی هەرێم، بەغدا مووچە دەنێرێت؟ شێروان میرزا وتی:"بێگومان ئەرکی ئێمە قورستر دەبێت، وە ناشتوانین پێش ڕووداوەکان بکەوین، جارێ با بزانین گفتوگۆکان بەکوێ دەگەن".

ئەمانە لە کاتێکدایە، بەرپرسانی باڵای عێراق و لایەنە سیاسییەکان، بەتایبەت لایەنی شیعە دژایەتی خۆیان دەربڕیوە لەسەر ئەو بودجەیەی ئێستا ڕەوانەی هەرێم دەکرێت و هەرێمی-ش نەوتی نەناردووە، بۆئەمەش لە هەوڵی کۆکردنەوەی واژۆدان دژی وەزیری دارایی بۆ بانگکردنی بۆ پەرلەمانئ عێراق.

س.ح