داهاتووی نادیاری ئێران دوای گەمارۆکان

ئەمڕۆ کاتژمێر ٠٠:٠٠ بە کاتی ئەمریکا، هەموو گەمارۆکانی سەر ئێران، ئەوانەی بەپـێی ڕێککەوتنە ناوکیـیەکەی ساڵی ٢٠١٥ لەگەڵ تاران کە بە "بەرجام" ناسراوە هەڵگیرابوون، دەگەڕێنەوە، کۆشکی سپی بەوهیوایەی، کە بە سەپاندنی دووبارەی گەمارۆکان، فشارەکان بۆسەر ئابووریی ئێران بگاتە ئاستی پێش ڕێککەوتنە ناوکییەکە.


دۆناڵد ترامپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا، ٨ی ئایاری ٢٠١٨ چوونەدەرەوەی وڵاتەکەی لە ڕێککەوتنەکە ڕاگەیاند، لە هەمان مانگدا مایک پێمپئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ستراتیجی تازەی وڵاتەکەی لە بەرامبەر ئێران ڕاگەیاند و هۆشدارییدا، ئەگەر ئێران ڕێگەی خۆی نەگۆڕێت " دژوارترین گەمارۆکانی مێژوو" بە سەریدا دەسەپێت.

سەبارەت بە گەڕاندنەوەی گەمارۆکانی سەر ئێران و هەڕەشەی سەپاندنی گەمارۆی زیاتر، پێشبینی زۆر هەیە، لە "ڕێککەوتنێکی دیکەی ئەتۆمی" هەتا "گۆڕینی ڕژێمی ئێران"، بەڵام ڕێککەوتنی تازە بە سەرنج دان لە سیاسەتەکانی ئێران و ئەو ١٢ مەرجەی ئەمریکا بۆ دانووستان لە گەڵ ئێران دایناوە، دوور دیارە.

کاریگەریی گەمارۆکان بۆسەر سفرەی ئێرانیەکان چییە؟

ئێران هەر لە دەستپێکی گەمارۆکاندا، بە بێکاریگەریان دەزانی و بانگەشەیان دەکرد، کە کاریگەریی لەسەر ئابووریی ئێران نابێت، لە سەر ئەم بابەتە ئیسحاق جەهانگیری، جێگری سەرۆک کۆماری ئێران پێشتر وتبووی گەڕانەوەی خولی دووەمی گەمارۆکان هیچ کاریگەرییەکی نابێت، بەڵام ئابووریناسانی ئێران بە پشت بەستن بە داتاکانی بازاڕ و بوورسە ئەو وتانەی کاربەدەستانی حکومەت ڕەت دەکەنەوە و پێانوایە گەمارۆکان کاریگەرییەکی یەکجار زۆری داناوە لە سەر ئابووریی گشتی ئێران و بەرز بوونەوەی بەهای کاڵا و خۆراک و وەستانی کەرتی پێشەسازیی و بڵندبوونی ڕێژەی بێکاریی و دروستبوونی هاڵئاوسانی لە ڕادەبەدەر و بووەتە هۆکاری بەتاڵبوونی سفرەی هاوڵاتیان.

زۆرینەی بەرهەمهێنەرانی ماددە خۆراکییەکان لە دەستپێکی خولی یەکەمی گەمارۆکان و بەرز و نزم بوونەوەی بەهای دۆلار، ڕووبەڕووی بەرزبوونی بەها و کەمبوونەوەی بەرهەم بوونەتەوە، بەهای هەندێک شت وەک: ڕۆن، مەعکەرۆنی، گۆشت، مریشک، دۆشاوی تەماتە و شیرەمەنیی، بەرزبوونەوەی بەرچاویان هەبووە.

هەڵئاوسان، بێکاریی، کەم بوونی ئاو، بەستراوەیی بە هاوردە کردن، گەشەی زۆری نەختینە، ئەو شتانەن کە ئابووری ئێرانیان خستبووە ژێر فشار و تا ئێستا دەوڵەتی ئێران نەیتوانییە چارەسەرێکیان بۆ بدۆزێتەوە، لە ئەمڕۆیشەوە گەمارۆکان دێنە سەر ئەو کێشانە و ئەگەر ڕێکارێک بۆ چارەسەر کردنیان نەدۆزرێتەوە، دیسان ئەوە خەڵکی ئێران کە ناچار دەبن سفرەکانیان بچووک بکەنەوە.

هەرچەند کاربەدەستانی ئێرانی دەڵێن گەمارۆکان کاریگەریی لەسەر ئابووریی ئێران و دۆخی ژیانی خەڵک ناکات بەڵام، نرخی دۆلار لە سەر تابلۆ سەڕافییەکان، بەرزبوونەوەی بەهای خۆراک و کاڵاکان، بێکاریی و زیادبوونی هەژاریی، پێچەوانەی قسەکانی ئەوانە.

چی بەسەر ئابووریی ئێران دێت، چێ بەسەر سفرەی خەڵک دێت و چ داهاتوویەک چاوەڕی حکومەتی ئێران دەکات؟!

هەرچەندە پێشبینیی زۆر دەکرێت لەوبارەیەوە، بەڵام زۆرێک لە چاودێران دەڵێن، کە بۆ بڕیاردان زووە و پێویستە چاوەڕێی ڕۆژانی داهاتوو بین.

ش.ف