داهاتی خاڵە گومرگییەکان کێشەیەکی دیکەی نێوان هەرێم و بەغدایە

نەگەڕانەوەی داهاتی خاڵە گومرگییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ خەزێنەی عێراق، کێشەیەکی دیکەی نێوان هەولێر و بەغدایە و هەر ئەوەش بە نێودەوڵەتیکردنی چەندین مەرزی دیکەی هەرێمی ڕاگرتووە، هەروەها ڕەنگە عێراق جارێکی دیکە خاڵی گومرگیی لەنێوان کەرکوک و- هەولێر و سلێمانیدا دانێتەوە.


هەرێمی کوردستان خاوەن چوار دەروازەی سنووریی نێودەوڵەتیی و پێنج دەروازەی سنووریی نافەرمییە، ساڵانەش لەو دەروازانەوە بە بەهای ٢٠ ملیارد دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانیی دەکات، بەگوێرەی یاسای ئیدارەدانی دارایی و قەرزی گشتیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پێویستە هەموو داهاتەکان لە سەرانسەری عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە، بگەڕێنەوە بۆ حکومەتی ناوەندیی، بەڵام هەتا ئێستا هەرێمی کوردستان پابەندنەبووە بەم یاسایەوە.

نزیکەی مانگێک پێش ئێستا، لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بانگهێشتی کازم عیقابی، سەرۆکی دەستەی خاڵە سنوورییەکانی عێراقی کرد لەسەر پرسی خاڵە سنوورییەکان، بەوتەی شیروان میزا قادر، ئەندامی لیژنەی دارایی، کازم عیقابی لەبەردەم ئەندامانی لیژنەکەدا ئەوەی خستووەتەڕوو، کە حکومەتی هەرێم پابەند دەبێت بە پێناسی گومرگیی عێراقەوە، بەڵام ئامادەنییە داهاتی خاڵە سنوورییەکان بگێڕێتەوە بۆ ناوەند.

ڕۆژی ٢٩/٤/٢٠١٩ـش، شاندێکی لیژنەی ئابووریی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق سەردانی هەولێریان کرد و لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی هەرێم کۆبوونەوە، لەسەر چەند خاڵێک کە دیارترینیان یەکبوونی پێناسی گومرگیی و هەماهەنگیی تەندروستیی بوو گەیشتنە ڕێککەوتن، گفتوگۆش لەسەر پرسی گەڕاندنەوەی داهاتی خاڵە گومرگییەکان لەنێوانیاندا کراوە، بەڵام نەگەیشتوونەتە ئەنجام.

ئێستا پرسی داهاتی خاڵە گومرگییەکانیش چووەتە پاڵ پرسی ڕادەستنەکردنی ٢٥٠ هەزار بەرمیلی نەوتی ڕۆژانە لەلایەن هەرێمەوە بە کۆمپانیای سۆمۆ، کە پێشمەرجی حکومەتی عێراقە بۆ ڕەوانەکردنی کۆی بەشە بودجەی هەرێم، شیروان میرزا لەوبارەیەوە وتی: پرسی داهاتی گومرگ پەیوەندیدارە بە کۆی گشتیی بودجەی هەرێمەوە، ئەگەریش حکومەتی هەرێم نەوتیش ڕادەست بکات، بەڵام داهاتی خاڵە سنوورییەکان ڕادەست نەکات، ئەوکاتیش دووبارە دەبێتەوە گرفت.

ئەحمەدی حاجی ڕەشید، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران، لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنیوز ئاماژەی بە هۆکارێکی ڕادەستنەکردنەوەی داهاتی خاڵە گومرگییەکان کرد و وتی: بەپێی زانیارییەکانی ئێمە، چوار مانگە حکومەتی هەرێم پارەی نەوتی لە تورکیاوە بۆ ناگەڕێتەوە، ئەمەش بووە بە گرفت بۆ حکومەتی هەرێم، ئەگەر عێراقیش داهاتی خاڵە گومرگییەکانی لێ وەرگرێتەوە، ئەوا حکومەتی هەرێم بەهیچ شێوەیەک ناتوانێت چالاکییە ئابوورییەکانی خۆی جێبەجێ بکات.

ئەحمەدی حاجی ڕەشید، ڕاشیگەیاند: ئێمە وەک نوێنەرانی کورد تا ئێستا ڕێگربووین لەوەی کە ئەم بابەتە بە زیان بۆ خەڵکی هەرێم بشکێتەوە، بەڵام نازانین تا کەی دەتوانین لەو هەوڵانەمان بەردەوامبین.

لە ماوەی ڕابردوودا، چەند جارێک شاندی حکومەتی عێراق سەردانی مەرزە نا فەرمییەکانی کێلێ، سەیرانبەن، شوشمێ، پشتە و تیلەکۆ-یان کرد، کە دەکەونە سنووری ئێرانەوە، بۆ ئەوەی کار لەسەر بە نێودەوڵەتیکردنی ئەو مەرزانەش بکرێت، بەڵام بەوتەی شیروان میرزا، یەکێک لە هۆکارەکانی ئەوەی کە تا ئێستا بڕیاری بە نێودەوڵەتیکردنی ئەو مەرزانەی ڕاگرتووە، نەگەڕانەوەی داهاتی خاڵە گومرگییەکان بۆ حکومەتی ناوەندی.

هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بەردەوامە بۆ قاییلکردنی حکومەتی هەرێم بۆ ئەوەی داهاتی ئەو خاڵە گومرگییانە بگێڕێتەوە بۆ ناوەند و بڕیارە لە داهاتوودا شاندێکی حکومەتی هەرێم لەسەر ئەم پرسە، سەردانی بەغدای پایتەخت بکەن.

لە دوایین هەنگاویشدا، دەستەی گومرگی عێراق بە نووسراوی فەرمیی داوای لە عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە، کە بڕیار لەسەر دانانەوەی خاڵە گومرگییەکانی نێوان کەرکوک و هەرێمی کوردستان بدات، لە ٢٢ی ئەیلولی ساڵی ٢٠١٨ بە ڕێککەوتن لە نێوان هەولێر و بەغدا لە نێوان كەركوک و شارەكانی دیکه‌ی هەرێم دانران و دواتر لە ١٦ی شوباتی ٢٠١٩ هەڵگیران.

ش.ف