"داهاتی مەرزی په‌روێزخان بۆ هاوڵاتیان نییە"

ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی، ڕایده‌گه‌یه‌نن، ٨٠%ی داهاتی مه‌رزی نێوده‌وڵه‌تی په‌روێزخان بۆ ژماره‌یه‌ک کۆمپانیای ئه‌هلیی و حزبیهی و هیچ داهاتێک بۆ هاوڵاتیان نیه‌، ئاماژه‌ش به‌وه‌ ده‌که‌ن، ته‌نها گه‌رمیان بێ به‌شکراوه‌ له ‌داهاتی پترۆدۆلار، له ‌کاتێکدا ڕۆژانه‌ ٣٠ هه‌زار به‌رمیل نه‌وت به‌رهه‌مده‌هێنرێت. 


ئه‌مڕۆ محه‌مه‌د شێخ وه‌هاب و که‌ریم عەلی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی له ‌باخچه‌ی خوێندنگای له‌یلا قاسم له ‌شارۆچکه‌ی که‌لاری ناوه‌ندی ئیداره‌ی گه‌رمیان، کۆنگره‌یه‌کی ڕۆژنامه‌نووسیان ئه‌نجامدا. 

هه‌ردوو ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی له ‌کۆنگره‌ ڕۆژنامه‌نووسیه‌که‌دا، به ‌ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندنیان ڕاگه‌یاند: له ‌سنوری ئیداره‌ی گه‌رمیان له‌بواری وه‌به‌رهێنان و نیشته‌جێی بوون و بازرگانی قۆرخکارییه‌کی گه‌وره‌ هه‌یه‌ له‌لایه‌ن کۆمپانیا حزبیی و ئه‌هلییه‌کانی ناوچه‌که‌وه‌ و حکومه‌تیش بێده‌نگیی هه‌ڵبژاردووه‌.

ئاماژه‌ییان به‌وەشدا: ٨٠%ی داهاتی مه‌رزی نێوده‌وڵه‌تی په‌روێزخان بۆ کۆمپانیا حزبی و ئه‌هلییه‌کانی ناوچه‌که‌یه‌ و هیچی بۆ هاوڵاتیان  سه‌رف ناکرێت، هه‌روه‌ها له ‌گه‌رمیان ڕۆژانه‌ ٣٠ هه‌زار به‌رمیل نه‌وت به‌رهه‌م ده‌هێنرێت و یه‌ک دیناری بۆ هاوڵاتیان سه‌رفناکرێت و هیچ پرۆژه‌یه‌کی خزمه‌تگوزاری بۆ ناوچه‌که‌ لێ ناکرێت. 

له ‌به‌شێکی دیکەی کۆنگره‌ی ڕۆژنامه‌نووسیەکه‌یان ڕایانگه‌یاند: دواى هه‌وڵه به‌ردەوامه‌کانمان بۆ ڕێگه‌گرتن له ‌که‌موکورتى و گیڕانه‌وه‌ى داهاته‌کانی مه‌رزى په‌روێزخان و جێبه‌جێکردنى یاسای پترۆدۆلار، به‌ مه‌به‌ستی پاڵپشتیکردن، سه‌ردانی شه‌ش لایه‌نی سیاسی ناوچه‌که‌مان کرد، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وانیش بێنه‌ سه‌رخه‌ت و سنورێک بۆ ئه‌و هه‌موو قۆرخکارییه‌ دابنرێت و خزمه‌ت به‌ هاوڵاتیانی ناوچه‌که‌ بکرێت.

دوو ئه‌ندامه‌که‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی، باسیان له‌وه‌شکرد: داهاتی پترۆدۆلار، که‌ له‌ په‌ر‌له‌مانی هەرێمی کوردستان به ‌یاسا ڕێکخراوه‌، پاڕێزگای دهۆک تا ئیستا سێ جار بۆی سه‌رف کراوه‌، به‌ڵام گه‌رمیان  ئه‌و هه‌موو نه‌وته‌ به‌رهه‌م ده‌هێنێت و سودمه‌ند نه‌بوه‌ لێیی و یاساکه‌ جێبه‌جێ ناکرێت.

له‌ کۆتایی کۆنگره‌ ڕۆژنامه‌نوسیەکەدا باسیان لەوە کرد: داوامان له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و داوکاری گشتی و ئیداره‌ی گه‌رمیان کردووە، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م هه‌موو قۆرخکاریی و که‌موکورتیه‌ هه‌ڵوێستیان  هه‌بێت، ئه‌گه‌ر بێ هه‌ڵویست بن ئه‌وه‌ ڕێگای یاسایی دیکە وه‌ک خۆپیشاندان ده‌گرنه‌به‌ر.

 

ک.ک