داوادەکرێت حکومەتی هەرێم پابەندی بڕیارێکی بەغدا بێت

خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکانی سلێمانی و سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، کۆبوونەوە و داوادەکەن حکومەتی هەرێم پابەند بێت بە بڕیارەکەی حكومەتی ناوەند تایبەت بە قەدەغەکردنی هاوردەکردنی مریشک و ماسیی بەستو و زیندو و هێلکە.


ڕۆژی ١٨ی ئەم مانگە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هاوردەکردنی مریشکی بەستو و زیندو و هێلکە و ماسی بۆ عێراق قەدەغەکرد، بەشێک لە خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکانی هەرێمیش داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن پابەندبن بە بڕیارەکەی حكومەتی ناوەندەوە.

لەو چوارچێوەیەدا ئەمڕۆ لە سلێمانی خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان لەگەڵ سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی کۆبونەوە.

دوای کۆبونەوەکە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی هاوبەشدا سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕایگەیاند، ئەو بڕیارەی حکومەتی ناوەندی جێگەی دڵخۆشییە بۆ هەموو خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان، بڕیارەکەش لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستاندایە و دەبێتە هۆی جێگرەوەی ئەو زەررو و زیانانەی کە پێشتر لە کێڵگەکان کەوتووە، داواشیکرد هەرێمیش پابەندبێت بەم بڕیارەوە.

هەرلە کۆنگرەکەدا نازم عەبدوڵا، جێگری کۆمەڵەی کێڵگەی پەلەوەرییەکان لە شاری سلێمانی، وتی: ئێمە ساڵانە بەرهەمی خۆمان زۆر زیادی هەیە پێویست ناکات ئەو هەموو مریشکە بەستووە هاوردەی هەرێم بکرێت، وتیشی: تەنیا لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان  ٦٧ هەزار تەن مریشکامان پێویستە لە کاتێکدا ساڵانە ئێمە  ١٦٧ هەزار تەن مریشکمان دەبێت.

جەختیشیان کردووە نرخی مریشک ناگۆڕدرێت و بەهەمان نرخی پێشووی دەمێنتەوە و نرخەکەی بەرز نابێتەوە بۆ ئەوەش پێویستە لیژنەکانی قایمقامیات بەدواداچوون بکەن.

ک.س