داکشانی تمەن؛ بە سوودی دەوڵەت و زیانی خەڵکە

لە چەند مانگی ڕابردوودا بەهای تمەن زیاتر لە ٣٠٠٪ داکشاوە، ئەوەش سەرەڕای هەموو بانگەشەکانی دەوڵەت بۆ نیشاندانی وەک قەیران، لە بنەڕەتدا بە سوودی دەوڵەتە و بە زیانی خەڵک، تا ڕادەیەک کە هەندێک لە چاودێرانی ئابوری پێیان وایە، دەوڵەت دەستێوەردانی بازاڕی دراو دەکات بۆ ئەوەی بەهای تمەن زیاتر دابەزێت.


چاودێرانی ئابوری پێشبینی دەکەن، کە ئەگەر داکشانی بەهای تمەن هەر بەو خێراییە بێت، تا کەمتر لە مانگێکی دیکە هەر دۆلارێک بە ٢٠ هەزار تمەن لە بازاڕەکانی ئێراندا مامەڵەی پێدەکرێت و ئەوەش چەندین سوودی گەورەی بۆ دەوڵەتی ئێران هەیە.

بە گرانبوونی دۆلار و داکشانی بەهای تمەن، هاوکات بەو سوودانەی دەچنە گیرفانی دەوڵەتەوە، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ خەڵکی چینی خواروو و ناوەڕاستی ئێران هەژارتر دەبن و گیرفانیان بەتاڵتر.

هەر لە چەند مانگی ڕابردوودا بەهای کاڵا سەرەکییەکان ٧٢٪ زیادی کردووە، ئەوە لە کاتێکدایە، کە مووچەی کرێکاران و کارمەندان لە شوێنی خۆیەتی و دەوڵەتی ئێران قبوڵی نەکرد کە لە سەرەتای پایزەوە مووچەکان زیادبکات.

کەواتە ئەو قەیرانەی حکومەتی ئێران هەوڵ دەدات وای نیشان بدات دەیەوێت کۆنتڕۆڵکردنی بکات، بەشێکی بەئەنقەست و بە دەستی حکومەت خۆی ئەنجام دەدرێت، بۆ ئەوەی ئەم بانگەشەیە پشتڕاست بکرێتەوە پێویستە بزانین کە ئەو قەیرانە چ سوودگەلێکی بۆ دەوڵەت هەیە.

دەوڵەتی ئێران لە ڕواڵەتدا دەڵێت، کە ناڕازییە بە گرانبوونی کاڵا سەرەکییەکان، بەڵام لە پشتی پەردەوە دەبیندرێت، ئەو گرانبوونە سەرسووڕهێنەرە بووەتە هۆی گرانبوونی چەند ئەوەندەی نرخی بلیتی گەشتە ئاسمانییەکان، کە بە شێوەی تەرخانکراو لە دەستی دەوڵەتدایە و هەموو داهاتەکەی دەچێتە گیرفانی دەوڵەتەوە، لە ئێستادا تەنانەت پێش ئەوەی دۆلارە بگاتە ٢٠ هەزار تمەن، دەوڵەتی ئێران بلیتی فڕۆکە و گەشتە ئاسمانییەکان بەو نرخە لە دۆلار دەفرۆشێت، ئەوەش داهاتەکەی لە پیشەسازیی گەشتە ئاسمانییەکان چەند ئەوەندە دەکات.

لەلایەکی دیکەوە داکشانی بەهای تمەن و گرانبوونی کاڵا سەرەکییەکان وایکردووە بەهای ئۆتۆمبێلە ناوخۆییەکان کە ئەویش بە شێوەی تەرخانکراو لە دەستی دەوڵەتدایە، تا دوو ئەوەندە زیادبکات، تەنانەت دەوڵەت هەموو ئەو گرێبەستانەی هەڵوەشاندووەتەوە وا هاوڵاتیان پێش داکشانی بەهای تمەن بۆ کڕینی ئۆتۆمبێل بەستوویانە و ناچاری کردوون بە بەهای نوێ داوای ئۆتۆمبێل بکەن.

لەلایەکی دیکەوە فرۆشتنی نەوت و هەروەها هەموو ئەو پیشەسازییانەی لەسەر بنەمای نەوتن لە ژێر کۆنتڕۆڵی دەوڵەتدان، کەواتە دەوڵەت ئەگەر بە هەمان نرخ بە دۆلار نەوت و کاڵاکانی هەناردە بکات، داهاتێک کە بە تمەن دەچێتە گیرفانییەوە، بە دۆلاری ٢٠ هەزار تمەن، پێنج ئەوەندەی جارانە.

هەروەها بانکە سەرەکییەکان لە ئێران، کە زیاترین متمانەیان هەیە و تەنانەت ئەگەر بەراورد بە بانکەکانی کەرتی تایبەت سوودی کەمتریش بخەنە سەر پارەکانی خەڵک، دیسانەوە خەڵک پشت بەوان دەبەستن، هەمووان لەژێر کۆنتڕۆڵی دەوڵەتدان، واتە ئەو پارە زەبەلاحەی بە تمەن وەریان گرتووە و بە دۆلار و بە ئاڵتوون خستوویانەتە گەڕ، بە دۆلاری ٢٠ هەزار تمەنی دیسانەوە پێنج ئەوەندەی جاران دەکات، واتە بە ئاسانی دەتوانێت پارەی خەڵک بە سوودەکەیانەوە بداتەوە و بەشێکی زۆریش بخاتە خەزێنەی دەوڵەتەوە.

ئەوە لە کاتێکدایە، کە هێشتا گەمارۆ ئابورییە سەرەکییەکانی دەوڵەتی ئەمریکا لەدژی ئێران چالاک نەکراون، وابڕیارە لە ڕۆژی ٥-١١-٢٠١٨ ئەو گەمارۆ ئابورییانە بخرێنە سەر ئێران، بەو شێوەیە دەوڵەتی ئێران دەبێتە دوورگەیەکی دوور لە دۆلار، کەو بەو پارەیەی بە تمەن کەڵەکەی کردووە دەتوانێت بۆ ماوەیەک قەیرانە ناوخۆییەکان کۆنتڕۆڵ بکات.

 

س.ح