داکشانی نرخی تمەن و لیرە هەموو ڕیکۆردەکانی شکاند

قەیرانی ئابورییەک کە وڵاتانی ئێران و تورکیای گرتووەتەوە، دوێنێ بە داشکانی هەر کام لە یەکە پارەکانی ئەو دوو وڵاتە گەیشتە قورسترین ئاستی خۆی لە ساڵانی ڕابردوودا.


دوێنێ بەهای تمەن بەرامبەر بە دۆلار گەیشتە نزمترین ئاستی مێژووی خۆی و هەر دۆلارێک بە ١٣ هەزارتمەن مامەڵەی پێکرا، هەروەها هەر دۆلارێک لە بازاڕەکانی تورکیا گەیشتە ٦.٦ لیرە.

بەو شێوەیە هەڵئاوسانی ئابوری لە تورکیا گەشتە بەرزترین ئاستی لە ١٥ ساڵی ڕابردوودا، واتە، ڕێژەی هەڵئاوسان لە مانگی ئابی پارەوە بەراوردبە مانگی ئابی ئەمساڵ گەیشتووەتە ١٧.٩٪.

ئەو ڕێژە زۆرەی هەڵئاوسانی ئابوری بووەتە هۆی گرانبوونی کاڵا و کەلوپەل و بەتایبەت کاریگەری زۆری کردووەتە سەر نرخی ماددە خۆراکییەکان لە تورکیا.

نرخی لیری تورکیا بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی لە سەرەتای ئەمساڵەوە بۆ ئێستا زیاتر لە ٤٠٪ داکشاوە.

هاوکات نرخی تمەن لە سەرتای ئەمساڵەوە بۆ ئێستا زیاتر لە ٢٠٠٪ داکشاوە و بەهای کاڵاکانیش لە ٢٥٪-ەوە بۆ ٥٠٪ زیادی کردووە، تەنانەت لەبارەی هەندێک لە ماددە خۆراکییەکاندا زیاتر لە ٦٠٪ زیادی کردووە.

ئەوە لە کاتێکدایە، کە داهات و مووچەی کاسبکاران و کامەندانی ئەو دوو وڵاتە بەراورد بەو هەڵئاوسانە سەرسووڕهێنەرە ئابورییە نەجوڵاوە لە جێی خۆیەتی.

تێکچوونی دۆخی ئابوری و دارایی ئەو دوو وڵاتە لە کاتێکدایە، کە حکومەتانی هەر دوو وڵات بە بانگەشەی جۆراوجۆر هەبوونی قەیرانی قورس و کاریگەرییەکانی بۆسەر ژیانی خەڵک ڕەتدەکەنەوە.

خاڵی هاوبەشی ڕوودانی ئەو قەیرانانە لە دوو وڵاتی ئێران و تورکیا، یەکەم گەمارۆ ئابورییەکانی دەوڵەتی ئەمریکا لە دژیان بەتایبەتی لە دژی ئێران و دووەمیش شکستهێنانی سیاسەتە شەرخوازانەکانیان لە وڵاتانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پرۆژەکانیان بۆ فراوانخوازی و داگیرکردنی خاکی وڵاتانی دراوسێیە.

داڕمانی دۆخی ئابوری ئەو وڵاتانە لە کاتێکدایە، کە تا ساڵێک پێش ئێستا هەر کامە لە ئێران و تورکیا بەردەوامبوون لە فراوانخوازییەکانیان و داگیرکارییەکانیان و ئەوەشیان وەک بانگەشەیەک بۆ سەلماندنی هێزی حکومەتەکەیان ناودەنا.

بەڵام دەرئەنجامی ئەو فراوانخوازییانە نەک سەرکەوتن و گەشەی ئابوری نەبوو، بەڵکو بەپێچەوانەی بانگەشەکانیانەوە قەیرانی قورسی سیاسی و ئابوری لێکەوتووەتەوە، بەجۆرێک کە هەر دوو وڵاتی تا سنوورەکانی داڕمانی دەسەڵات بردووە.

س.ح