دروێنەکردن دەستیپێکردووە و جوتیاران گەنمەکانیان هەرزان فرۆش دەکەن

لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە و دەشتی شارەزوور دروێنە کردنی گەنم و جۆ دەستپێکردووە، بەڵام ئەمساڵیش جوتیاران لە بری ئەوەی گەنمەکانیان ببنە سایلۆ بە نرخی دیاریکراوی وەزارەتی بازرگانی عێراق بیفرۆشن، بە ناچاریی بە نرخێکی هەرزانتر بە بازرگانانی دەفرۆشنەوە.


ماوەی چەند ڕۆژێکە جوتیارانی دەشتی شارەزوور و سنووری پارێزگای هەڵەبجە دەستیان بە دروێنەکردنی گەنمەکانیان کردووە، ئەمساڵیش وەک ساڵانی ڕابردوو گرفتی وەرنەگرتنی گەنمەکانیان هەیە لە سایلۆکاندا و گومانیشیان هەیە لەوەی لەلایەن حکومەتی عێراقییەوە پارەکانیان پێدەدرێت.

 

 

عەلی مەحمود گرێزەیی، یەکێک لەو جوتیارانەیە کە سەرقاڵی دروێنەکردنی گەنمی ئەمساڵ بوو بە نیگەرانییەوە قسەی بۆ ڕۆژنیوز کرد و وتی: جێگەی داخە کە هەرێمی کوردستان خاوەنی دەشتێکی بەپیتی وەک دەشتی شارەزوورە، بەڵام حکومەتی هەرێم نەیتوانیوە پلانی هەبێت بۆ سوود وەرگرتن لەم دەشتە بەپیت و بەرفراوانە.

 

 

جوتیاران ترسیان هەبوو لەوەی، کە عکومەتی عێراق ئامادەنەبێت تەواوی گەنمەکەیان لێوەربگرێت و پارەکەیان بۆ خەرج بکات، چونکە تا ئێستا تاکە سایلۆی سەیدسادق هەیە، کە گەنم وەربگرێت ئەویش هیچ ڕێنماییەکی بۆ نەهاتووە بۆ وەرگرتنی گەنم، بۆیە ناچار دەبن بە نرخێکی هەرزان بیفرۆشنەوە بە بازرگانەکان و ئەوانیش بیبەن بۆ پارێزگاکانی باشوری عێراق.

 

سۆران ستار، یەکێک لەو بازرگانانەی کە لە گەرمیانەوە هاتبوو بۆ دەشتی شارەزوور بۆ کڕینی گەنمی جوتیاران بە ڕۆژنیوزی وت: ئێمە حەزناکەین هیچ جوتیارێک زیانی پێبگات، بەڵام جوتیارانی هەرێمی کوردستان گەیشتونوەتە ئەو بڕوایەی، کە دەبێت خۆیان خەمی خۆیان بخۆن و ڕێگایەک بدۆزنەوە بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان، بۆیە خۆیان تەلەفۆنمان بۆ دەکەن و داوادەکەن گەنمەکانیان لێبکڕین و ڕاستەوخۆ پارەکانیان پێبدەین.

 

 

بازرگانانی گەرمیان، کیلۆی گەنمی پلە یەک بە نزیکەی ٣٠٠ دینار لە جوتیارانی دەکڕن و دواتر گەنمەکان دەگوازینەوە بۆ ناوچەی گەرمیان و لەوێ‌ بە بازرگانانی عەرەبی دەفرۆشنەوە بە ٤٢٥ دینار، ئەوانیش هەمان گەنم دەبنەوە بۆ سایلۆکانی باشوری عێراق و دەیفرۆشنەوە بە ٥٦٠ دینار بە وەزارەتی بازرگانیی عێراق.

 

جوتیاران داواکارن لە حکومەتی هەرێم کە هەوڵی جدیی بدات بۆ ئەوەی چیتر ستەمیان لێ نەکرێت و گەنمەکانیان لەلایەن سایلۆکانەوە لێوەربگیرێت و گرفتیان بۆ دروست نەکەن، چونکە ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت لە چەند ساڵی داهاتوودا جوتیاران ئامادە نین بەردەوام بن لەکێڵانی زەوییەکانیان.

 

 

بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی لە سایلۆی سەیدسادقەوە بە ڕۆژنیوزدراون، ئەمساڵ بۆ وەرگرتنی گەنم لە جوتیاران لەلایەن وەزارەتی بازرگانییەوە سێ‌ جۆر نرخ دیاریکراوە، ب گەنمی پلە یەک کیلۆی بە ٥٦٠ دینار و گەنمی پلە دوو بە ٤٨٠ دینار و گەنمی پلە سێ بە ٤٢٠ دینار وەردەگیرێت، ئەمە لەکاتێکدایە، کە ساڵی ڕابردوودا چوار هەزار و ١٨٩ تۆن گەنم لە جوتیاران وەرگیرا لە کاتێکدا سایلۆی سەیدسادق توانای وەرگرتنی ٤٠ هەزار تۆن گەنمی هەیە.

 

هەر بە پێی زانیارییەکان، بۆ ئەمساڵ حکومەتی عێراقی بڕیاریداوە بڕی ٣٢٣ هەزار تۆن گەنم لە هەرێمی کوردستان وەربگرێت، لەو ژمارەیەش بڕی ٨٠ هەزار تۆنی بۆ هەریەکە لە سایلۆکانی پیرەمەگرون و ڕانییە و سەیدسادق دیاریکراوە.

 

 

تا ئێستاش بڕی ٣١ ملیار دینار پارەی گەنمی ساڵانی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ و ٢٠١٦ی جوتیارانی سنوری دەشتی شارەزوور لای حکومەتی عێراقی ماوە و هێشتا خەرج نەکراوە.

 

ش.ف