دهۆک، بەرزبوونەوەی نرخ نیگەرانیی لێدەکەوێتەوە

هاوشێوەی شوێنەکانی تر لە شاری دهۆک-یش لە مانگی ڕەمەزاندا خواستی هاوڵاتیان لەسەر کاڵا و خواردن زیاتر دەبێت، لە بەرامبەردا بازرگان و فرۆشیاران نرخ بەرز دەکەنەوە، قائیمقامی شارەکەش دەڵێت: بەرزبوونەوەی نرخ پەیوەندیی بە ڕەمەزانەوە نییە، هەرکەسێکیش نرخ بەرزکاتەوە سزا دەدرێت.


هەموو ساڵێک لە مانگی ڕەمەزاندا، نرخی کاڵا بەتایبەت خواردن لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان-دا بەرز دەبێتەوە، بەر لە دەستپێکردنی ئەو مانگەش لیژنەکانی قائیمقامیەت ڕادەسپێردین بۆ چاودێرییکردنی بازاڕ، بەڵام نەتواندراوە کۆنترۆڵی بەرزکردنەوەی نرخ بکەن.

ڕۆژنیوز سەردانی بازاڕی دهۆک-ی کرد و لەزاری هاوڵاتیان و فرۆشیارانەوە، دۆخی بازاڕ دەگوازێتەوە.

قاسم جەوهەر، کڕیارێکە و بۆ کڕینی شمەک سەردانی بازاڕی کردبوو، باسی لەوەکرد، کە بەهای هەندێک خواردن دوو هێندە تا سێ هێندە بەرزبوونەتەوە.

قاسم، هیوای خواست، کە ئەو فرۆشیارانەی نرخ بەرزدەکەنەوە لەلایەن حکومەتەوە سزا بدرێن، چونکە ئەم مانگە دەقۆزنەوە بۆ بەرزکردنەوەی نرخ.

زەید عەبدولکەریم، فرۆشیارێکی بازاڕەکەیە و بەپێچەوانەی کڕیاران وتی:"هێشتا بازاڕ گەرم نەبووە، بەهای کەلوپەل هەروەک ڕابردووە، بەڵام بەهای هەندێک خواردن گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە".

زەید، بازرگانانی بە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخ تۆمەتبار کرد و وتی:"ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ بازرگانەکان، ئەگەر نرخەکان لەسەر ئێمە زیاد بکەوێت، ئێمەش ناچارین بە گران بیفرۆشین، خەڵک زۆر گلەیی لە ئێمە دەکەن، بەڵام ئەگەر ڕاستییەکە بزانن، ئەوا گلەیی ناکەن".

ئەو فرۆشیارە، داواشی لە هەموو فرۆشیاران کرد، کە لەم مانگەدا هاوکاریی هاوڵاتیان بکەن.

لە بەرامبەردا، جەوهەر عەلی، قائیمقامی قەزای ناوەندی دهۆک، بە ڕۆژنیوزی وت:"ئێمە هەموو ساڵێک لە مانگی ڕەمەزاندا لیژنەکانمان کارا و زیاتر دەکەین، بەر دەستپێکردنی ڕەمەزان سەردانی دووکان، مۆڵ و جوملەفرۆشمان کردووە و داوامان کردووە ئەگەر کەمێکیش بێت، ئەو خواردنانەی، کە تایبەتن بە بەربانگ نرخیان کەمبکەنەوە، بەڵام بەداخەوە  ئەو کلتورە لای ئێمە لاوازە، بەپێچەوانەوە لە بۆنە ئاینیی و نەتەوەییەکاندا هەوڵ دەدەین زیاتر قازانج بکەین".

ئەگەرچی، قائیمقامی دهۆک، باسی لەوەکرد، کە بۆنە ئاینیی و نەتەوەییەکان دەقۆزرێتەوە بۆ بەرزکردنەوەی نرخ، بەڵام ڕاشیگەیاند: بەرزکردنەوەی نرخ هیچ پەیوەندییەکی بە مانگی ڕەمەزانەوە نییە، بەڵکو پەیوەندیی بە یەکخستنی پێناسی گومرگیی هەرێم وعێراقەوە هەیە و هەندێک کەلوپەل گومرگیان چووتە سەر، بەمەش بەهایان بەرزبووەتەوە.

جەوهەر عەلی، ئاماژەی بە هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخ کرد و وتی:"پاراستنی مافی بەرهەمهێنەرانی ناوخۆیە و تا ئەوکاتەی بەرهەمە ناوخۆییەکانی هەرێم و عێراق ساغ دەبنەوە، گومرگی زیاتر لەسەر هەندێک بەرهەمی دەرەکیی دانراوە".

قائیمقامی دهۆک، جەختیکردەوە، کە لیژنەکانیان سەردانی بازاڕ دەکەن و دەبێت نرخی کەلوپەلەکان وەک پێش ڕەمەزان بێت، لە هەر شوێنێک نرخ بەرز کرابێتەوە، نرخەکەیان پێگەڕاندووەتەوە بۆ نرخەکەی پێشوو، فرۆشیارەکەش سزا دراوە، لەسەر خراپی جۆری کەلوپەلەکانیش چەندین شوێنیان داخستووە و تا ئەوکاتەی مەرجەکانمان جێبەجێنەکەن ناکرێنەوە.

ش.ف