دوای ڕێککەوتنی ئۆپیک عێراق لە هەوڵی کەمکردنەوەی خەرجی بەرهەمهێنانی نەوتە

دوای ڕێککەوتنی ئۆپیک، عێراق لە هەوڵی کەمکردنەوەی خەرجی بەرهەمهێنانی نەوتە بۆ ٣٠٪، بۆ ئەو مەبەستەش دانوستانی لەگەڵ کۆمپانیا بیانیە بەرهەمهێنەرەکانی نەوت دەستپێکردووە.


عەبدولحسێن هونەین، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، حکومەتی عێراق ئامادەیە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ کۆمپانیا بەرهەمهێنەرە نەوتیەکانی ناو وڵات بۆ دابەزاندنی خەرجی بەرهەمهێنان بە ڕێژەی ٣٠٪.

ئەو ڕاوێژکارەی سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو هەنگاوە بە ئامانجی کەمکردنەوەی ئەو کورتهێنانەیە کە بەهۆی ڕێککەوتنی ئۆپیک پڵەسەوە لەسەر داهاتی عێراق دروستبووە.

هەریەک لە کۆمپانیا گەورەکانی وەک ئیکسۆن مۆبیلی ئەمریکی، لۆک ئۆیڵی ڕوسی، بی بی بەریتانی و کۆمپانیا چینی و مالیزییەکان نەوتی عێراق بەرهەمدەهێنن.

بەپێی خەمڵاندنەکانی حکومەتی عێراق، ٩٥٪ی داهاتی عێراق لەڕێگەی سەرچاوە سروشتیەکانەوە بەدەست دەهێنرێت.

بەگوێرەی ڕێککەوتنەکەی ئۆپێک پڵەس، عێراق لە مانگی ئایاری داهاتوەوە، لەکۆی سێ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار بەرمیل هەناردەی نەوتی ڕۆژانە، بڕی یەک ملیۆن و ٦١ هەزار بەرمیل کەمدەکاتەوە.

ک.س