دوکاندارانی بازاڕی قەیسەریی داوای پێدانەوەی دوکانەکانیان دەکەن

دوکاندارانی بازاڕی قەیسەریی کەرکوک گردبوونەوە و داوای کردنەوەی بازاڕەکە و پێدانەوەی دوکانەکانیان کرد.


پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بەشێک لە دوکاندارەکانی بازاڕی قەیسەریی کەرکوک گردبوونەوە و داوی ڕادەستکردنی بازاڕەکەیان لە ئیدارەی پارێزگای کەرکوک کرد.

ڕزگار جومعە، یەکێک لەو دوکاندارانە بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن وتی: "زیاتر لە ساڵێک و سێ مانگە ئێمە نەچوویتە سەر کاری خۆمان کە زیاتر لە هەزار خانەوادە بژوێی ژنیان لەسەر ئەم دووکانانەیە، کام لە ئێمە دەتوانێت مانگێک موچەی نەبێت بژی، بەڵام ئێمە زیاتر لە ساڵێکە لە چاوەڕوانی ڕادەستکردنەوەی دوکانەکانمانین، کە بازاڕەکە سووتا بەڵێنیان پێداین لە ماوەی سێ مانگدا دوکانەکانمان ڕادەست بکرێت، بەڵام ساڵێک و سێ مانگە تا ئێستا دوکانەکانمان پێ نەدراوەتەوە".

ئەوەشی ووت: "کاتێک بازاڕەکە سووتا ئیدارەی کەرکوک بەڵێنێ پێداین بە زوویی بازاڕەکە نۆژەن بکاتەوە و بچینەوە سەرکاری خۆمان، ئێستاش نە دووکانەکانمان پێدراوتەوە و نە قەربووی ئەو زیانانە کراوین، بۆیە ئێمە داوا لە ئیدارەی پارێزگای کەرکوک و فەرمانگەی ئاسەواری کەرکوک دەکەین کە بە زوترین کات بازاڕەکە بکاتەوە، تا ئەوەی بچینە سەر کەسابەتی خۆمان".

لە گردبونەوەکەدا ڕێگە بە دەزگاکانی ڕاگەیاندن نەدرا وێنەی قەیسەرەییەکە بگرن بە بیناوی نەبوونی مۆڵەت، بەو هۆیەوە دەمەقاڵێ لە نێوان ڕۆژنامەنوسان و دەزگا ئەمنیەکان دروست بوو.

بازاڕی قەیسەری کەرکوک بە یەکێک لە بازاڕە دێرینەکانی شارەکە دادەندرێت، لە بەرواری ۲٥ مانگی ۱۱ی ساڵی ٢٠١٨ بەهۆکارێکی نادیار ئاگر لە بازاڕەکە کەوتەوە و بەو هۆیەوە ۳٦٥ دوکانی ناو بازاڕەکە سوتا، دواتر ڕێکخراوی تیکای تورکی دەستیکرد بە نۆژەنکردنەوەی بازاڕەکە.

ک.س