دوکانداره‌کانی قه‌یسه‌ری که‌رکوک داوای قه‌رەبوو ده‌که‌نه‌وه‌

دوکاندارانی قه‌یسه‌ری شاری که‌رکوک داوای قه‌رەبووی زیانه‌کانیان ده‌که‌ن، ئه‌ندامێکی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران-یش ده‌ڵێت، ئه‌رکی حکومه‌ته‌ له‌ بوجه‌ی زیانی له‌ ناکاو، قه‌ربووی ئه‌و دوکاندارانه‌ بکاته‌وه‌.


شه‌وی ٢٦ی ئه‌م مانگه‌، به‌ هۆکارێکی نادیار ئاگر له‌ بازاڕی قه‌یسه‌ری که‌رکوک که‌وته‌وه‌، به‌و هۆیه‌وه‌ زیاتر له‌ ٣٠٠ دوکانی بازاڕه‌که‌ به ‌ته‌واوی سوتان، ئیداره‌ی که‌رکوکیش لیژنه‌یه‌کی لێکۆڵینه‌وهی پێکهێنا‌وه‌ بۆ خه‌مڵاندنی زیانه‌کان و هۆکاری ئاگره‌که‌.

محه‌مه‌د عه‌لی، یه‌کێک له‌ دوکانداره‌کانی بازاڕی قه‌یسه‌ری که‌رکوک، بۆ ڕۆژنیوز وتی:" خاوه‌نی دوکانەکان سه‌رجه‌میان قه‌رزارن‌، چونکه‌ ئێمه‌ که‌لوپه‌ل به‌ قه‌رز ده‌هێنین و دواتر دوای ساخکردنه‌وه‌ی پاره‌که‌ ده‌ده‌ین، زیاتر له‌ ٥٠٠ خانه‌واده‌ ڕزقی له‌سه‌ر ئه‌م دوکانانه‌یه‌، تا ئێستا ئێمه‌ش نازانین دوکانه‌کانمان بۆ و چۆن سوتان".

ده‌شڵێت:" داوا له‌ ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا و سه‌رۆک وه‌زیران و لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌کان ده‌کهین، به‌ هانای ئه‌م خه‌ڵکه‌وه‌ بێن و قه‌ربوومان بکه‌نه‌وه‌، چونکه‌ بژێوی ئێمه‌ ته‌نها ئه‌و دوکانانه‌یه‌، دوکانداری وا هه‌یه‌ به‌ به‌های ١٦ ده‌فته‌ر دیناری عێراقی زیانی به‌رکه‌وتووه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ ته‌نها داوای قه‌رەبوو ده‌که‌ینه‌وه‌".

خه‌لیل له‌تیف، دوکاندارێکی دیکەی بازاڕی قه‌یسه‌ری که‌رکوک، بۆ ڕۆژنیوز وتی:" داوکارین زیانلێکه‌وتوان قه‌رەبوو بکه‌نه‌وه‌  و دوکانه‌کانمان بۆ چاک بکه‌نه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر که‌سابه‌تی خۆمان، گه‌ر ئه‌مه‌ش ناکه‌ن، ئه‌وا با ڕێگریمان لێ نه‌که‌ن تا ئه‌وه‌ی خۆمان دوکانه‌کانمان پاک بکه‌ینه‌وه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر کاری خۆمان".

ئه‌و دوکاندارە ڕاشیگه‌یاند:" هۆکاری ئاگره‌که‌ کاره‌با نیه‌، به‌ڵکو پلانێکە بۆ وه‌ده‌رنان و بڕینی نانی خه‌ڵکی هه‌ژار، ئه‌م کاره‌ جیاوازی نیه‌ له‌گه‌ڵ کرده‌وه‌یه‌کی تیرۆریستی، چوونکه‌ له‌ هه‌ر حه‌وت ده‌رگای سه‌ره‌کی چوونه‌ ژووره‌وه‌ی ناو بازاڕه‌که‌ ئاگر به‌یه‌ک جار که‌وتۆته‌وه‌، گه‌ر شۆرتی کاره‌با ببوێت ئه‌وا له‌ یه‌ک جێگاوه‌ ئاگره‌که‌ سه‌رچاوه‌ی ده‌بێت نه‌ک له‌ حه‌وت ده‌رگاوه!‌".

جه‌مال شکور، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی، ده‌رباره‌ی داواکاری دوکانداره‌کان، بۆ ڕۆژنیوز ده‌ڵێت:" لیژنه‌یه‌کی هاوبه‌ش له‌ ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای که‌رکوک و ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق سه‌ردانی قه‌یسه‌ری که‌رکوکمان کردوه‌ و له‌ زیان و هۆکاری ئاگره‌که‌مان کۆڵیوەته‌وه‌، دیاره‌ جگه‌ له‌وه‌ قه‌یسه‌ری بازاڕێکی سه‌ره‌کی شاره‌که‌یه‌، له‌ هه‌مانکادا بازاڕێکی ئاسه‌واری و مێژوویه‌، له‌ ڕووی فه‌رمیه‌وه‌ بازاڕه‌که‌ سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری عێراقه‌، چونکه‌ بازاڕه‌که‌ به‌ بازاڕێکی ئاسه‌واری دانراوه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری سه‌ردانی قه‌یسه‌ری بکات و زیان لێکه‌وتوان قه‌رەبوو بکاته‌وه‌".

ڕوونیشکردووه‌:" ئه‌م بازاڕه‌ شوێنی پێکه‌وه‌ژیانی سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌کانی شاره‌کهیە‌ به‌ سه‌رجه‌م پێکهاته‌کانه‌وه‌، ناکرێت لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار پشت له‌ هاوڵاتیان بکات، بۆیه‌ ئێمه‌ دواکاری دوکانده‌ره‌کان ده‌گه‌یەنینه‌ حکومه‌تی عێراق و داوای به‌دواداچوون بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌که‌ینه‌وه‌".

 

 

ک.ک