دیلۆیت ١٢ ڕاپۆرتی وردبینی نەوتی هەرێمی بڵاونەکردووەتەوە

کۆمپانیای دیلۆیت ١٢ ڕاپۆرتی وردبینی نەوتی هەرێم بۆ ساڵەکانی (٢٠١٥ - ٢٠١٦ - ٢٠١٩) ی بڵاونەکردووەتەوە و حکومەتی هەرێمیش لەوبارەیەوە وەڵامی پەرلەمان ناداتەوە، دیوانی چاودێریی داراییش ڕێگریی لە بەدواداچونەکانی دەکرێت.


دوای دەستپێكردنی سیاسەتی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان بە سەربەخۆیانە و بێ‌ گەڕانەوە بۆ بەغدا لە ئایاری ٢٠١٤، ڕەخنەی زۆر لەسەر پرۆسەکە سەریهەڵدا.

لەژێر گوشاردا و لە ١٦/١٠/٢٠١٦ حکومەتی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیای دیلۆیت ڕێککەوتنێکی واژۆ کرد و ڕێگەی دا بە وردبینیکردنی پڕۆسەی بەرھەمھێنان و ھەناردەکردن و بەکاربردن وفرۆشتن وخەرجی و داھاتی نەوتی ھەرێمی کوردستان.

کۆمپانیای دیلۆیت لە ساڵی ٢٠١٧ و دوای نزیکەی ساڵێک و دوومانگ لەو گرێبەستەی لەگەڵ حکومەتی هەرێم واژۆی کردبوو، یەکەم ڕاپۆرتی خۆی لە ڕێکەوتی ١٣ی کانونی دووەمی ٢٠١٨دا بڵاوکردەوە.

لەسەرەتای دەستپێکی نەوت دەرھێنان و فرۆشتنییەوە بۆ یەکەم جار لە ساڵی ٢٠٠٢ بەدواوە تا ساڵی ٢٠١٢، حکومەتی هەرێم نزیکەی ٤٢ گرێبەستی نەوتی لەگەڵ زیاد لە ٢٥ کۆمپانیای بیانی جۆراوجۆردا لە ٥٠ بلۆکی نەوتییدا ئەنجامداوە.

بەپێی ئەو چەند ڕاپۆرتەی کە دیلۆیت لەسەر وردبینی نەوتی هەرێم بڵاویکردووەتەوە، دەردەكەوێت مانگانە حكومەتی هەرێم لەهەوڵدایە بۆ دانەوەی بڕێكی زۆری قەرزی كۆمپانیاكان كە خۆی دەبینێتەوە لە نێوان ٣٥٠ بۆ ٨٣٩ ملیۆن دۆلار.

گرێبەستەکەی حکومەتی هەرێم و کۆمپانیای دیلۆیت بەجۆرێک واژۆ کراوە، کە دیلۆیت بەرپرسیار نییە لە بۆچوون یان خستنەڕووی هەر نادروستییەك، بەوپێیەی داتاو ئامارەکان لەلایەن ئەنجومەنی هەرێمی بۆ كاروباری نەوت وگازی هەرێمی كوردستانەوە وەریاندەگرێت.

هاوکات دیلۆیت تەنها لەبەردەم ئەنجومەنەکەدا بەرپرسیارە لەبەردەم ڕاپۆرتەکاندا، هەرچەندە دیوانی چاودێریی داراییش بەپێی گرێبەستەکە مافی بەدواداچوونی هەیە، بەڵام بەوتەی خۆیان بەهەموو شێوەیەک ڕێگرییان لێ دەکرێت وردبینی بکەن، جگە لەوەش وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و پەرلەمانیی هەرێمی کوردستانیش مافی ئەوەیان نییە وردبینیی لە پرۆسەکەدا بکەن.

ئەنوەر کەریم، شارەزای ئابووریی ڕایدەگەیەنێت، دەبوو لیژنەی نەوت و گازی حکومەتی هەرێم بە دیلۆیت بڵێن، کە بۆچی ڕاپۆرتەکانی بڵاوناکاتەوە؟، لەکاتێکدا سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و حکومەتی ناوەند بە هاوبەشی خەرجی دیلۆیت دەدەن تەنها بۆئەوەی شەفافیەت زیاد بکرێت لە کەرتی نەوتی هەرێم.

لەبارەی شەفافیەتی کارەکانی دیلۆیتەوە ئەنوەر کەریم، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: کێشەی دیلۆیت ئەوەیە ژمارە و داتاکانی لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە پێ دەدرێت و خۆی ناچێتە سەر کێڵگە نەوتییەکان یان بەندەری جەیهانی تورکی بۆئەوەی بزانێت ئایا لەوێوە چەند نەوت هەناردە دەکرێت.

دیلۆیت، یەكێكە لە چوار كۆمپانیا گەورەكانی جیهان بۆ وردبینی و ژمێریاریی و ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ حکومەتی هەرێمیش بەوجۆرەیە، کە تەواوی وردەکاریی لە بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوت بڵاوبکاتەوە، بەڵام وەک شارەزایانی ئابووریی دەڵێن، دیلۆیت لە ڕاپۆرتەکانیدا هیچ کات باسی ئەو وڵاتانە ناکات کە نەوتی هەرێم دەکڕن، یان ئاماژە بەو کۆمپانیایانە نادات، کە حکومەتی هەرێم قەرزاریانە، یان ئەو کۆمپانیایانەی کڕیاری نەوتی هەرێمن.

ئەنوەر کەریم باس لەوە دەکات، دیلۆیت شەفاف نییە، لەبەرئەوەی بڕیارەکانی "E.I.T.I" سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان کە تایبەتە بە شەفافیەت، جێبەجێ ناکات و لە ڕاپۆرتەکانیدا تەنیا داتاو زانیارییەکانی خستووەتەڕوو بەبێ باسکردنی کەموکورتییەکانی کەرتی نەوت.

ئەو شارەزایەی ئابووریی دەڵێت، لەسەدا ٣٣ی داهاتی نەوتی هەرێم یان بەهەدەر دەدرێت یان دیارنامێنێت، گوایا حکومەتی هەرێم نەوت بە هەرزان دەفرۆشێت، بەڵام لیژنەی نەوت و گازی هەرێم نرخەکان بەوجۆرە دەداتە دیلۆیت کە خۆی دەیەوێت.

ئەنوەر کەریم گەندەڵییەکی تری حکومەتی هەرێم و دیلۆیت ئاشکرا دەکات و دەڵێت، پارەیەکی تر لەو نێوەندەدا هەیە کە بۆ کۆمپانیا سکیوریتییەکان تەرخان کراوە و لە هەر بەرمیلێک نزکەی شەش دۆلار و ٢٠ سەنتیان بۆ تەرخانکراوە، لە کاتێکدا ئەم کۆمپانیایانە سەر بە حزبەکانن و پێویست بوو حکومەت لەبری ئەمە لیواکانی نەوت و گاز بخاتە شوێنی ئەو کۆمپانیایانە.

دەشڵیت: لە راپۆرتەكانی دیلۆیتدا هەرگیز ئاماژە بەبڕی ئەو پارەیە نەكراوە كە حكومەت وەك شیرینی گرێبەست وەریگرتووە چۆن ئەم پارەیە خەرجكراوە ئەگەر ئەم كۆمپانیایە وردبینی دەكات پێویستە بڕوات بەدوای ئەم پارانەدا بگەڕێت.

لە ساڵی ٢٠١٧دا، کۆمپانیای دیلۆیت دوو ڕاپۆرتی دەربارەی داهاتی نەوت و ڕێگەکانی فرۆشتنی نەوتی بڵاوکردووە، بۆ ساڵی ٢٠١٨ بۆ هەر سێ مانگ جارێک ڕاپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە، دوا ڕاپۆرتیشی سەبارەت بە سێ مانگی کۆتایی ساڵی ٢٠١٨یە کە لە ٣٠ی ئایاری ساڵی ٢٠١٩ بڵاویکردووەتەوە، لە دوای ئەوەی هیچ ڕاپۆرتێکی دەربارەی ساڵی ٢٠١٩ بڵاونەکردووەتەوە.

لای خۆیەوە شێرکۆ جەودەت، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان دەربارەی بەدوداچوون بۆ بڵاونەکردنەوەی ڕاپۆرتی دیلۆیت وتی: حکومەت ڕێگریی دەکات پەرلەمانتاران و دیوانی چاودێری دارایی بەدواداچون و وردبینی بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و چەند وەزارەتێکی دیکە بکەن، بەتایبەت کەرتی نەوت و ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت.

شێرکۆ جەودەت لە فراکسیۆنی یەکگرتوو بۆ ڕۆژنیوز وتیشی: کەرتی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستاندا بە دۆخێکی ناشەفافدا دەڕوات و حوکمڕانیی لە هەرێمی کوردستان دەخاتە بەر مەترسی جدییەوە.

بە تەنها پەرلەمانتارانی دەرەوەی دەسەڵات نین کە تێبینی و ڕەخنەیان لە ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت هەیە، بەڵکو لەناو فراکسیۆنەکانی دەسەڵاتیش لە پەرلەمان ڕەخنە لە ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت دەگیرێت.

سەرکۆ ئازاد گەڵاڵی، بڕیاردەری لیژنەی وزە و سامانە سروشتیەکانی پەرلەمان لە فراکسیۆنی سەوز لەبارەی دوایین ڕاپۆرتی کۆمپانیاکەوە دەڵێت: ناڕوونیەکی زۆر لە داهاتی بە دەستهاتووی نەوت لەو سێ مانگەی ڕابردوودا دەبینرێت.

سەرکۆ گەڵاڵی، لە ڕاگەیەنراوێکدا دەربارەی دوایین ڕاپۆرتی بڵاوکراوەی دیلۆیت ئاماژەی بەوە کردووە، لە کۆی نەوتی خاوی فرۆشراو کە دەکاتە دوو ملیار و ١٢٥ ملێون دۆلار، بڕی یەک ملیارو ٤٥٦ ملێون دۆلار بە شێوەیەکی ناشەفاف و ناڕوون و گوماناویی خەرجکراوە، کە دەکاتە زیاتر لە نیوەی داهاتی نەوت.

گەڵاڵی دەشڵێت، ملێونان دۆلار بە ناڕوونی و گەندەڵییەوە بۆ چه‌ندین کۆمپانیا خەرجکراوە به‌ناوی پێشکه‌شکردنی خزمه‌تگوزاریی و سکیوریتی.

زیاتر لە حەوت مانگە کۆمپانیای دیلۆیت راپۆرتی خۆی لەسەر فرۆشتن و هەناردە کردنی نەوتی هەرێم بڵاونەکردووەتەوە، دوایین ڕاپۆرتی لە ٣٠ی ئایاری ٢٠١٩دا بوو لەسەر خەرجی و داهاتی سێ مانگی کۆتایی ٢٠١٨ بوو.

بڵاونەکردنەوەی ڕاپۆرتی دیلۆیت لە کاتێکدایە، سەرباری خۆپشاندانەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق، حکومەتی ناوەندی هەموو مانگێک راپۆرتی فرۆشتن و داهات و بەرهەمی نەوتی بڵاوکردووەتەوە.

ش.ف