دەستەی ئامار: ٧٣٪ی هاوڵاتیانی هەرێم کێشەی ئابوورییان بۆ دروستبووە

دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان ئاشکرایدەکات، زیاتر ٧٣٪ی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەدەغەی هاتووچۆوە ڕوبەڕووی کێشەی ئابووریی بوونەتەوە.


ماوەی چەند ڕۆژێکە، دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان ڕاپرسییەكی لەبارەی کاریگەری ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان بە شێوەی ئۆنلاین بڵاوکردووەتەوە و تا ئێستا زیاتر لە دوو هەزار كەس بەشدارییان تێدا كردووە، زۆرینەی بەشداربووان دانیشتووی هەولێرن، هەروەها ٣٠.٣٪ی بەشداربووان ژنن و ٦٩.٧٪ پیاون.

بەپێی ئەو ئانجامەی خراوەتەڕوو، بەهۆی قەدەغەی هاتووچۆوە، ٤١.٨٪ی هاوڵاتیان ڕوبەڕووی بێکاریی بوونەتەوەو و ٧٣.٤٪ ی هاوڵاتیان کێشەی ئابوورییان بۆ دروست بووە.

هەروەها، ٢٨.٦٪ ی هاوڵاتیان ڕوبەڕووی کێشەی تەندروستی بوونەتەوە، ٢٥.٧٪ یش کێشەی کۆمەڵایەتی و خێزانییان بۆ دروستبووە، ٢٤.٤٪یش کێشەی پەروەردەییان بۆ دروستبووە.

هەر بە پێی ڕاِپرسیەكە ٩١%ی هاوڵاتیان پێیان باشە بۆ خۆ پارێزیی لە کۆرۆنا، قەدەغەی هاتوچۆ درێژبكرێتەوە و ٦٧.٨٪ی بەشداربووانیش نازانن تووشی ئەو ڤایرۆسە دەبن یاخود نا.

ڕاپرسییەکە ئاشکرای کردووە، ٣٣.٤٪ی بەشداربوون دووچاری دڵەڕاوكێ و ترس بوون، ٦٧.٤٪ی هاوڵاتیانیش پابەندی ڕینماییەكانی وەزارەتی تەندروستی بوون، ٦٢.٤٪ی هاوڵاتیانیش لە ڕێكارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕازین كە گرتویەتیەبەر بۆ ڕووبەرووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

لە ڕۆژی ١٤ی ئەم مانگەوە حکومەتی هەرێم كۆمەڵێك ڕێكاری بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەستپێکردو دواتریش قەدەغەی هاتووچۆی گشتیی بەدواوە هات.

بەپێی دوایین ئاماری قوربانیانی ڤایرۆسەکە لە هەرێمی کوردستان، کۆی گشتی توشبووان گەیشتووەتە ٩١ حاڵەت و دوو گیانلەدەستدان.

ش.ف