زەریف بۆ ترامپ: هەڕەشە لە ئێران مەکە، ڕێز بگرە، وەڵام وەردەگری

وەزیری دەرەوەی ئێران، وەڵامی هەڕەشەکەی ترامپ دەداتەوە و دەڵێت: "هەڕەشە لە ئێران مەکە، ڕێزگرتن تاقی بکەرەوە، وەڵام وەردەگری".


دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو موشەکێک ئاراستەی نزیک باڵیوزخانەی ئەمریکا، لە ناوچەی سەوزی بەغدا کرا، دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا، بەتوندی هەڕەشەی لە ئێران کرد و وتی: "ئەگەر ئێران بە نیازی شەڕە، ئەوا بە فەرمیی کۆتایی پێدەهێنین، هەرگیز هەڕەشە لە ئەمریکا مەکە"، ئەمڕۆش محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران وەڵامی هەڕەشەکەی ترامپی دایەوە.

زەریف لەسەر هەژماری تویتەری خۆی نووسیویە: "دۆناڵد ترامپ بە هاندانی تیمی B بە هیوایە شتێکی دەستکەوێت، کە ئەسکەندەر و جەنگیز بەدەستیان نەهێناوە، ئێرانییەکان ماون و دەستدرێژیکارەکان چوون، تیرۆریزمی ئابووری و هەڕەشەی کۆمەڵکوژی، کۆتایی بەکاری ئێران ناهێنێت، هیچکات هەڕەشە لەئێرانی مەکە، ڕێزگرتن تاقی بکەرەوە، وەڵام وەردەگری".

تادێت ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئیران قووڵتر دەبێتەوە و ئەمریکا بەهێنانی کەرەستەی پێشکەوتووی شەڕ بۆ ناوچەکە، ئامادەکاری شەڕ دەکات، لە لایەکی دیکەشەوە ئێران ڕەتیدەکات لەگەڵ ئەمریکا دانوستان بکات.

ک.س