سلێمانی، بەرهەمی کارگە ناوخۆییەکانی هەرێم لە بازاڕێکدا نمایش دەکرێت

لە شاری سلێمانی بازاڕێک بۆ نمایشکردنی بەرهەم و کاڵای کۆمپانیا و کارگە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان کراوەتەوە، بازاڕەکە ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت و تێیدا ٣٥ کارگە و کۆمپانیا بەرهەمەکانیان نمایشکردووە.


پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە کارگەی جگەرەکەی شاری سلێمانی، بازاڕێک بۆ ناساندن و نمایشکردنی بەرهەمی کارگە و کۆمپانیا ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان کرایەوە.

چەند گەنجێکی خۆبەخش دەستپێشخەریی کارەکەیان کردووە و کارگە و کۆمپانیاکانیان هێناوەتە لای یەک، ٣٥ کارگە و کۆمپانیای ناوخۆیی لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان بەرهەمەکانیان لە بازاڕەکەدا نمایشکردووە.

ئەو بەرهەمانەی کە کۆمپانیا و کارگە ناوخۆییەکان لە بازاڕەکەدا نمایشیانکردبوو، بریتین لە: خوارەمەنی، جلوبەرگ، کەرەستەی پاککەرەوە، کاری دەستیی، قاپ و قاچاخ و چەندین بەرهەمی ناوخۆیی دیکە.

کارگەی لووکس پاریس، براندێکی پاککەرەوەیە و لە ساڵی ٢٠١٣ەوە لە شاری هەولێر دامەزراوە، مانگانە لە توانایاندایە ٣٠٠ هەزار کارتۆن کەرەستەی پاککەرەوە بخاتە بازاڕەوە، بەرهەمەکانیشی جگەلەوەی لە شارەکانی هەرێمی کوردستان دەفرۆشێت، دەینێرێت بۆ بەشێک لە شارەکانی عێراقیش.

شەفیق تەها، خاوەنی کارگەی لووکس پاریس لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنیوز گلەیی لە حکومەتی هەرێم دەکات، کە هاوکاریی کارگەکەیان ناکات و دەڵێت: حکومەت بەهیچ شێوەیەک هاوکارییمان ناکات لە ساغکردنەوەی بەرهەمەکان، ئەگەر بێتوو هەر سێ مانگ جارێک بازاڕێکی لەم شێوەیە لەلایەن حکومەتەوە بکرێتەوە، خەڵکیش بەرهەمە ناوخۆییەکان دەناسێت و ڕوویان لێدەکات.

کۆمپانیای نەحبیل-یش کە لە شاری سلێمانی دامەزراوە و جلوبەرگی پیاوان بەرهەمدەهێنێت، بەرهەمەکانیان لە بازاڕەکەدا نمایشکردبوو، کارگەکە ١٠ جۆر جلوبەرگی پیاوان بەرهەمدەهێنێت و مانگانە لە هەر جۆرێکیان ١٠٠ دانە دەخاتە بازاڕەوە، خاوەنی کارگەکەش دەڵێت: ئەگەر هاوکاریش بکرێن، دەتوانن ئاستی بەرهەمەکانیان بەرزتربکەنەوە.

ڕەوەند ئەحمەد، بەڕێوبەری کارگەی نەحبیل، بۆ ڕۆژنیوز دەڵێت: لەم کاتەدا کە بایکۆتی کاڵای تورکی کراوە، زۆرمان هەوڵدا کە بەرهەمی ناوخۆیی زیاتر پەرە پێبدەین، دەمانەوێت ئەو پەیامەش بە دەرەوە بدەین، کە ئێمە بەرهەممان زۆرە و خەڵک پێویستی بەوە نییە لە دەرەوە بەرهەم بکڕێت.

کردنەوەی ئەم پێشانگایە لەکاتێکدایە، لە دوای هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، هەڵمەتی بایکۆتکردنی کاڵا و شمەکی تورکی بەشێوەیەکی بەربڵاو سەرانسەری هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، ئێستا خەڵک زیاتر ڕوو لە بەرووبوومە ناوخۆییەکان دەکەن، بەڕای خاوەن کارگەکانیش، کردنەوەی لەم چەشنە پێشانگا و بازاڕانە، دەتوانێت زیاتر خەڵک بەلای بەرهەمە ناوخۆییەکاندا ڕابکێشێت.

لانە محەمەد، یەکێکە لە ڕێکخرانی بازاڕەکە، ئەو لەبارەی ئامانجەکەیەوە بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت و دەڵێت: لەوانەیە ئەمە ژمارەیەکی کەمی کارگە و کۆمپانیا ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان بێت، ئامانجمان ئەوەیە کە خەڵک بزانێت بەرهەمی ناوخۆییمان هەیە بە هەمان کوالێتی، پێمان خۆشە خەڵک زیاتر گرنگیی بە بەرهەمە ناوخۆییەکان بدات، لەچاو بەرهەمێک کە لە دەرەوە دروستبکرێت، چونکە بەرهەمەکانی خۆشمان هەموویان زۆر باشن.

ئەم بازاڕە ماوەی دوو ڕۆژ لەناو کارگەی جگەرەکەی سلێمانی بەردەوامیی دەبێت، لە یەکەم ڕۆژیشدا هاوڵاتیان پەیتا پەیتا سەردانیان دەکرد و پێداویستییەکانی ژیانی ڕۆژانەیان تێدا بەدەستدەهێنا.

د.ع