سلێمانی، ملیاردێك دیناری‌ مووچەی‌ فەرمانبەرانی نەخۆشخانەی شار دزرا

بەر لەوەی مووچەخۆرانی نەخۆشخانەی "شار" لە سلێمانی، یەكەم مووچەی بێ پاشەكەوت بۆ ئەم مانگە وەربگرن، سەرجەم مووچەكەیان كە بڕەكەی یەك ملیار دیناربوو لەلایەن چەند چەكدارێكەوە دزرا.


سەرچاوەیەك لە نەخۆشخانەی شار، بە ڕۆژنیوز-ی ڕاگەیاند، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لەكاتێكدا تیمێكی نەخۆشخانەی شار چوون بۆ ئەوەی پارەی مووچەی كارمەندان و پزیشكانی نەخۆشخانەی شار، لە بانكی‌ گۆیژە لە گەڕەكی تووی‌ مەلیك-ی شاری سلێمانی وەربگرن، دوای‌ ئەوەی‌ بڕی‌ یەك ملیار دینار پارەی‌ مووچەی‌ كارمەند و پزیشكەكانیان وەرگرتووە لە بانكەكە، لە كاتی گەڕانەوەیاندا لەلایەن ئوتۆمبێلێكەوە كە چەند چەكدارێكی تێدابووە ڕێگەیان پێگیراوە و سەرجەم پارەكەیان بردووە.

سەركەوت ئەحمەد، بەڕێوەبەری‌ ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی‌ بەڕێوەبەرایەتی‌ پۆلیسی‌ سلێمانی‌ ڕایگەیاندووە، دەستیان بەلێكۆڵینەوە و بەدواداچوون كردوە بۆ دۆزینەوەی‌ ئەوكەسانەی‌ پارەكەیان بردووە.

دوای چوارساڵ لە جێبەجێكردنی پاشەكەوتی مووچە، بڕیاربوو ئەمڕۆ ئەو كارمەند و پزیشكانە یەكەم مووچەی بێ پاشەكەوت وەربگرن، بەڵام بەر لەوەی مووچەكە وەربگرن سەرجەم موچەكانیان براو تائێستاش چارەنووسی دیار نییە.

ك.س