سلێمانی پێویستی به هاوردەکردنی مریشک نه‌ما‌

به‌هۆی زیادبوونی پرۆژه‌ په‌له‌وه‌رییه‌كان و پڕكردنه‌وه‌ی بازاڕ به ‌به‌رهه‌می ناوخۆ، سلێمانی پێشنیاری دانانی باج له‌سه‌ر گۆشتی مریشكی هاورده‌كراو بۆ وه‌زاره‌تی دارایی ده‌كات و بە وتەی جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری كشتوكاڵ-یش "بۆ ساغکردنەوەی مریشکی ناوخۆ لە داهاتوویه‌كی نزیكدا پێویستمان به‌ دۆزینه‌وه‌ی بازاڕی نوێیه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم".


بەپێی ڕاگەیەندراوێکی دیوانی قائیمقامییەتی ناوەندی پارێزگاری سلێمانی، کە وێنەیەکی بۆ ڕۆژنیوز نێردراوە، دوێنێ ئاوات محەمەد، قائیمقامی قه‌زای مه‌ڵبه‌ندی سلێمانی، له‌دیوانی قائیمقامیه‌ت لەگەڵ لیژنەی دیاری كردنی بەروبومی ئاژەڵی و پەلەوەری پارێزگای سلێمانیدا كۆبووەتەوە و تێیدا بڕیاردراوە پێداچونەوە بەبڕی ئەو بەروبوم و پێداویستیانەدا بكرێت كە هاوردەی پارێزگای سلێمانی دەكرێت.

دوای كۆبونه‌وه‌كه‌ رزگار حەمەد ‌خدر، جێگری بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی سلێمانی رایگه‌یاند: له‌م وه‌رزه‌دا و به‌هۆی زیادبوونی پرۆژه‌ی په‌له‌وه‌رییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی ئاسۆیی، به‌رهه‌می پرۆژه‌كان له‌توانایدا هه‌یه‌ پێداویستی بازاره‌كانی ناوخۆ پڕ بكاته‌وه‌، بۆیه‌ لیژنه‌ی دیاری كردنی بەروبومی ئاژەڵی و پەلەوەری پارێزگای سلێمانی، له‌ڕێی پارێزگاری سلێمانییه‌وه‌ داوا له‌ وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و دارایی ده‌كات باج له‌سه‌ر گۆشتی مریشكی هاورده‌كراو دابنرێت.

ڕزگار حەمەد وتی: بۆساخكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌می پرۆژه‌ په‌له‌وه‌رییه‌كانی سلێمانی، له ‌داهاتوویه‌كی نزیكدا پێویستمان به‌ دۆزینه‌وه‌ی بازاڕی نوێیه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم، بۆیه‌ داوای دانانی پرۆژه‌یه‌كمان كردووه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی بازار و به‌ سیستمكردنی هه‌ریه‌ك له‌ سه‌ربڕین و عه‌مباركردن و فرۆشتنی به‌رهه‌مه‌كان خۆی ده‌بینێته‌وه.

وتیشی: له‌ پێناو دابینكردنی گۆشتێكی ته‌ندروست بۆ هاوڵاتیان لیژنه‌كه‌ بڕیاری داوه‌ هاورده‌كردنی مریشك له‌ پارێزگاكانی تری عێراقه‌وه‌ بۆ شاری سلێمانی‌ به‌بێ پشتگیری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڤێرتێنه‌ری و پاش تێپه‌ڕبونی گۆشته‌كه‌ به‌ سیستمی پشكنینی ته‌ندروستی ڕێگه‌ به‌هاورده‌كردنی ده‌درێت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ له‌لایه‌ن ئاسایشی ئابورییه‌وه له‌بازگه‌كان‌ ده‌ستی به‌سه‌ردا ده‌گیرێت.

رزگار حمد ‌خدر: ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد؛ بۆ خزمه‌تكردنی به‌ جوتیاران و دورخستنه‌وه‌ی نه‌خۆشی و مه‌ترسی له‌سه‌ر كێڵگه‌ و به‌رهه‌مه‌كانیان، داوا له‌ پاسه‌وانی سنور كراوه‌ كه‌ رێگری بكه‌ن له‌ هاورده‌كردنی جوجكه‌ به‌ شێوه‌ی قاچاخ، هه‌روه‌ها سزادانی ئه‌و كێڵگانه‌ی به‌سه‌رپێچی دروستكراون.