
سلێمانی: ڕێژەی هاوردەكردنی پەلەوەر و ئاژەڵ کەمدەکرێتەوە
بەهۆی زیادبوونی بەروبوومی ناوخۆیی ڕێژەی هاوردەكرنی پەلەوەر و ئاژەڵ، لەم مانگەدا كەمدەكرێتەوە و هاوردەكردنی هێلكەش هاوشێوەی مانگەكانی دیکە قەدەغەیە.
ئەمڕۆ ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ لیژنەی دیاریكردنی بەروبومی ئاژەڵی و پەلەوەری پارێزگای سلێمانیدا كۆبووەوە، پاش هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی بەرهەمهێنانی بەروبومی ناوخۆیی بڕیاردرا پێداچونەوە بەبڕی ئەو بەروبوم و پێداویستیانەدا بكرێت كە هاوردەی پارێزگاكە دەكرێت.
دەربارەی بەربوومی ناوخۆیی قائیمقامی سلێمانی ڕایگەیاند: وەك هەمیشە بایەخ و گرنگی تەواو بەبەروبومی خۆماڵی و پرۆژە كشتوكاڵییە ناوخۆییەكان دەدەین.
لای خۆشیەوە ڕزگار حەمەد خدر، جێگری بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی سلێمانی وتی: بەهۆی زۆربوونی پرۆژە كشتوكاڵییەكان و بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمی ناوخۆ، پشتگیری لە جوتیاران و پرۆژە كشتوكاڵییەكان، لە ئێستادا بەرووبومە پەلەوەرییەكان تا ئاستی لەسەدا ٩٠ بەرهەمی ناوخۆ پڕدەكاتەوە.
ئاماژەی بۆئەوەشكرد، لە هاوردەكراوەكان ڕەچاوی زیادبوونی بەرهەمی ناوخۆ و كەمبوونەوەی بەكارهێنان لەوەرزەكاندا كراوە، هەربۆیە لیژنەكە بۆ ئەم مانگە بڕیاریداوە ٣٠٠ تۆن مریشكی بەستوو و ٨٠٠ تۆن ماسی و ٥٠٠ تۆن گۆشتی سور هوردەبکرێن و هەروەها ڕێگە بە هاوردەكردنی سێ هەزار و ٧٥٠ سەر ئاژەڵ بدرێت و هاوردەكردنی هێلكەش هاوشێوەی مانگەكانی دیکە قەدەغە بكرێت.
ک.س